
سەلام عەبدوڵڵا
نووسین لە سەر شاعیری گەورە و مەزنی گەلەكەمان (شێركۆ بێكەس) پسپۆڕی (سەلیقەی شیعر و زانیاری تەواوی زمانەوانی و پەی بردن بە پیت و بەرەكەت و بەرفراوانی زمانی كوردی دەوێ)، بۆیە هەر وا ئاسان نییە لەسەر توانای شیعریی و زمان پاراوی و سامانی لەبن نەهاتووی وێنە شیعرییەكانی بنووسیت، گەر شارەزاییەكی تەواوت لە هەموو ئەو بوارانەدا نەبێت. بۆیە من ئەو لایەنە بۆ شارەزای زمان و پسپۆڕانی شیعر و ڕەخنەگرانی بەتوانا بەجێ دەهێڵم و لەسەر لایەنی نەتەوایەتی و بیری نەتەوەیی و بیریی نەتەوەیی شێركۆ بێكەس ئەم چەند دێڕە دەنووسم.
شێركۆ كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایەق بێكەسە كە ئەویش یەكێكە لە پێشەوایانی شاعیرانی كورد لەنیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا كە بە شیعرە نەتەوەییەكانی و شۆڕشگێڕیی و چاونەترسانەی هاتە دنیای شیعر و ئەدەبیاتی كوردەوە كە بۆ ئەو كاتە و لەو سەروەختە مێژووییەدا كە جوڵانەوەی شۆڕشگێڕی كورد و شۆڕشەكانی شێخ مەحموودی نەمر و راپەڕینەكانی بارزان، كپ كرابوونەوە و بێ هیواییەكی زۆر باڵی بەسەر بارودۆخی سیاسی و كوردستاندا كێشابوو، بێكەسی باوك بە شیعرە شۆڕشگێڕ و ئاگراوییەكانی جارێكی تر ورە و هێز و توانای بە جەماوەری كوردستان بەخشییەوە و هەستی بەرەنگاری و نیشتمانی سەرلەنوێ ژیانەوە و قۆناغی بێ هیوایی تێپەڕاند و بە هیوایەكی گەشەوە لە ئاسۆی داهاتووی دەڕوانی كە بەداخەوە بێكەسی باوك فریای چەكەرە و سەرهەڵدان و نوێ بوونەوەی شۆڕشی رزگاریخوازی كوردی بە چاوی خۆی نەدی كە لەمەودوا بە ڕابەرایەتی سەركردەی مەزن بارزانیی نەمر لە 1961 جاڕێكی هەڵگیرسا و مەشخەڵی بەرەنگاری و بەرخودانی كردە دروشمی خۆی و بەردەوامی بە خەبات و تێكۆشانی شۆڕشگێڕی بەخشی.
بێكەسی كوڕ لەم بارودۆخەدا و دوای بەرپار بوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هاتە دنیای سیاسەت و ئەدەبەوە هەر زوو توانا و بەهرە و سەلیقەی شیعری لە بەرهەمەكانیدا دەركەوت كە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو پێشەوە و كامڵبوون هەنگاوی گورج و خێرای دەنا و ئەمەش هەر لە بەرهەمە سەرەتاییەكانییەوە بە ئاشكرا دەبینرا و، ئەو راستییەی رادەگەیاند كە شاعیرێكی مەزن بەڕێوەیە و گوڵزاری شیعری كوردی ئەوەندەی تر رەنگین و بەتام و بۆن دەكات.
