درەنگانی شەوی ڕابردوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا، لە هێرشێكدا بۆ سەر گوندی بەرخ بۆتانی لە سنووری كۆبانێ، بۆردمانی ماڵێكی كرد و لە ئەنجامدا نۆ كەس شەهید بوون كە سەرجەمیان ئەندامی یەك خێزانن .
میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویان كردەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو توركیا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی جۆری سیهام، ماڵێكی لە گوندی بەرخ بۆتانی لە سنووری كۆبانێ بۆردمان كرد.
لە ئەنجامی هێرشەكەدا نۆ كەس شەهید بوون كە سەرجەمیان ئەندامی یەك خێزانن، پێكدێن لە دایك و باوكێك و حەوت منداڵیان، هەروەها دوو كەسی تریش بریندار بوون.
ئەو كەسانەی بەهۆی هێرشەكەی توركیاوە شەهید بوون، ناوەكانیان “خەزاڵ عوسمان عەبدۆ -دایك، عوسمان بەركەل عەبدۆ -باوك، ئاهین عوسمان عەبدۆ، دیجلە عوسمان عەبدۆ، دلۆڤان عوسمان عەبدۆ، یاسر عوسمان عەبدۆ، عەزیز عوسمان عەبدۆ، ساڵیحە عوسمان عەبدۆ، ئاڤێستا عوسمان عەبدۆ”یە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، هێرشەكەی توركیا پێشهاتێكی مەترسیدارە و كێشەكانی ناوچەكە ئاڵۆزتر دەكات.