ئەڤین بارزانی
هەرێمی کوردستان بۆ چەندین ساڵە هەوڵ دەدات کە بەپێی دەستوور کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، تا ئێستا چەندین رێککەوتن کراوە، بەڵام بەداخەوە گرووپێک لە بەغدادان هەمیشە هەوڵ دەدەن کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن، چەندین ساڵە؛ کارتی مووچە بۆ برسیکردن و شکاندنی شکۆمەندیی خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنن. مانگێک پێش ئێستا لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن کرا و وەزیری داراییی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئیتر مووچە نابێتە هەواڵ و هەموو پرسەکانی پەیوەندیدار بە مووچەوە چارەسەر دەکرێن. بەڵام بەداخەوە هێشتا لە بەغدا ڕوانینێکی شۆڤێنییانەی ناتەندروست و زۆر خراپ هەیە و دەیانەوێت هەمیشە خەڵکی کوردستان (بە داماوی) چاویان لە دەستی بەغدا بێت.
جێگا سەرسوڕمان و گاڵتەجاڕییە… کە ئاراستەیەکی سیاسی لە کوردستان هەیە شاگەشکە دەبێت بە گوشارە شۆڤێنییەکانی بەغدا تەنیا بۆ ئەوەی پارتی بە بەربەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچە تاوانبار بکات. پێشتر زۆر جار ئەوە سەلمێنراوە کە پارتی هەردەم هەوڵیداوە و هەوڵدەدات لە ڕێگای یاسا و دەستوورەوە بە شێوەیەکی پسپۆڕانە و دەوڵەتمەدارانە؛ لەسەر ڕێگایەکی ڕاست هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات؛ بێئەوەی سازش لەسەر هیچ مافێکی خەڵکی کوردستان بکات.
ئەمجارە من لەو باوەڕەدام کە هەموو شتێک ئاشکرا بوونه، خەڵکی هەرێمی کوردستان هەموو ڕاستییەکانیان بینی و بۆ هەر کەسێک ئاشکرا بوو کە نیازی گرووپە شۆڤێنییەکەی بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان چییە، چونکە وا ڕێککەوتبوون کە ئەمساڵ (2025) بابەتی مووچە نەبێتە کێشە و تێکەڵ بە پرسی سیاسی نەکرێ. بەڵام بەداخەوە ئەوە 3 مانگ لە ساڵەکە تێپەڕی؛ کەچی لە سایەی گرووپە شۆڤێنییەکەی هێشتا ئامانجی ڕێککەوتنەکە لە ئەرزی واقیعدا خۆیا نەبووە.
شاراوە نییە کە ئامانجی شۆڤێنییەکانی بەغدا ئەوەیە ڕێگری لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بگیرێت. هەڵبەت ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بە دڵی ئەوان نەبووە و نابێت و پێدەچێ تا لە توانایاندا بێت ئەوان لەسەر سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبن. بۆیە پێویستە لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کورستان؛ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە یاسا و بە دەستوور یەکدەنگ و یەکهەڵوێست ڕووبەڕووی هەڵوێستە نەرێنییەکانی گرووپە شۆڤێنییەکانی بەغدا ببنەوە؛ ئەگەر نا سیاسەتی ئێستا بۆ برسیکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبێت.