وەزیری نەوتی عێراق، ئاشكرای دەكا، ئێران بۆ خۆڕزگاركردن لە سزاكانی ئەمریكا، نەوتی خۆی بە بەڵگەنامەی ساختە بە ناوی نەوتی عێراقەوە دەفرۆشێ.
لەبارەی تۆمەتباركردنی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆوە بەوەی نەوتی ئێرانی بە ناوی نەوتی عێراقییەوە دەفرۆشێ، بۆ یارمەتیدانی ئێران و دەربازكردن لە سزادان، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە كەناڵی فەرمیی عێراقەوە ڕایگەیاند: هێزە دەریاوانییە ئەمریكییەكان، دەستیان بەسەر كەشتیی نەوتگوێزەرەوی ئێرانیدا گرتووە، كە بەڵگەنامەی ساختەیان پێ بووە گوایە ئەو نەوتە عێراقییە، لە كاتێكدا نەوتی ئێرانی بووە.
ئاماژەی بەوەش كردووە: دواتر ڕوون بووەوە ئەو بەڵگەنامانە ساختەن، ئەو كەشتییە نەوتگوێزەرەوە ئێرانییانە، هەستاون بە ساختەكردنی بەڵگەنامەی عێراقی بۆ فرۆشتنی نەوت بە كۆمپانیا گەورەكان، گوایە ئەوە نەوتی عێراقییە.
وەزیری نەوتی عێراقی دووپاتی كردەوە: لەگەڵ لایەنی ئەمریكی قسەمان كردووە و ڕاستییەكانمان بۆ ڕوون كردوونەتەوە، بەوەی ئەو بەڵگەنامانە ساختەن و پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە، ئەوانیش لە بابەتەكە گەیشتن.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، زانیاریی وا بڵاو كرایەوە، كە كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، نەوتی ئێران هەناردە دەكا و بە قاچاخ دەیفرۆشێ، بۆیە سزای ئەمریكا دەگەیشتە ئەو كۆمپانیایە، پێشتریش ئەو كۆمپانیایە ئەو زانیارییەی ڕەت كردبووەوە، ئێستە كار گەیشتە ئەوەی وەزیری نەوتی عێراق بە فەرمی لەو رووەوە روونكردنەوە بدات.