محەمەد ئیسماعیل، سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا
خەبات: ساسان دەروێش:- لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، هەوڵەکان چڕکرانەوە بۆ یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان کە پێکەوە وەک یەک هێزی کوردی بەرەو دیمەشق بچن و ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی بکەنە کاری هاوبەشیان، لە دوای پێنج ساڵ دابڕان جارێکی دیکە ئەنەکەسە و پەیەدە کۆبوونەوە و ئەمەش لە دوای ئەو ڕێککەوتنە هات کە ڕۆژی دووشهممەی ڕابردوو 10ی ئاداری 2025، لە نێوان ئهحمهد شهرع، سهرۆكی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و مهزڵووم عهبدی، فهرماندهی گشتیی هێزهكانی سووریای دیموكرات (ههسهده) بەڕێوەچوو. بەهەمان شێوەش ڕۆژی سێشەممە 18ی ئاداری 2025، لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە لەگەڵ شاندێکی پەیەدە کۆبووەوە کە فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات مەزڵووم عەبدی لەگەڵ نێردەی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە سکۆت پۆلز ئامادەی بوون.
محەمەد ئیسماعیل، سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، سەبارەت بە کۆبوونەوەی هەردوولا بۆ خەبات گوتی: یەکەم کۆبوونەوەمان بوو لەگەڵ شاندی پەیەدە بە ئامادەبوونی مەزلوم عەبدی و شاندی ئەمەریکا، کۆبوونەوەیەکی باش و سەرکەتوو بوو، قۆناغێکی باشمان بڕی و هەنگاوێکی باش لە بابەتی هەبوونی یەک بۆچوون لەنێو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نرا، لە کۆبوونەوەکەدا خاڵی گرنگ باسکرا و هەنگاوی باش نرا بۆ ڕێککەوتنێکی سیاسیی هاوبەش لەنێوانماندا، بۆ یەک هێزی لە داهاتووی سووریادا پێکەوە کار بکەین، هەردوولامان گەشبین بووین بە کۆبوونەوەکەمان لە داهاتووێکی نزیکدا ڕاگەیەنراوی ڕێککەوتنەکەمان ڕادەگەیەنین و بەیەک شاندی کوردی بەرەو دیمەش بچین کە یەک هەڵوێست و یەک دەنگی کورد بین. بە هیوام و گەشبینم مزگێنییەکی خۆش بە میللەتی خۆمان ڕابگەیەنین لە ڕۆژی نەورۆزدا ئەو کارە بکەین، هەروەها محهمەد ئیسماعیل سکرتێری ئەنەکەسە گوتیشی: کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، تیایدا باس لە دیدگای سیاسەتی هاوبەشی کوردی کرا سەبارەت بە سووریا، هاوکات بڕیاردراوە هەنگاوەکانی داهاتوو بەردەوام بن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕاگەیاندنی لە نزیکترین کاتدا.
لەسەر بنچینەی کۆبوونەوەکە و کۆبوونەوەی داهاتوو، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێککەوتنی لایەنە کوردستانییەکان تایبەت بە پێکهێنانی یەک شاند بۆ دیمەشق ڕابگەیهندرێت بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە مافی گەلی کورد لە کوردستانی سووریا، بەخۆشحاڵییەوە مەزڵووم عەبدیش ئەم هەنگاوەی یەکەمی زنجیرە کۆبوونەوەکانی بە ئەرێنی و باش وەسفکرد بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی کوردی. گوتی بۆ هەبوونی سووریایەکی فرەڕەنگ و دیموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا مسۆگەر بێت، لەسەر ئەوە سوورین کە ئەم دیالۆگە سەربخەین.