یه‌كێك له‌ تابلۆ نه‌شێنراوه‌كانی جه‌بار شاڵی

خه‌بات: حەمە ئەحمەد جاف:- شاعیر و هونەرمەندی شێوەكار جەبار ئەحمەد عەلی، ناسراو بە دوو نازناو، (جەبار شاڵی) و (جەباری لۆڤەر). لە نەورۆزی ساڵی 1957 لە سلێمانی لەدایكبووە، سەبارەت بەو دوو نازناوە گوتی: نازناوی (لۆڤەر )، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاكان، ئەوكات خاوەنی (پەخشی ڕووناكی لۆڤەر) بووم بۆكاری پەیكەری سەردیوار و جواننووسی و وێنەكێشان. نازناوی( شاڵی) یش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە من كچەزای حەمەی شاڵیم، واتە ئەم نازناوەیانم لەدایكم وەرگرتووە و ناسراوم بە (جەبارشاڵی) یان (جەباری لۆڤەر ).

لە وەڵامی پێناسەی هونەری شێوەكاریدا لەدیمانەیەکی ڕۆژنامەی خەباتدا گوتی: هونەر بەگشتی سیما و بوونی نەتەوەیە، هەموو میللەتان شانازی بە هونەرمەند و زاناكانییەوە دەكەن. هونەری شێوەكاری بە هەموو زمانێك دەدوێ، بۆ هەموو كات و زەمەنێك دەشێ، لای من هونەر بەگشتی مانای بوونی خۆم و نەتەوەكەم دەگەیەنێت لەمەیدانی جوانكردنی واقیعدا بە شێوەكی داهێنەرانە بۆ تێكڕای مرۆڤایەتی و زیندەواران و ژینگە.

جەبار شاڵی، لە وەڵامی پرسیارێكی دیکەدا سەبارەت بەوەی بۆچی هونەری شێوەكاری هەڵبژاردووە لە كاتێکدا توانای نووسینی وتارو چیرۆك و تەنز و شیعری هەیە؟ گوتی: من هەردووكیانم خۆشدەوێت، هەم هونەری شێوەكاری، هەم ئەدەب و شیعر. ئەوەی بەتابلۆ نەتوانم گوزارشتی لێبكەم بە شیعر یان چیرۆك یاخود بە وتارێ هەستی خۆم دەردەبڕم، چونكە هەندێ بابەت بەتابلۆ ناتوانی گوزارشت لەدەربڕینێكی دروست بكەیت، بۆ نموونە من لەسەر پەروەردەی مناڵ و سایكۆلۆژییەتی منداڵان زنجیرە وتارێکم هەیە لە ڕۆژنامەی ژیانەوەدا. هەروەها لە ڕۆژنامەی (هەولێر) وتاری فەلسەفەم هەیە و لەگۆڤاری كولتوور و كەلەپووریی كوردا چیرۆكی كەلەپووریی بەرئاگردانم بڵاوكردۆتەوە، هەروەها دووبەرگم بەناوی وانە شیعر بۆ منداڵان بڵاوكردۆتەوە، كە زۆربەیان كراونەتە گۆرانی، هەروەها گوتیشی: هونەری شێوەكاری، وێنەكێشان بۆ چیرۆك و شیعر و شیعری منداڵان و جداریەی گەورە كە بەشێوەی كاری پەیكەرسازی و تابلۆی مۆدێرن تاكو پۆست مۆدێرن پەیڕەو دەكەم و بەردەوامم.

شاڵی، لە وەڵامی پرسیارێكی دیکەدا دەربارەی هونەری كوردی گوتی: هونەر بە گشتی پێویستی بە بودجە هەیە دووەمیش پێویستی بە پەروەردەیەكی ئەكادیمییە تا بتوانێ خزمەت بكات بەشێوەیەكی دروست. ئەوەی دەیبینم هونەر بە گشتی هەواداری وەك پێویست نییە لە كوردستان، بۆ نموونە هۆڵی گەورە و مۆدێرن نییە بۆ نمایشكردنی پارچەیەك میوزیک یان (مەتحەف)ێك نییە بۆ كۆكردنەوەی كاری هونەرمەندان و نمایشكردنی بەرهەمەکانیان هەتا ئەوانەی دێنە وڵاتەكەمان كارەكانمان ببینن و لێمان بكڕن، تا ئێمەش هانبدرێین كاری باشتر ئەنجام بدەین و کاتی خۆمان بۆ هونەر تەرخان بكەین و بەدوای گەڕان بۆ بژێوی ژیان زۆرجار لەهونەر دامان دەبڕێت. بۆ نموونە كەسانێكی پارەدار دەتوانن خانووێك بكڕن بە پارەی خەیاڵی، كەچی ئامادەنین تابلۆی هونەرمەندێكی كورد بكڕن بە پارەیەکی کەمتر لەوە.

هونەرمەند سەبارەت بەوەی چ جیاوازییەك هەیە لەنێوان هونەری پیاوان و ژناندا؟ گوتی: بەگشتی هونەر جیاوازی نییە، ئەگەر بەهرەمەندەكە پیاو بێ یان ژن، واتە هونەر بەداهێنان و بە جیاوازییەكەی دەناسرێتەوە، لەوانەیە لەوڵاتی ئێمە بەهۆی كولتوور و باری كۆمەڵایەتی و ئایینەوە ژنان كەمتر پێشكەون لەچاو پیاواندا، زۆرجاریش هونەرمەندی ژن لە پیاویش پێشكەوتووترە، بەڵام هونەرمەندە شێوەكارە جیهانییەكان هەمووی پیاون، وەك لێوناردۆ دافنشی و ڤێرمەر و ڕامڕانت و ڤانكوخ، هەتا دەگاتە بیكاسۆ و سلفادۆر دالی و جاكسۆن پۆڵاك، بەڵام ژنانیش لە جیهاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە هونەر و زانستدا، بۆ نموونە ئەكتەری بە ناوبانگی هۆڵیود (هێدی لامار) چەند لەبواری سینەما پێشكەوتوو بوو هێندەش داهێنەربوو لەبواری بەرنامەی ێوفای كە بووە هۆی پێشبردنی ئەنتەرنێت و ئەم مۆبایلەی ئێستا هەیە، هەروەها سەبارەت بە كردنەوەی پێشانگەی تایبەت گوتی: لە قۆناغی سەرەتاییەوە خەریكی وێنە كێشانم و هەموو جۆرەكانیم تاقیكردۆتەوە.

لەپۆلی شەشی سەرەتاییدا لەقوتابخانەی چوارباخ بووم، لە ناوەندی و ئامادەیی و بەردەوام پێشانگەم كردۆتەوە. هەروەها لە بۆنە تراژیدییەكاندا وەك كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە، شەش تابلۆی دیواربەندم بە شێوەی پەیكەر لەهۆڵێكی گەورە لەسەرەشەقامی مەولەوی دروستکرد كە هەر یەكەیان 3 مەتر بە 6 مەتر بوون.

بەردەوام بووم لەتابلۆكێشان وجواننووسی كە خاوەنی (پەخشی ڕووناكی لۆڤەر) بووم بۆ كاری شێوەكاری و جواننووسی و پەخشی ڕووناكی بە نووسین، هونەرمەند لە وەڵامی پرسیارێكی دیکەدا گوتی: كاریگەریی نیشتمان و خۆشەویستان و هەموو ئەوانەی هاتن و ڕۆیشتن، تێكڕا ژیان و ژینگە و ژن و منداڵ و عەشق، هەتا زیندەوەران و جوانی و ڕەنگاوڕەنگی پەپوولە و گوڵ و هەموو سرووشت، هەتا دیمەنی ئەستێرەكان كاریگەری لەسەر هەستی زیندووم هەبووە، وەڵامم بۆ ئەو هەستە جوانانە یان خەماویانە یان بە تابلۆ یان بە شیعرێ بووە.

هەروەها سەبارەت بە كتێب و خوێندنەوە شاڵی گوتی: من لە پۆلی سێی سەرەتاییەوە خولیای خوێندنەوەم، یەكەم كتێبم لە كتێبخانەی ئیمام غەزالی كڕی بە 30 فلس، كە ناوی (حیكایەتی چل توتی) بوو، دواتر لە كتێبە شیعرییەكانی كوردی و عەرەبی دەستم پێكرد و زیاتر كتێبی مێژووی هونەر و قوتابخانە هونەری و ژیاننامەی هونەرمەندان و ناوداران .. لە كۆتاییشدا لەسەر فەلسەفە و سایكۆلۆژی منداڵ زۆرم خوێندۆتەوە.

هونەرمەند لەكۆتا وەڵام سەبارەت بە پڕۆژەی داهاتووی خۆی گوتی: حەزدەكەم ئەوە بڵێم كە پێشانگەكەی كۆتا جارم ساڵی پاربوو لە هۆڵی (داوا)، بە سپۆنسەری دكتۆر وەلید دۆسكی، لەلایەن كۆمەڵەی ئاشتیی جیهانی پێشانگەكە زۆر‌ سەركەوتوو بوو،ئەوەی دڵخۆشی كردم چەند بیانییەك تابلۆكانیان لێكڕیم، مەخابن هیچ كەسێكی لای خۆمان تابلۆكانیان نەكڕی، بەڵام وەك كولتوور داوای تابلۆیان دەكرد بە دیاری بیاندەمێ. هەروەها نۆ تابلۆی گەورەی مەتر و نیو بە مەتر و نیوی قەشەنگم لە هۆڵی ڕێستۆرانتی پاركی ئازادی لەسلێمانی بۆ هەمیشەیی نمایشكردووە. ئێستاش ئامادەكاری دەکەم بۆ کردنەوەی پێشانگەیەكی قەشەنگتر كە (30) تابلۆیی قەبارە گەورە لەخۆ دەگرێت و زۆربەی پۆست مۆدێرنن بە شێوازێك كەجیاوازبێ لەهەموو كارەكانی پێشووترم، خودا یار بێت بە نیازم نووسین و شیعرەكانم بە چاپ بگەیەنم و بۆ هەر شیعرێک تابلۆیەك بكێشم.

شاعیر و هونەرمەندی شێوەكار جەبار شاڵی