بەهزاد حەوێزی
پاش جەنگی ئۆكراینا، هەڵبژاردنەوەی ترامپ، ئایا رووسیا دەگەڕێتەوە دۆخێكی تر روانگەیەكی نوێ بۆ هەڵكشان؟ یا چەند بەربەستێكی لەبەردەم دایە یەكێك لەوانە ئەوروپایە؟ ئەی رۆڵی چین وەك جەمسەرێك دەبێ چی بێت، ئەی وڵاتانی تری هاوپەیمان؟ گۆڕانكاری سەردەم كۆمەڵە چەمك و راستییەك و دیاردەی هێنایە ئاراوە نەخاسمە لەسەر ئاستی ستراتیجی و دەوڵەتی دەستڕۆیشتوو و خاوەن پێگەی خۆی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، لەوانەش رووسیا.
میراتگری شەرعیی سۆڤیەت
ڕووسیا میراتگری شەرعی یەكێتی سۆڤیەتە لە رووی یاسایی و سیاسییەوە، هەرچەندە لە رووی سیاسەتی دەرەوە بەرز و نزمی بەخۆوە دیوە، بەڵام رێبازە ستراتیجیەكەی هەمان مۆركی جارانیەتی سەبارەت بەو رۆڵە گرنگەی لە سیاسەتی نێونەتەوەیی.هەندێ لەو رەگەزانەی بواری ستراتیجی، بریتین لە: قووڵكردنەوەی ئاراستەی ئۆراسیا، چاوخستنە سەر بەرنامەی چاكسازی ناوخۆیی، گەڕاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی رۆڵی رووسیا لە ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رێنەدان بە خۆرئاوا بۆ بە پەراوێزخستنی رۆڵی رووسیا.لە لایەكی ترەوە كرۆكی مەبەست لە گۆڕینی میكانیزمە نێودەوڵەتییەكان دایە، ئەوانەی جڵەوگری بزاوتی كارلێكە دەولییەكانن و دووبارە فۆرمەڵەكردنی بەو شێوەیەی پەسەند كراو بێت، كە لە بەشداریكردن و هاوپەیمانییەتی و تێگەیشتن و متمانەی دوولایەنە سەرچاوەی گرتووە.ئەمەش دەوەستێتە سەر كۆتایی هێنانی تاكڕەوی ئەمەریكا لە هەموو روویەكەوە، ئەو هەنگاوەش خۆی لە لێك نزیكبوونەوەی هەر دوو زلهێز ئەمەریكا و رووسیا بینیەوە، هەرچەندە رەنگە رووسیا بە وردی حسابی بۆ ئەوە نەكردبێت، بەڵكو زیاتر هاوپەیمانی سێقۆڵی ستراتیجی لەگەڵ چین و هیندستان.لەلایەكی ترەوە هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتێكی وەكو ئەمەریكا مانا و مەغزای تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەتی لەو بارودۆخە هەنووكەییە هەستیارەی پاش رووخانی رژێمی سووریا و سەروسەوداكاری كۆتایی هێنانی شەڕی ئۆكراینا.بە پێی ئەو كۆمەڵە گۆڕانكارییە و دەرهاویشتانە ئیتر كاتی هاتووە روانگەیەكی نوێی رووسیایی ببینین، رووسیای سەردەمێك روانگەیەكی ریالیزمی پەیڕەو بكات لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
نەیاری دوێنێ و دۆستی ئەمڕۆ
سەردەمی لێكنزیكبوونەوەی ئەمەریكا و رووسیا واتە سەردەمی مۆدیلێك هاوسەنگی ركابەرانە جێگەی هاوسەنگی بەیەكهەڵشاخان بگرێتەوە، بەڵام جاران چین باشترین هێزی رەخسێنەری ئەو ركابەرییە بوو دژ بە ئەمەریكا، ئەی ئەمڕۆ، دیارە دەبێ ئەو هاوكێشەیەش بگۆڕێ، نەیاری دوێنێ دۆستی ئەمڕۆیە(واتە ئەمەریكا) جگە لەوەی رەگەز و بنەمایەكی سەرەكی ریالیزم، كە بەرژەوەندی هەمیشەیییە.ستراتیجیەتی رووسیا ئامانجی یەكەمی بریتییە لە بەهێزكردنی تواناكانی، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، گەشەی ئابووری، خۆبەدوورگرتن لە پێكدادانی سەربازی، گەڕاندنەوەی پێگە و هەیبەتی نێودەوڵەتی، سیستمی فرە جەمسەری.
