
ئهسعد عهدۆ
بهر له (32)ساڵدا، ئهم بابهته لە رۆژنامهی رۆژانهی (برایەتی) ژمارە (1622) رۆژی 17/4/1993 بڵاوكراوەتەوە دەگێڕنەوەو دەڵێن: لەوكاتەی مەهابادی قیبلەگای كورد جوانەمەرگ بوو .. هێندەی پێ نەچوو (بینایی)ش، بەسۆزی ئەوە لەچوارچرا شەهیدكرا، هێشتا فرمێسكی سابڵاخیان وشك نەببوو جەرگی گەوهەرخانمی دایكی ئەو سێ شەهیدە پاڵەوانەی سەقز كە (بە دەستی شـا قەت كەسی نەما)كوون كوون بوو ! سەرەڕای سەدان بەڵكو هەزاران تێكۆشەری قارەمان بە دەستی ئەرتەشی شاهنشاهی بنگومكران و هەزارانیش دەربەدەر.
رۆڵهی خانەدانی گوندی (لاچین) لەكاتی جوانەمەرگبوونی مەهاباد نیمچە شاعیرێك بوو، هەر بەو دەردەوە لە سابڵاخ وەدەردەكەوێ بە گوندی (ئیندەرقاشە)وە، بەرەو گوندی (دەرمان) لە وێوە بۆ ناوچەی (شاروێران) ئینجا بە چیا سەختەكەی (زاوابووك) هەڵدەگەڕێ .. دووبارە شۆڕدەبێتەوە تا لەسەر تەپكی (داشامجید) بەچاوی بە فرمێسك و بە قوورگگیراوی سەیری بنەگەو رەشماڵی موكریان دەكا، ئینجا سەر هەڵدەگەڕێ بەرەو قیبلەی ئاوات و ئارەزووی كورد دەكەوێتە رێ بە مەبەستی بەشداربوونی لە شۆڕشی مەزنی ئهیلوول .
هەروەك دەگێڕنەوە : شاعیرێكی مەهابادی جوانەمەرگ بە نێوی (صۆفی حەسەن) دەگاتە گوندی شیناوێی كوردستانی ئێراق هاوسەنگەرەكانی زۆر بە گەرمی پێشوازی دەكەن قۆناغ بە قۆناغ، شاخ بە شاخ صۆفی حەسەن ئاشنایی دەگەڵ قەندیل و كێوەرەش پەیدا دەكا هەروەك لە پێشتر دەگەڵ زاوابووك و خەزایی، بەوجۆرە تا بەسۆزی شاعیریەوە مۆم ئاسا خۆی دەسوتێنێ و لە شینگوتاقەت دەكەوێ و بە هەناسە ساردی لە ژوورێكی ساردوسڕی شاری بەغدا پاڵ دەكەوێ .. جگە لە زوبانە شیرینەكەی هیچی تری وەدەست نامێنێ بەڵام رەشورووتی وڵاتەكەمان هەردەم بە خۆزگەی خزمەتكردنی ئەو شاعیرە بوونە، چونكە ئەو دەردەی ئەو پێوەی ناڕەحەت بوو دەردێكی تایبەتی یا شاعیری نەبووە هەروەك خۆی دەڵێ :
رۆژگار هاڕیومی وەك ئەسپونی ورد
هێزوتوانای لێ بڕیوم دەردە كورد
بەڵكو دەردی نەتەوەیەك بوە، وەك دەڵێ:
شیوەنی من شینی كوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەكەن لێی و هەشە
صۆفی حەسەنی شاعیر (10) ساڵی تەمەنی لە نێوان شیناوێ و بەغدا بە شیعراندن دەباتە سەر، بۆیە دەڵێ:
صۆفی كونجی خانەقا بووم ئێستا پیری مەیكەدەم
زاهیدی خەڵوەت نشین بووم ئێستا مەست و مەیزەدەم
یان دەڵێ:
وەك شەپۆڵی زێی خووڕم ساتێ هەدادانم نیە
گێژ دەخۆم پێچێ دەدەم من رۆڵە كوردی ئەم سەدەم
گوایە صۆفی حەسەن لەوكاتەی هاتۆتە كوردستانی ئێراق لە ماڵە ناسیاوێكی لە قەڵادزێ میوان دەبێ .. ئەو ماڵەیش كچۆڵەیەكی (پارچەرەیان) دەبێ، لەوكاتەی كچەكە دەگاتە رادەیەكی خوێندن و چاوی بە شیعرو نووسراوی مامۆستا هێمن موكریانی دەكەوێ زۆر عەوداڵی دەبێ ! بۆیە رۆژێكیان نامەیەكی پڕ لە پرسیاری بۆ دەنێرێ و دەڵێ : دەبێ رۆڵەی لاچین چی بێ ؟ ئەویش واتە مامۆستا هێمن بەم شیعرە وەڵامی دەداتەوە:
بۆت نوسیوم بۆت بنووسم ئەمن چیم؟
دوندی قەندیل گۆڕپانی هەڵگورد نیم
بەرەو بەرزی دەچم ئهگەرچی وردم
خاكی بەر پێی تێكۆشەرێكی گوردم
بەڵام دەبێ مامۆستا هێمن كوردستانی وەڵامی سەرۆكی بەشی مێژووی زانكۆی بوڵگاریای چۆن دابێتەوە .. كە لێی پرسیوە : بوڵگاریات چۆن دێتە پێش چاو؟
هێمنی شاعیریش دەڵێ : ئەو شاخەی رۆژهەڵات بە هەڵگوردی ئێمە دەچێ و ئەوجۆرە باخانەیشتان بەربووكی باخ وباخاتی كوردستانە، بەڵام جلوبەرگ و خاشخاشەو جوانی ئافرەتی كوردتانتان نیە ! سەرەڕای قاسپەی كەو، بۆیە دەمە بێ دگانەكەی لێك دەكاتەوەو دەڵێ:
بەیان ئەنگووت و شەو رابوردو من هێشتا خەوم نایە
دەخۆێنن بولبول و قومری بەڵام قاسپەی كەوم نایە
خەیاڵ دەمباتە جێ ژووانی شەوانی لاوەتی ئەمما
خرینگە بازنەو خرخاڵ و بەرمووری ئەوم نایە
بەڵێ هێمن راستگۆیە بە بێ قاسپەی (كەو) هیچ خەوی نایە .. بەڵام ئێستا لە رۆژی 17/4/1986 وە، لە گوندی شیلاناوێی كوردستانی رۆژهەڵات لەسەرئاوازی قاسپەی كەو بۆ نەمرایەتی سەری خۆی دەنێتەوە ژێر خاكی پیرۆزی كوردستان .
ســڵاو و چەپكێك نێرگ بۆ گۆڕی
هێمنی دۆست و شاعیری مەست