دوابەدواى نامەیەکى تایبەتى سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم بۆ خاتوو ئان هیدالگو سەرۆکی شارەوانی پاریس، کە تێیدا باسى لە خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگە کردبوو لە شەڕ دژى تیرۆریستانى داعش و پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى و پێکەو ژیان. هاوکات بۆ پتەوکردنى پەیوەندییە کەلتوورییەکان و قووڵکردنەوەى رێکەوتنى نێوان هەولێرو پاریس وەک دوو شارى دەستە خوشک. داواى لە شارەوانى پاریس کرد بیر لەناولێنانی شەقام یان گۆڕەپان یان چوارڕیانێک بەناوی پێشمەرگە لە پاریس بکەنەوە. ئەم ئاماژەیە نەک تەنها ڕێز لە یادەوەری ئەوانە دەگرێت کە ئازایانە شەڕیان کردووە، بەڵکو وەبیرهێنانەوەیە بۆ هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەوپێشبردنی ئاشتی.
هەر لە نامەکەیدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە ئاماژەى بە پشتگیرى بەردەوامى خاتوو دانیال میتران کرد لە ساڵانى هەشتاکان و نەوەدەکان لە دۆزى رەواى گەلى کوردستان. بۆیە وەک رێزلێنانێک لەم پشتگیریە چوارڕیانێک و بەرزە پردێک لە هەولێر بەناوى ئەم خاتوونە کراوە.
مایەى خۆشحاڵیە لە ئاهەنگى نەورۆزى ئەمساڵ کە نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە پاریس سازى کردبوو، خاتوو ئان هیدالگو پشتیوانی خۆى و شارەوانی پاریسى بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوەو بە فەرمی رایگەیاند کە ئەنجومەنی شارەوانی پاریس بە کۆى دەنگ شوێنێکى لە ناو پارکی ئاندرێ سیتروئێنى لە پاریس بۆ پێشمەرگە تەرخان کردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا مەراسێمێک بۆ کردنەوەکەی ساز دەکرێت و بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستانیش بۆ مەراسیمەکە داوەت دەکرێن.
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت ئەم هەنگاوە بە دەسکەوتێکى گرینگ دەزانێ کە وڵاتێکى پێگە بەهێزى وەک فەڕەنسا رێز لە خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگەو گەلى کوردستان دەگرێ. لێرەوە سوپاس و پێزانینى هەیە بۆ خاتوو ئان هیدالگو سەرۆکی شارەوانی پاریس و د. عەلى دۆڵەمەڕى نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا کە چەندین کۆبۆنەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شارەوانی پاریس ئەنجامدا بۆ دەستنیشان کردنی شوێنێک. هەروەها نابێت رۆلی سەرۆکی شارەداری ناوچەی پاریسی ١٥ بەرێز فیلیپ گوژون لە بیر بکرێت کە هەولێکی زوریدا بۆ پێدانی شوێنێک لە ناو پارکی بە ناوبانگی ئاندرێ سیتروئێن و دەنگدان بە پرۆژەکە.