جگە لەمانە رووسیا هەوڵ دەدات دووبارە رۆڵی خۆی ئەكتیڤ بكاتەوە لە رێگای ئەدای ستراتیجی خۆی لە چوارچیوەی ئەو سێكوچكەیە:
1 – ژینگەی ستراتیجی ناوخۆیی رووسیا.
2 – ژینگەی ستراتیجی هەرێمایەتی رووسیا.
3 – ژینگەی ستراتیجی نێودەوڵەتی رووسیا.
پرسیارێكی دیكە
كەواتە لەسەر هەرسێ ئاستدا ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، رووسیا دەیەوی رۆڵی خۆی وەك جەمسەرێكی جیهانی بنوێنێ بەتایبەتی بەرانبەر ئەمەریكا، ئەو هەنگاوەش نزیكە، داخوا ئەمجارە مێژوو چۆن خۆی دووبارە دەكاتەوە؟(مەبەست شەڕی ساردە). گۆڕانكاری لە روانگەی سیاسییانەی دەوڵەتان و سیاسەتی دەرەوەیان و هەمواركردنەوەی هەندێ رەگەز و چەمكی ستراتیجیان لە پێناو ئامانجە سەرەكییەكانیانە كە بە پلەی یەكەم لە بەرژەوەندی باڵای دەوڵەتەكە سەرچاوەی گرتووە، رووسیاش ئەمڕۆ ئامادەیە لە روانگەیەكەوە بروانێتە ئەو پرۆسەیە، كە لە بەرژەوەندی رووسیادایە، هەرچەندە دوێنێ روئیایەكی تری هەبوو.بۆ نموونە، سەبارەت بە پرۆژەی قەڵغانی رۆكێتی ئەمەریكایی و رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندی ستراتیجی لە نێوان رووسیای ئیتیحادی و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، سەركردایەتی رووسیایی لە چوارچێوەی روانگە ستراتیجیەكەی گومان لە سروشت و كرۆكی ستراتیجیەتی ئەمەریكای دەكرد بەو پێیەی ستراتیجیەتێكی هێرشبەرانەیە و مەبەست لێی هەژموونی وڵاتە یەكگرتووەكانە لەسەر ئاستی جیهانی.رووسیا هەر لە سەرینی رۆڵگێڕانی وەك هیزێكی جیهانی و جەمسەرگەرا و نزیك بوونەوەی لە ئەمەریكا زیاتر بەتەنگ بەرژەوەندییەكانیەتی لە كیشوەری ئەوروپا و لەسەر ئاستی سیستمی نێودەوڵەتی و پەراوێزخستنی ئەوروپا لەو هاوكێشە نوێیە.رووسیا ئەوە بەدوور ناگرێ شەراكەتێكی هاوكوفانەی ستراتیجی گرنگ و بەهادار لەگەڵ ئەمەریكا دابڕێژێ بە پێی بەرژەوەندی هاوبەش، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندی نەتەوەیی رووسیا لەگەڵ رەچاوكردنی كاریگەری ئەو پەیوەندییەش بە سەر گۆڕپانی نێودەوڵەتی.
هەڵكشان بەرەو لووتكە
پوتین ئەمڕۆ هەوڵ دەدات بە هێزتر لە جاران دەركەوێتەوە و بەرەو لوتكە هەڵكشێ، بەڵام دیارە پێی وایە ئەمە بەتەنیا نابێت بۆیە لە رێگای چارەسەركردنی كێشەی ئۆكراینا و هەندێ بابەت و پرسی دیكەی گرنگ بە هەماهەنگی لەگەڵ ترامپ بە ئەنجام دەگەن، كە لە سیاسەتی دەرەوەی رووسیاش لە داهاتوودا رەنگ دەداتەوە.لە سۆنگەی ئەمەوە ئەگەر هاتوو دیسان ئەمەریكا و رووسیا بوونەوە دوو هێزی دەستڕۆیشتووی جیهان و لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییە گرنگەكان رێككەوتن، ئیتر رووسیا رەنگە ئاراستەكەی بۆ دوو جەمسەری بگۆڕێ و فرە جەمسەرییەكەی جاران بانگەشەی بۆ دەكرد بخاتە پەراوێزەوە.رووسیا لەگەڵ سیستەمێكی سەقامگیردایە لە رووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەسەر بنەمای یەكسانی و رێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندییەكان و هاریكاری، جگە لە دەستەبەركردنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و كەمكردنەوەی فاكتەری هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بەمەرجێك جێگەی متمانە بێت.