خەبات: هاوار مورتكەیی
لە ساڵیادی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر، باوكی ڕووحی نەتەوەی كورد، 5ەمین پاڵەوانێتی شەتڕەنجی نێودەوڵەتیی بارزانی، بەهاوئاهەنگی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و یانەی شەتڕەنجی خانزاد و یانەی ئەسپسواریی هەولێر، بە بەشداری 220 یاریزانی 14 وڵات، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
گەورەترین پاڵەوانێتی
ڕۆژی هەیینی ڕابردوو 14/3/2025 لە یانەی ئەسپسواریی هەولێر، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، هیشام ئەلتاهر ئەمینداری گشتیی یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و شێخ كاروان بارزانی سەرۆكی یانەی ئەسپسواریی هەولێر و زافر عەبدولئەمیر سەرۆكی یەكێتی شەتڕەنجی عێراق و نێردەی وڵاتان لە شاری هەولێر و چەندین بەرپرسی دیكەی حزبی و حكومی، 5ەمین پاڵەوانێتی شەتڕەنجی نێودەوڵەتیی بارزانیی بەڕێوەچوو.
ریكۆردێكی نوێی بەشداریی كچان
ئەم پاڵەوانێتییە كە ساڵانە لە یادی لەدایكبوونی باوكی ڕووحیی بارزانیی نەمر، بەبەشداری شەتڕەنجزانانی كوردستان و عێراق و وڵاتانی دەرەوە بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەمساڵیش، گەورەترین پاڵەوانێتی لە ڕووی ژمارەی بەشداریی و ئامادەبووانی كەسایەتییەكانی شەتڕەنج لە سەر ئاستی ناوچەكە و عەرەب و ئاسیا بەڕێوەچوو، لەهەمووی گرنگتر بەشداریی كچان لەم پاڵەوانێتییەدا، ژمارەی پێوانەیی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق شكاند، كە 40 شەتڕەنجزانی كچ لە هەموو ئاستەكان بەشدارییان كردبوو.
پاڵەوانێتییەكی دانپێدانراو
وڵاتانی بەشداربوو بریتی بوون لە: هۆڵەندا، ڕووسیا، ئیمارات، نایجیریا، توركیا، سوریا، ئێران، ئەرمینیا، میسڕ، دانیمارك، كوێت، عێراق، بەریتانیا، هیند، و كۆی بەشداربووانیش بریتی بوون لە 220 یاریزان و لەبەر ژمارەی زۆریی، یاریزانەكان بەسەر دووگرووپ دابەشكرابوون، كە بەسیستمی سویسری 9 ڕاوند لەماوەی دوو شەودا لە هۆڵی یانەی ئەسپسواریی هەولێر لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و پاڵەوانێتییەكەش لەلایەن یەكێتی شەتڕەنجی نێودەوڵەتی و عێراقیەوە تۆماركراوە.
ئاشنایەتیی كورد بە شەتڕەنج
لەدەستپێكی كردنەوەی پاڵەوانێتییەكەشدا، هیشام ئەلتاهر(ئیماراتی)، ئەمینداری گشتیی یەكێتی شەتڕەنجی نێودەوڵەتیی ئاسیا وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەكرد كە زۆر خۆشحاڵە ئەمە دووەم جارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، هەروەها گوتی: سەردانی یەكەمم بۆ دەڤەری بارزان بوو، ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاكێشام، ئەوە بوو كە سەركردەیەكی ئەو میللەتە شەتڕەنجزان بووە، كە ئەویش مەلا مستەفا بارزانییە، كە لەو سەردەمەدا شەتڕەنجی كردووە، لەهەمووی سەرنجڕاكێشتر لە مۆزەخانەی یادگا بینیم كە شەتڕەنج لە تەنیشت وێنەی ئەو سەركردەیە داندراوە، هەروەها لەدەڤەری بارزانیش بینیم خەڵكێكی زۆر ئەو یارییە دەزانن، ئەوەش گوزراشت لەوە دەكات كە میللەتی كورد دەمێكە ئاشنایەتی لەگەڵ شەتڕەنجدا پەیدا كردووە.
پاڵەوانێتییەكی دەگمەن و جوان
دواتر ئەمینداری گشتیی یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا زیاتر گوتی: ئەمجارە لە ساڵیادی لەدایكبوونی ئەو سەركردەیە هاتمەوە هەولێر، جێی خۆشحاڵییە كە یانەی شەتڕەنجی خانزاد لەو بۆنەیەدا، پاڵەوانێتییەكی زۆر دەگمەن و جوانی ڕێكخستووە، ڕەچاوی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەڕێكخستنی پاڵەوانێتی كردووە و ئێمە لە یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا خۆشحاڵین كە دەبینین لەو هەرێمە، گرنگییەكی زۆر بە یاریی شەتڕەنج دەدرێت.