بارزانیی نەمر، سیمبولی خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی و ئازادی

328

چیا هەرکی
ئەمڕۆ (١٢٢) ساڵ بەسەر لەدایکبوونی بارزانیی نەمر (١٩٠٣-١٩٧٩)، ژەنەڕاڵی چیاکان و یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین ڕێبەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد و کوردستاندا تێدەپەڕێت.
مەلا مستەفا بارزانی وەک ڕێبەرێکی ڕۆحی، سەرکردەیەکی سیاسی و فەرماندەیەکی پێشمەرگە، کە نیو سەدە پێشەوایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و خەباتی گەلی کوردی؛ لەپێناو بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی کرد، نەک هەر تەنیا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە مێژووی سیاسی و خەباتی گەلی کورد گێڕاوە، بەڵکوو ئاراستەی ئەو مێژووەشی بە باری ئەرێنیدا لە خزمەتی دۆزی گەلی کورد و داننان بە مافە ڕەواکانی (ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری 1970)، گۆڕی.
ئەو سەرکردە و ڕێبەرە ڕۆڵەی بنەماڵەیەکی نەتەوەیی و وڵاتپارێزە، کە زیاتر لە سەد ساڵە (لە شەهید شێخ عەبدولسەلام بارزانی کە عوسمانییەکان لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ١٩١٤ لە مووسڵ لەسێدارەیان دا – تا ئەمڕۆ بە ڕێبەرایەتیی سەرۆک بارزانی)، خاوەندارێتیی لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد کردووە و دەکات.
بارزانیی نەمر کە ئەمڕۆ بە شکۆ و شانازییەوە یادی لەدایکبوونی دەکەینەوە، سەرکردەیەکی سیاسیی دووربین و خاوەن ستراتیژ، جەنگاوەر و فەرماندەیەکی ئەزموونداری شارەزا لە تاکتیکی سەربازی و شەڕی پارتیزانی و بەرەیی (سەرکەوتنەکانی لە شەڕەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سوپاکانی ئێران و عێراق و تورکیا لەکاتی ڕێڕەوە مێژووییەکەی پەڕینەوە بە ڕووباری ئاراس و دواتریش لە سەرکردایەتیکردنی درێژترین شۆڕشی مەزنی کورد لە مێژوودا کە شۆڕشی ئەیلوولە)، هەروەها کاراکتەرێکی دیپلۆماسیی لێهاتووی ئاشنا بە هونەری گفتوگۆ و دانوستاندن، بوو.
لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، وەک کەسایەتییەکی ئایینی و کۆمەڵایەتیی کاریگەر، هاوکات وەک ڕێبەرێکی سیاسی و فەرماندەیەکی پێشمەرگە، بەهۆی ئەو توانا لەڕادەبەدەرەی لە ڕێکخستنی خەڵک و ئامادەکردنیان بۆ تێکۆشان و جۆشدانیان بۆ خەبات و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە داگیرکاری و دوژمنکارییەکانی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە دژی دۆز و مافەکانی کورد، ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی شۆڕشگێڕ، بە هەموو دنیادا بڵاو بووەوە.
بارزانیی نەمر کە بناغەی بزووتنەوەیەکی تۆکمەی نەتەوەیی و پارتی دیموکراتی کوردستانی دانا و ئەو بزووتنەوە و پارتەش بوونە ڕێبازی سیاسی و فەلسەفەی خەباتی ئەو بۆ ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ گەلانی دیکەدا، هەتا ئێستاش کاریگەریی ئەو میراتە سیاسی و شۆڕشگێڕییەی لەسەر سیاسەتی کوردی ماوە و بووەتە بەشێک لە کولتووری سیاسیی کوردی.
بەکورتی، بارزانیی نەمر نەک تەنیا ڕێبەرێکی ئایینی – کۆمەڵایەتیی کاریگەر و سەرکردەیەکی سەربازی و سیاسیی بەهێز بوو، بەڵکوو سیمبولی خەباتی نەتەوەیی کورد بوو بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و دەستگەیشتن بە مافە ڕەوا نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی.