بارزانی لە ئەبوزەبی.. نزیکبوونەوەی ستراتیژی لە کاتێکی هەستیاردا

207

عیماد ئەلشدیاق
نوخبە لە هەرێمی کوردستان پێی وایە سەردانەکەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەبوزەبی نەک تەنیا «وێستگەیەکی پرۆتۆکۆلییە» بەڵکوو «وەرچەرخانێکی سەرەکییە» لەسەر ئاستی دیپلۆماسیی باڵا، کە ڕێبازێکی «واقیعیانە» دەگرێتەبەر لە بنیاتنانی هاوپەیمانێتییەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابووری و نزیکبوونەوەی جیۆپۆلەتیکی. پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئیمارات نموونەیەکە، کە یارمەتیدەرە بۆ هێنانەدی ئاشتی و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.

سەردانەکەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی كوردستان بۆ ئەبوزەبی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە داهاتووی پەیوەندییەکی هیوابەخش، کە چاوەڕوان دەکرێت گەشەسەندنێکی بەردەوام لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنی و کولتووریدا بەخۆوە ببینێت.
ئەم سەردانە لە کاتێک دایە، کە ناوچەکە گرژییەکی زۆر بەخۆوە دەبینێت، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە زیادبوون دایە و عێراقی پاش ڕووخاندنی سەدام شڵەژاوە بەهۆی گرووپە ئێرانییەکان، سەرەڕای زیادبوونی بوونی تورکیا لە باکووری عێراق و سووریا، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی، کە لە جێگیربوونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لەئارادایه‌.
سەرباری هەموو ئەمانە، سەردانەکە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ دووپاتکردنەوەی هاوکاریی دوولایەنەی نێوان هەردوولا، کاتێک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە. کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا لە کاتێکدایە، کە هەرێم و ئیمارات لە قۆناغێکی نزیکبوونەوەی ستراتیژی لە بوارە جیاجیاکاندا بەخۆوە دەبینێت و لە ڕووی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و کەلتوورییەکانی نێوان هەردوولا.
لە ڕوانگەی هەرێمی كوردستانه‌وه‌، ئیمارات لایەنێکی چالاکە لە ڕێکخستنەکانی قۆناغەکانی دوای ململانێکاندا، بۆیە پەیوەندیی لەگەڵیدا گرنگی هەیە لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی کەناڵگەلێکی دیکەی دیالۆگ لەگەڵ وڵاتە ناکۆکەکان.
هەر وەک پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەبوزەبی دەرفەتێکە بۆ جەختکردن لەسەر وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری و لایەنە بازرگانییەکانی دیکە، لە کەشێکی ئارام و دوور لە ڕاگەیاندن و گرژیی سیاسیدا.
بەم پێیە، لە دیالۆگی نێوان هەردوولا جەخت لەسەر لایەنە گرنگەکان کرایەوە دوور لە تیشک خستنە سەری لە لایەن ڕاگەیاندنەوە.
* هاوکاریی ئابووری: ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی پەرە بە هاوکاریی لە بواری وەبەرهێنان و ژێرخانی ئابووریی هەرێم بدەن، چوونکە ئیمارات بەنیازە وەبەرهێنان لە پڕۆژەگەلێکی گەورە بکات لە کوردستان.
* وزە و سامانە سروشتییەکان: چاوەڕوان دەکرێت هەردوو وڵات پەیوەندییەکانی نێوانیان لە بوارەکانی نەوت و گازدا پەرە پێبدەن. ئیمارات یەکێکە لە گەورەترین وەبەرهێنەران لە کەرتی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەرێمی کوردستان بە سەرچاوە سروشتییە زۆرەکانی ناسراوە، بۆیە زەمینەیەکی لەبارە بۆ ئەوەی ئیمارات وەبەرهێنانی تێدا بکات.
* هاوکاریی ئەمنی و سەربازی: لە کۆبوونەوەکەدا کێشەی ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ کرا و هەردوولا چۆنییەتی پەرەپێدانی هاوکاری لە بواری «بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر» و پەرەپێدانی سەقامگیریی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات دەرفەتی ئومێدبەخشی لە زۆر بواردا هەیە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
