لیژنەی باڵای بۆردی ئاینی لە هەرێمی كوردستان بڕیاریان دا، سزای هەر كەسێك بدەن لە هەر پلە و پایەكی ئاینی بێت، ئەگەر پێچەوانەی رێنوێنییەكان وتار بدات یان فكری توندڕۆیی پەرە پێ بدات.
بەگوێرەی راگەیەنراوی كۆبوونەوەی لیژنەكە، تیشك خرایە سەر داكۆكیكردن لە پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پابەندبوون بە كولتووری فرەیی و قبووڵكردنی یەكتر لە نێوان هزرمەندان و ئاراستە جیاوازەكانی ئاینی ئیسلام، كە پێویستە لە چوارچێوەی دەربڕینی ئاینیدا، ڕێز لە یەكتر بگرن.
هەروەها لیژنەكە پێداگریی لە جیاكردنەوەی ڕای كــەســی كردەوە لەوەی كە ناكرێت قسەی تایبەتی كەسایەتییەكی ئاینی، گشتاندنی بۆ بكرێت.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بڕیار درا كە بەپێی یاسا و ڕێنوێنییە بەركارەكان و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا و پێوەندیدارەكانی تر، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، دەستكراوە دەبێت لە بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە هەر كەسێكی سەرپێچیكار لە هەر ئاست و پلەیەكدا بێت، چونكە ئاسایشی فیكری بەشێكە لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بەرژەوەندی و دەستكەوتە نیشتمانییەكانی گەلی كوردستانیش لە سەرووی هەموو ململانێیەكانەوەن .