هاوكارمان زانیار سەردار قڕگەیی كە رۆژنامەنووسێكی چالاك و فرە بەرهەمە و زۆربەی جار خۆبەخشانە و لێبڕاوانە و دڵسۆزانە لە پێناو خزمەت كردن بە كایەكانی رۆشنبیری و مەعریفە كاری باشی كردووە و دەكات، لەونێوەندەشدا هەستاوە بە سازدانی ئەم كۆبەرهەمە بەناوی (شێركۆ بێكەس. كانیاوێك لە وشە، شاعیرێك لە جوانی)- شێركۆ بێكەس چی لەبارەی شیعری بۆ بارزانی دەڵێ. كە بریتییە لە دیدارێكی تێر و تەسەلی رۆژنامەوانی زانیار قڕگەیی و شێركۆ بێكەس، كە كاتی خۆی لەسەر داوای ئێمە بۆ – هەفتەنامەی (هزر و هونەر)، كە هەفتەنامەیەكی كولتووری بوو رۆژنامەی خەبات دەریدەكرد، (زانیار سەردار قڕگەیی) لە سلێمانی ئامادەی كردبوو. لەگەڵ لێكۆڵینەوەیەك لەسەر ئەو شیعرانەی بێكەسی كوڕ كە بۆ بارزانیی نەمری هۆنیوەتەوە، هەروەها چەند بابەتێكی تری پەیوەست بە بێكەس كە لە رابردوودا ئێمە لە رۆژنامەی خەبات بڵاومان كردبوونەوە، لەگەڵ كۆمەڵێك وێنەی دەگمەن و دانسقە لە رابردوودا چركێندراون كە بەشێكی زۆری زانیار بە كامێرای خۆی چركاندوونی و دواتر ئاوێتەی نێو ئەم كتێبەی كردوون و بوونەتە بەشێكی گرنگی ئەم بەرهەمە.
زانیار قڕگەیی لێكۆڵینەوەی لەسەر شیعرە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی شاعیری گەورە شێركۆ بێكەس كردووە، بەتایبەتی لەسەر ئەو شیعرانەی بۆ بارزانیی نەمری هۆنیوەتەوە كە هزری نەتەوایەتی و نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی شاعیر بۆ مستەفا بارزانی نیشان دەدات كە هەمیشە شاعیر بە شانازییەوە باسی ئەو شیعرانەی خۆی كردووە و لووتكەی خۆشەویستی خۆی بۆ بارزانی بەو هەستە جوانە شاعیرانەیەی خۆی نیشان داوە.
هەروەك لەم كۆیەرهەمەی قڕگەییدا زۆر لایەنی بایەخدانی شێركۆی شاعیری تێدا نیشان داوە، كە ئەم كارەی زانیار قڕگەیی جێگەی دەستخۆشی لێ كردن و ستایشە. كە هەم ئاست بەرزی و رۆشنبیری و شارەزایی شێركۆی لە دنیای شیعردا خستۆتە روو، هەم ئاستی بەرزی زمانی شیعری ئەو شاعیرەی كە بە هەق وەك یەكێك لە رۆژنامەكانی وڵاتی سوید دەڵێت: ((گەر لە جیهاندا (سەد) شاعیری گەورە هەبێت، شێركۆ یەكێكیانە)). ئەگەر ئەمڕۆ ئێمەش وەك گەلانی جیهان شانازی بە شاعیرێكەوە بكەین لە پەنجا ساڵی پێشوودا ئەوا بێ دوودڵی ئەو شاعیرە تەنیا شێركۆ بێكەس دەبێت.
شایانی باسە (زانیار) كارێكی شیاوی كردووە، كە لایەنێكی تری شیعرەكانی شێركۆی بەسەر كردۆتەوە كە تا ئێستا كەم دەستی بۆ براوە، ئەویش ئەو شیعرانەیە كە لە بۆنە جیاجیاكاندا بۆ بارزانی نووسیوە، ئەگەرچی هەندێ بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە شاعیر لەو شیعرانە پاشگەز بووەتەوە، بەڵام وەك لەو بەدواداچوونەی زانیار قڕگەییدا دەردەكەوێ شێركۆی شاعیر زۆر شێلگیرانە داكۆكی لەو شیعرانەی دەكات و شانازییان پێوە دەكات.
ئەویش لە رێزی شاعیرەوەیە بۆ بارزانیی نەمر كە مێژوومان قەرزارباری خەبات و تێكۆشانی ئەو سەركردە قارەمانەیە.
لە كۆتاییدا دووبارە دەسخۆشی لە نووسەری ئەم بەرهەمە ناوازەیە دەكەین و بەهیواین وێنەیان لە زیاد بووندا بێت.