خەبات: ساسان دەروێش:- ڕۆژی چوارشەممە 9ی نیسانی 2025، سەرۆك بارزانی 17یـەمین پێشانگهی نێودەوڵەتیی كتێبی له هەولێر، لەژێر ناونیشانی «جیهان بە کوردی دەدوێت» کردەوە. پێشانگهی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر ساڵانە بەڕێوەدەچێت و دامەزراوەی ئهلمەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و هونەر بە چاودێری سەرۆک بارزانی و بەهاوکاریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات، ئەمساڵ 350 خانەی بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتی عەرەبی و جیهانییەوە بەشداربوون، وێڕای ئهوهش کە ڕۆژانە ههزاران کەس لە چین و توێژەکان سەردانی پێشانگهکە دەکەن و کتێب دەکڕن، دیارە نووسەرانیش تێبینی وسەرنجیان دەبێت و لەم بارەیەوە بۆ خەبات قسەیان کرد.
سهرهتا د. فەریاد فازیڵ نووسەر و زمانناسی کورد و دامەزرێنەری ئینستیتووتی خوێندنی کوردی لە بەرلین سەبارەت بەکردنەوەی پێشانگهکە بۆ خەبات گوتی: من وەک پیاوە سەرسپییەکەی کورد، پێشنیازم کرد بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری کە لە مەودوا ناوی پێشانگهی نێودەوڵەتی بگۆڕن بۆ پێشانگهی نێونەتەوەیی، نەک نێودەوڵەتی، چوونکە دەوڵەتەکان بەشدارنابن، بەڵکوو نەتەوەکان بەشدارن لە دامودەزگاکانیان، بۆیە درێژە بەمەش ئەدەم چوونکە بەداخەوە پێشتریش کاتی خۆی ڕەخنەم لێگرتوون و گوتوومە تکایە ئەم ناوە بگۆڕن و نەگۆڕاوە، وەک ئەرکێکی سەرشانی وەزارەتی ڕۆشنبیرییه کە پێش هەموو شتێک ناوەکەی بەو شێوەیە لێ بکات کە لەگەڵیا گونجاوە، چوونکە ئێمە بە کوردی دەڵێین پێشانگهی نێونەتەوەیی هەولێر، هەروەها لە بارهی بایەخی پێشانگاكهش دوا و گوتی: لە ڕاستیدا ئەم پێشانگهیانە زۆر گرنگن و بایەخدارن بۆ گەشەی زمان و هاندانی خوێندنەوە.
د. فهریاد فازیڵ
لەکردنەوەی پێشانگاكهدا لە تەنیشت سەرۆک بارزانی ڕاوەستابووم زۆر دڵخۆشی کردم کە هەموو ساڵێک بەپەرۆشەوە بەشداردەبێت وەک هاندەرێک بۆ کتێب و خوێندنەوە و گەشەکردنی زمانی کوردی، سەرۆک بارزانی زۆر بە وردی بژاردەی کتێبەکانی دەکرد بۆ خۆی و خوێندنەوەیان و سەرنجی لەسەر کتێبە مێژووییەکان بوو دەستی بۆ ڕادەکێشان و بایەخی بە بابەتە ڕامیارییەکان دەدا و بایەخی بەکتێبی منداڵانیش دەدا، لای خۆمەوە کۆمەڵێک کتێبی منداڵانم پێشکەش کرد، لە کۆی هەموو کتێبەکانیش سەرۆک بارزانی بایەخێکی گەورە بە زمانی کوردی دەدات و هەمیشە دەڵێت، بێ زمانەکەمان کورد نەدەما، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە دەبێت پێشانگهکە گرنگی بە زمانی کوردی بدات و گەشەی پێ بدات. وەک کەسێکی ئەم وڵاتە کە ماوەی 48 ساڵە لە غوربەتدام کە دێمەوە پێشانگهیەکی ئەوەها دەبینم ناوی کوردی پێوەیە گەز گەز باڵای پێوە ئەکەم، ئەگەر چوار جێگەم خوێندەوە سیانیان کوردی بێ و دانەیەکی زمانی بێگانە بێ ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە خۆمان بایەخێکی گرنگمان داوە بە دامودەزگاکانی خۆمان.
لە کۆتاییشدا د. فەریاد فازیڵ گوتی: بەداخەوە دەڵێم ڕەچاوی ئەوە نەکراوە بۆ کرێی جێگەکان لەکۆشکەکان کە دەدرێتە دەزگاکان و خاوەن کتێبەکان پارەیەکی زۆری لەسەر دانراوە و گرانە، ئەمە نابێتە هۆی گەشەکردن و هاندان، بەڵکوو ئەمەش ڕەخنەیەکە ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکەم بۆ ساڵی داهاتوو بەدواداچوونی بۆ بکات لەگەڵ ئەو دەزگایەی کە پێکەوە ئەم کارە ڕێکدەخەن، بەهیوام بۆ ساڵانی داهاتوو پێشانگهکانی دیكه بژاردەی ئەو کتێبانە بکەن کە بەژمارە کتێب نەبن، بەڵکوو بە ناوەڕۆک دەوڵەمەند بن و بە کوردی بیربکەنەوە و بە کوردی بنووسن و زمانی هاوبەشمان هەبێت لەبەرخاتری ئەوەی زمانی کوردی گەشەبکات و دنیایەکی نوێ بخوڵقێنێ و ئێمەش هاوکارتان دەبین بەو ئەرکەی لەسەر شانمانە.
