سهلام عهبدوڵڵا
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، واتە ڕۆژی (4)ی نیسان یادی شەست و شەش ساڵەی دەرچوونی یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی (خەبات) بوو كە لە (4)ی نیسانی ساڵی 1959دا، یەكەمین ژمارەی ئەم ڕۆژنامە دێرینە كەوتە بەر دەستی خوێنەران و جەماوەری گەلەكەمان.
لەو ڕۆژە تا ئەمڕۆی رۆژنامەی (خەبات) سەكۆیەكی ڕاستگۆ و ئاوێنەیەكی بێگەردی رووداوە سیاسییەكان و تۆمارگەی بە ئەمەكی مێژووی گەلەكەمان لەم تەمەنە درێژەیدا بووە، چ لە شار و لە قۆناغی ئاشتەوایی و تەباییدا و چ لە شاخ و لە كاتی شۆڕش و داكۆكی لە مافەكانی گەلەكەماندا، هەمیشە دڵسۆزانە هەموو ئەو ڕووداوو كارەسات و سەركەوتن و تراژیدیایانەی تۆماركردووە كە ئەمڕۆ بوونەتە سەرچاوەیەكی گەلێك بە بەهاو گرنگ بۆ هەموو ئەوانەی كە سەبارەت بە مێژووی گەلەكەمان توێژینەوە و لێكۆلێنەوە دەكەن دەتوانن وەكو و سەرچاوەیەكی متمانەپێكراو و ڕاستگۆ پەنای بۆ ببەن و بەكاری بهێنن.
ڕۆژنامەی (خەبات) لە سەرجەم قۆناغەكانی كاریدا، پابەندی دیموكراتی و بەها نەتەوەییەكان و بەرژەوەندیی نیشتمانیەوە بووە و پەیامی ئاشتیخوازانەی بە گوێی یار و نەیاردا داوە و لایەنگری پێكەوەژیانی هاوسەنگ و ئاشتییانە بووە، (خەبات) هەمیشە دەنگی دلێر و بوێری نەتەوەیەك و بەرەنگاری ستەم و ناهەقی و زۆرداری بووە و لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیدا بەردەوام كاری لەسەر كردووە.
(خەبات) ئەگەرچی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، بەڵام هەردەم سەدای بڵندی تێكۆشان و قوربانیدانی سەرجەم گەلەكەمان بووە و دژی زوڵم و زۆری ناحەزانی گەلەكەمان بووە و هەمیشە لایەنگر و داكۆكیكاری بە ئەمەكی نەتەوەكەی بووە و دەنگی ڕەسەنی گەلەكەی و بڵندگۆیەكی سەرڕاستی بزاڤی ڕزگاریخواز و ئازادیخوازیی گەلی كوردمان بووە.
مێژووی گەلەكەمان ئەو شاهیدییەشمان بۆ دەدات كە ڕۆژنامەی (خەبات) لە قۆناغە ناهەموارەكان و ململانێ نەخوازراوەكاندا هەمیشە هاوسەنگی خۆی پاراستووە و سنووری نەبەزاندووە و خۆی لە زمانی زبر و ڕووشێنەر پاراستووە و خەسڵەت و ئاكار و ڕەوشت و بەهاكانی گەلەكەمانی نەبەزاندووە.
لێرەدا دەستخۆشی و پێزانین و قەدرزانیمان بۆ هەموو ئەو كارمەند و هاوكار و تەكنیككار و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەوانەی بەجێیان هێشتووین و ئەوانەی لە ژیاندا ماون دەكەین و تا ژیانیش مابێت، (خەبات) بەپێی قۆناغەكان هەر بەردەوام دەبێت.