
عەدنان دەڕجال سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، پیرۆزبایی لە یانەی وەرزشی دهۆک کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی ناسناوی خولی پاڵەوانانی یانەکانی کەنداو دوای بردنەوەی لە یانەی قادسیەی كوێتی.
لە پیرۆزباییەكەی سەرۆکی فیدراسیۆنی عێراق هاتووە: سەرکەوتنی یانەی دهۆک لە ناسناوی پاڵەوانێتی کەنداو، دەستکەوتێکی مێژوویی گەورەیە بۆ یانەکانی عێراق و دوای هەوڵێکی زۆر و ژیانی پیشەیی گەشاوە و بەرز و پڕ لە نایابی و سەرکەوتن هات.
ئاماژەی بەوەشکرد: دەستخۆشی لە کارگێڕی ماندوونەناس و ستافی ڕاهێنەرایەتی لێهاتوو و یاریزانە نایابەکانی دهۆك دەکەم، هەروەها ئەو هاندەرە ئازیزانەی کە لە پشت یانەکەوە وەستان و پشتگیرییان کرد، دهۆك ناوی خۆی لە مێژووی ناسناوی کەنداودا تۆمارکرد.
هەروەها لە پیرۆزباییەكەدا هاتووە: ئەو پاڵپشتییە گەورەیەی کە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری دهۆکەوە پێشکەش کراوە، کاریگەریی کارگێڕی و تەکنیکی خۆی سەلماندووە، بە بەدەستهێنانی ئەم ناسناوە گەورەیەی کەنداوە و لە دڵەوە پیرۆزباییەکی زۆر له بۆ ڕێکخستنی نایابی یاریی کۆتایی و بۆ ئەو ئیدارەیە دەكەم کە سەرکەوتووانە میوانداری یارییەکەیان کرد لە یاریگای نێودەوڵەتی دهۆک.