بهرزان ههستیار
هەروەها دڵشاد مەولود گەردی بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و بەشداربوونیان له پێشهنگاكه بۆ خەبات گوتی: جەنابی سەرۆک بارزانی لە کردنەوەی 17یـەمین پێشانگهی نێودەوڵەتیی کتێب بەشدار بوو، کردنەوەی پێشانگهکە لەسەر دەستی ئەو بوو.
هەر ساڵێک پێشانگهی کتێب بکرێتەوە جەنابی سەرۆک بارزانی بەدڵنیاییەوە بەشدارە و کۆمەڵێک لە کتێبی مێژوویی و دینی و فەلسەفی و ڕۆشنبیری و …هتد لەگەڵ خۆی دەبات، لەمیانەی بەشداری بوونەکەی گوتارێکی پێشکەش کرد. باس لە یەکگرتنی میللەتی کورد دەکات، چوونکە بێ شک دەڵێت” تەنیا مەرجی سەرکەوتنی کورد یەکگرتنە” بۆ ئەمەش مەبەستی لە لایەنە سیاسییەکانی کوردە، بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی باروودۆخی ناوچەکە و دەورووبەرو دەرەوەش وادەخوازێت،ئێمە خۆمان یەکبخەین و حکوومەتێکی نوێ پێکبهێنین. جەنابی سەرۆک بارزانی لەگەڵ بوونی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام کاری تایبەت بەخۆیان بکەن بۆ چاودێری کردنی حکوومەت و کاری باشتر.سەرۆک بارزانی گوتی”داکۆکی دەکەینەوە لەسەر پابەندبوونمان بەو فەرهەنگەی کە شانازی پێوە دەکەین، فەرهەنگی پێکەوەژیان، یەکتر قبووڵکردن، ئازادیی بیروڕا، ئازادیی دین و ئازادی مەزهەب، ئەمانە بنەمایەکن کە بە هیچ شێوەیەک مساوەمەی لەسەر ناکەین، با هەموو کەس ئەمە باش بزانێت. بۆیە کاتێک ئەم بیروڕایانە هەبێت و سەرۆک داکۆکی لەسەر بکات و مساوەمەی لەسەر نەکرێت، کەوایە کوردستان پێویستی بە یەکخستن و یەکگرتنە بۆ بەرەوپێشچوونمان، ئەمەش پێویستی بەم پەندە کوردییەیه کە یەکگرتن تەنیا بەیەک لایەن ناکرێ، کورد دەڵێت “چەپڵە بەیەک دەست لێنادرێت”.
دڵشاد مهولوود
ههروهها بەرزان هەستیار شاعیر و نووسەر لە تایبەتی خۆیەوە نووسیویەتی: سەرنجێکی بچکۆلە بەڵام گرنگ، (معرض اربیل الدولی للکتاب)، پێشانگهی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، ئەمە جاری یەکەم نییە ئەم جۆرە هەڵەیە لە هەموو بوارەکاندا دووبارە دەکرێتەوە و هەمیشەش تێپەڕیوە و و کەس بە هەندی وەرنەگرتووە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە پێشانگه، پێشانگهی کتێب بێت و گشت بوارەکانی ئەدەب و زانست و پزیشکی و ئایین و هتد بگرێتەوە و بەڵام شارەزایەکی زمان نەبێت بتوانێت ناونیشانی پێشانگهکە لە عەرەبییەوە بە کوردییەکی ڕەوان وەربگێڕێت. لەوە گەڕێ کە دروشمی پێشانگهکە «جیهان بە کوردی دەدوێت»ـە کەچی لەوێشدا زمانی عەرەبی پێش خراوە، پاشان بە گەورەیی نووسراوە» معرض اربیل الدولی للکتاب» و ئەوجا بەم کوردییە دەست و پێ شکاوە، وشە بە وشە وەریانگێڕاوە و نووسیویانە «پێشانگهی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب» ئەمە لە کاتێکدا زۆر بە سادەیی و ڕەوانیی دەکرا بنووسرێت «پێشانگهی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر». دواجار دەمەوێت بڵێم ئەم تێبینییە گچکەیە ئەوە ناگەیەنێت کە خۆمان لە هەوڵ و ماندووبوونی هیچ کەس و دەزگایەک نەبان بکەین لە سازکردن و کردنەوەی ئەم پێشانگهیەدا.