34ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕین

208

ڕێبوار حەمەلاو شوانی
بەگەڕانەوە بۆ لاپەڕەکانی مێژوو و ئەو کاتەی لە داستانی نەبەردی و مێژوویی خواکوڕک لە ساڵی 1988، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی پێشبینی ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی کرد بەتایبەتی لە ناوخۆی عێراقدا، ئەوەش هۆکارەکەی بۆ بەردەوامیی هێرش و پەلاماردانەکانی ڕژێمی ڕووخانی بەعس و شکستخواردوویی سوپاکەی بوو کە هیچ دەرفەتێکی پێنەدەدا لە هێرش بۆ ناوخۆ و دەرەوەش، هەر ئەوەش بوو وایکرد کە گوشارە نێودەوڵەتییەکان و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان دەرفەتێک بۆ گەلی کورد و هێز و لانەیە سیاسییەکانی کوردستان بێتە ئاراوە، بە وردبینی و بە پلان و نەخشەی ژیرانە کە سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دەکرد، ئامادەکاری بۆ ڕاپەڕین لە دژی داگیرکەری بەعس بکرێت، ئەو کاتەش ئەو پەیامە گرنگ و مێژوویییەی بارزانی بوو تا بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی بە ڕۆخێکی نیشتمانپەروەری و کوردپەروەری ڕاپەرین دژی ستەمکارییەکانی ڕژێمی بەعس بەرپا بکەن، لەهەمانکاتیشدا بە ڕۆحێکی مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی مامەڵەیان دەکرد. هەموو ئەو هەنگاو و پلانە ورد و ستراتیژییانە وایانکرد کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و کۆسپەکان گەلی کورد بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا، خاکی کوردستان لە چنگ داگیرکەران پاک بکاتەوە، ئینجا هەنگاوەکانی دواتری بەرەو بەدامەزراوەییکردن و هەڵبژاردنێکی دیموکراسییانە بوو کە توانی بۆ هەموو جیهانی بسەلمێنێت کە گەلی کورد ئاشتیخوازە و دەتوانێت بە شێوەیەکی باش و ئازادانە حکومرانی خۆی بکات، لەگەڵ ئەوەی لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و کۆسپی گەورە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و گوشار و گەمارۆی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان بووە، بەڵام ساڵ بە ساڵ توانی زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت و هەنگاو بەرەو گۆڕانکاری و پێشکەوتن و ئاوەدانی و گەشەسەندن بنێت، لە هەمانکاتیشدا ئەم قەوارە و ئەزموونەی هەرێمی کوردستان بووە دوورگە و پەناگایەک بۆ نەتەوەی کورد لەسەر ئاشتی بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان تا تێیدا خەباتی سیاسی و دیموکراسییانەی خۆیان درێژە پێبدەن و ئاسوودە و ئازاد تێیدا بژین. بە هەڵوەستەکردن لەسەر ڕووداو و پێشهات و گۆڕانکارییەکانی 22 ساڵەی پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دیسان هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی لە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆریی بەعس هەبووە، لە هەمانکاتیشدا هەنگاوەکانی لەپێناو ئاشتی و دیموکراسی بووە لە عێراق تا مافە زەوتکراوەکانی بەدەست بێنێتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بەوەی کە گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان خاوەن سەرۆکێکی کاریزمایە کە هەمیشە هەوڵی داوە بە لۆژیک و گفتوگۆ نەک شەڕ و ئاڵۆزی بە مافی گەلێک کە بە درێژایی مێژووی خەباتی ڕووبەڕووی دڕندانەترین هەوڵی لەناوبردن و قڕکردنی بووەتەوە، بگات، هەمیشە دەستی ئاشتی و گفتوگۆی بۆ حکوومەتەکانی عێراق درێژکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی سەخت و قورس بووە، بەڵام دەبینن کە هەوڵ و خۆڕاگری و پشوودرێژییەکەی ڕۆژ بەڕۆژ ئەنجام و دەستکەوتەکانی زیاتر بەدەر دەکەون.
بە هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕووبەڕووی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، کە گرنگ و مێژووییە ئاماژەیان پێبکەین، هێرشی دڕندانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 و دواتر بەرگریکردنی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی بە درێژایی 1050 کیلۆمەتر و پشتیوانیکردن لە دۆزی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر، دواتر هێرش و پەلاماردان و گەلەکۆمەکەی ناوچەیی بە هەزاران گرووپی چەکدار و سەرباز و پاسدار لە ساڵی 2017 بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و، دواتر سیاسەت و دیپلۆماسی و مامەڵەکردنی ورد و ژیرانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکان وایانکرد کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان ببێتە ئەکتەرێکی دیار و کاریگەرتر و بەهێزتر لە جاران لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.
ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگر و مێژووییەی کە دوای 34 ساڵ لە حکومڕانیی هەرێمی کوردستان دەبینرێت، ئەزموونێکی سەرکەوتوو و دیارە کە وڵاتانی زلهێزی جیهان و ناوچەکە خوازیاری پەیوەندی بەستنن لە ڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی زۆر هەوڵی پەراوێز خستن و گۆشەگیرکردنی هەرێمی کوردستان چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی درا، بەڵام لە سایەی ئەو سیاسەت و ئیدارەدان و دیپلۆماسییەتەی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی کوردستان ، ئەمڕۆ ئەم هەرێمە بووەتە دوورگەیەکی ئارام و پەناگەیەکی متمانەپێکراوە بۆ گشت هێز و لانە سیاسییەکانی کورد، کە بێ‌بوونی ئەم قەوارە و حکوومڕانییە ئەستەم بوو هیچ حزبێکی کورد درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات.
ئەوەتا دوای گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی ناوچەکە، ڕووی هێز و لایەنە کوردییەکانی رۆژاواو و باکووری کوردستان و هەتا ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەرەو هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانییە کە وەک پشت و پەنای خۆیان دەیبینن کە بۆ ڕاوێژ و گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی پرسی کورد و بەدەستهێنانی پشتیوانی، هەرێمی کوردستان و بارزانی متمانەیە. بەتایبەتی کە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە پێناو چەسپاندنی پرۆسەی ئاشتی و چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان ئاماژەیەکی ڕوونن، کە هەرێمی کوردستان و ڕابەرایەتیی بارزانی نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ مەهاباد و ئامەد و قامیشلۆ متمانە پێکراوترینن بۆ داهاتووی کورد و کوردستان. ئەمەش ئەو ڕیاستیەمان بیردەخاتەوە کە، ڕاپەرینی 1991 و دەستکەوتەکانی خەباتی دوێنێ و ئەمڕۆمان بە فیڕۆ نەچووە، بەڵکوو ئەم ئەزموونە بووەتە پەناگەیەکی ئارام و متمانەپێکراو بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پشتیوانیی دۆزی نەتەوەی کورد و ڕۆژ بەڕۆژیش لە گەشەسەندن و پێشکەوتنی بەردەوامە و دەبێ هەموو تاکێکی کورد ئەم ئەزموون و دەستکەوتە پڕشانازییانە بە خوێن وگیان بپارێزێت و بەرگری لێ بکات.