سه‌لام عه‌بدوڵڵا

 ئەگەرچی سەرەكوەزیرانی پێشووی عێراق زۆر بەشانازییەوە لە شاشەكانی تەلەفزیۆن رایگەیاند كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق كۆتایی پێهات و ئەم سەروەرییەشی بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق گێڕایەوەو بەدەستكەوتێكی گەورە بۆ خۆی لەقەڵەمداو وەك پاڵەوانی نەتەوە خۆی دەنواندو بەهیچ شێوەیەكیش باسی ڕۆڵی پێشمەرگەو قوربانیدانیانی نەكرد.

هەرچەند هەموو لایەك دەیانزانی كە ئەم بانگەشەیەی عەبادی زۆر دوورە لە ڕاستییەوەو داعش بە تەواوی لەناو نەبراوە، چونكە ئەو زەمینەیەی داعش دەخوڵقێنێ و هەوادارو پشتیوانی بۆ دابین دەكات بەردەوامە.

ئێستا كە جارێكی تر مەسەلەی زیندووبوونەوەی داعش سەری هەڵداوەتەوەو لە میدیادا بەچڕی باس دەكرێ هەر ئەو راستییە دەسەلمێنێ كە داعش بنەبڕ نەبووە، بەڵام ئەوەی كە جێی تێڕامانە ئەوەیە بۆ داعش بەشێوەیەكی دیار تەنها لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، بەتایبەتی لە پارێزگای كەركووك و دەوروبەری، بەوشێوە ئاشكرایە، جموجۆڵی دەست پێكردۆتەوەو ئامانجی سەرەكی تەنیا گوندە كوردییەكانی ناوچەكەیە و دانیشتووانی كوردە و توخنی گوندە عەرەبەكان ناكەوێ، هاوكات بەزەبری چەك دەیانەوێ كوردی ناوچەكە ناچار بكەن كە خاكی رەسەنی خۆیان بەجێبهێڵن و عەرەب تێیدا نیشتەجێ بكرێ هاوكات ئەم پرۆسەیەش بەبەرچاوی بەرپرسانی عێراقیەوە چ لە سوپا و چ لە حەشدی شەعبیەوە دەكرێ.

ئەوەتا ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەڵێ: داعش لە سنووری گوڵاڵە سەربازگەی هەیە و مەشقی تێدا دەكات. ئەمە لە كاتێكدا لەم ناوچانە ناهێلرێ بەهیچ شێوەیەك پێشمەرگەی تێدا بێت، كەچی داعش سەربازگەی بەبەرچاوی حەشد و سوپاوە تێدا دادەمەزرێت.

جا ئەمانە بەڕاستی داعش بن یان حەشد بن، چونكە گومان زۆرە داعش ئەو توانایەی مابێت و وا بەئاشكرا و لە قووڵایی ئەو ناوچانەدا كار و چالاكی بكات، ئامانج هەر ئەوەیە، ئەو ناوچانە لە كورد چۆڵ بكرێ، چونكە ئێستا عەرەبە هاوردەكان كە گرێبەستەكانیان دوای 2003 هەڵوەشێنرایەوە جارێكی تر لەو ناوچانە بۆیان نوێ دەكرێتەوە و زەویان پێدەدرێت كە لە پرۆسەی بەردەوامبوونی تەعریبی ئەو ناوچانە شتێكی تر نیە.

حكوومەتی نوێی عێراق گەر دەیەوێ بارودۆخی ئەو ناوچانە هێوربكاتەوە ئەوە پێویستە بەپلەی یەكەم حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دووربخاتەوە و مۆڵەت بەهێزی پێشمەرگە بدات بگەڕێنەوە، ئەو ناوچانە بۆ پاراستنی ژیان و گیانی هاووڵاتیانی كورد لە زێدێ خۆیان كە حكوومەتی عێراقی پشتگوێی خستبوون بەهیچ شێوەیەك داكۆكیان لێنەكات.

جا بزانن ئەوكات داعش و هاوشێوەكانی لەو ناوچانە دەبینرێن؟