1. ئاڵوگۆڕی بازرگانی: ئیمارات یەکێکە لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان. دوبەی ناوەندێکی گرنگی بازرگانییە. ئەمەش وا دەکات ببێتە خاڵێکی سەرەکی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان بە بازاڕەکانی جیهان. پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی فراوانتر بێت لەگەڵ جەختکردن لەسەر هەر دوو کەرتی نەوت و گاز.
2. هاوکاری لە بواری پەروەردە و توێژینەوەی زانستیدا: دەرفەتێک لەپێناو پەرەپێدان لە بوارە ئەکادیمییەکاندا هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەی نێوان هەردوو وڵاتەوە هەیە.
لەمبارەیەوە هەرێمی کوردستان توانای زۆری هەیە، لە کاتێکدا ئیماراتیش ژینگەیەکی پەروەردەیی پێشکەوتوو و پێشەنگ لە ناوچەکەدا پێشکەش دەکات.
3. تەکنەلۆژیا و داهێنان: لە کاتێکدا ئیمارات دەیەوێت ببێتە پێشەنگ لە هەر دوو بواری داهێنان و تەکنەلۆژیا لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە بوارەکانی زیرەکی دەستکرددا، لەم بوارەدا هاوکریکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە بۆ هەردوولا دەڕەخسێنێت سەرەڕای بواری دیکەی وەک تەکنەلۆژیای زانیاری و وزەی نوێبووەوە.
4. گەشتیاری: هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە گەشتیارانی سەرتاسەری جیهان بۆ لای خۆی راکێشێت، بێگومان بە ئیماراتیشەوە. لەگەڵ هەبوونی شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان لە هەرێمدا، دەتوانرێت گەشتیاریی نێوان هەردوولا پەرە پێبدرێت و سەرنجی گەشتیارانی ئیماراتی بۆ خۆی ڕابکێشێت.
5. یارمەتیی مرۆیی و گەشەپێدان: ئیمارات ڕۆڵێکی چالاک و بەخشندەیی هەیە لە پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بەوپێیەی هەرێمی کوردستان پێویستی به پشتیوانی هەیه له بواری ئاوەدانکردنەوه و گەشەپێدانی ناوچەکانی، که کاریگەری شەڕ و ململانێیەکانی پێوە دیارە. لەمبارەیەوە ئیمارات دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی گەشەپێدان.
ئاشکرایە، کە پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ناوچەکە شتێکی تازە نییە و لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئەبوزەبی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی بە هەرێم، جا لە بواری ئابووری بێت یان لە بواری سیاسیدا.
لە پەیوەندییە سیاسییەکاندا هەرێمی کوردستان تەبەنی سیاسەتێکی هاوسەنگی کردووە لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەوانە: تورکیا و ئێران و هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پتەوکردووە.
هەروەها هاوسەنگیشی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات ڕاگرتووە و بەردەوامە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا. بەڵام لەڕووی ئابووریشەوە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە گەورەترین هەرێمەکانی عێراق، کە ئاستێکی پێشکەوتووی لە ڕاکێشانی وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵات بەخۆیەوە بینیوە.
لەمبارەیەوە ئیمارات قورسایی خۆی هەیە و بەشێکی گرنگە لە ستراتیژیی کوردستان لەپێناو بووژاندنەوەی ئابووریدا.
ئەم سەردانه له کاتێکی هەستیار دایە، که ناوچەکە بە ئاستەنگێکی جیۆپۆلەتیکیدا تێپەڕدەبێت و هاوکاریی نێوان وڵاتانی چالاک پێویستی به پتەوکردنی کاری هاوبەش هەیه بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هەموو لایەک.
لەسەر ئەم بنەمایە هەماهەنگی نێوان کوردستان لەگەڵ ئەبوزەبی دەتوانێت ببێتە نموونەیەک ناوچەکە رەچاوی بکەن.
سەرچاوە: ئەلنەهار
لە عەرەبییەوە: شوان سەرابی