کورد و کیمیاباران و کات…خوێندنەوەیەکی بایۆسایکۆلۆژی

188

د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
لەیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، لە جێگەی خۆیەتی شرۆڤەیەکی زانستی لە ڕوانگەی بایۆسایکۆلۆژیی ئەم ڕووداوە بکرێت. مێشکی مرۆڤ یەکێکە لە ئاڵۆزترین پێکهاتەکانی جەستەی مرۆڤ، تەنانەت گیانەوەرانیش، کە نموونەی فیزیۆلۆژیکی پێکهاتەکەی وەک توێژینەوەکانی زانایانی دەمارناسی و بایۆلۆژی ئاماژەی پێدەدەن بۆ زیاتر لە هەفت سەد ملیۆن ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە و وەک نموونەکانی دیکەی ژیانی بایۆلۆژی لەو ماوەیەدا لە ڕووی ژنتیکی (genetics)، گۆڕانێکی ئەوتۆی نەکردووە بەتایبەت لە دوو سەد هەزار ساڵی دوایی تەنیا گەشەکردن و گۆڕینی شێواز و کار و چالاکییەکانی نەبێ. لە ڕاستیدا مێشک ئەو پێکهاتەیەیە کە بە پێکهاتەی ئەلیکترۆکیمیاوی هەژمار دەکرێت و گرنگترینی ئەرکەکانیشی یادەوەری و بیرکردنەوەیە. لەم سۆنگەیەوە و وەک پێکهاتەیەکی فیزیکی و ماددی دەزانرێت، کە لە کۆی جەستەی مرۆڤ کە بەپێی توێژینەوەکان لە هەمان ئەو شت و مادانە دروستبووە کە گیانەوەران و ژینگەی فیزیکی دەوروبەرمان لێی دروستبووە، کە لە هەندێ نموونەی وەک شامپانزە وێکچوونی ژنتیکی دەگاتە ٩٩٪ و هەر ئەم توێژینەوە نوێیانەی لەبارەی مێشک و بایۆلۆژییەکەی کراون هیچ گومانێک لەبارەی بیروباوەرەکانی چارلز داروین لەبارەی هەبوونی سەرچاوەیەکی فیزیۆلۆژیکیی هاوبەشی مرۆڤ و گیانەوەرانی دیکەی وەک ئەوانە، ناهێڵن و لە لایەکی ترەوە هیچ دەرفەتێک بۆ چەمکەکانی وەک نەست (لاشعور)، کە بەرهەمی بیروباوەڕ و تیۆرییەکەی فرۆیدن، هەروەها دەروون و هتد ناهێڵن و ئەو جۆرە چەمکانە ڕەت دەکەنەوە و بە هەڵەیان دەزانن و پێیانوایە کە ئەم چەمکانە و کارەکانی کە بۆی دیاریکراون هەر هەموویان بۆ مێشک و بەتایبەت یادگە (بیردانگ)ی مێشک دەگەڕێتەوە، کە بنەمایەکی مادیی هەیە و کارەکانی لەسەر بنەمای مادی و فیزیکی بەڕێوە دەچن و، یەکێک لە قورسترین کارەکانیشی هەڵسوکەوتکردنە لەگەڵ کات و ڕەفتارەکانی مرۆڤ تیایدا.
پرۆفیسۆر دکتۆر تەقی ک. ئەسەدی، پسپۆڕی مێشک و دەمارەکان لە زانکۆکانی ئەمەریکا، کە خاوەن دەیان پەرتووک و وەرگێڕاوی زانستی لەبارەی فیزیۆلۆژی و پرۆسەکان و شێوازی کارکردنی مێشکە، پەیوەندیی نێوان مێشک و کات لە ئاشی کۆن دەچوێنێ، کە دوو بەردی هەیە: بەردی خوارەوە کە جێگیرە و ناجووڵێ و بەردی سەرەوە کە بە زەبری هێزی ئاو یان گیانەوەران دەجووڵێ و دەنکەکانی گەنم و جۆ لەت لەت و ورد دەکات و دەهاڕێ.
لە کارکردنی مێشک لە کات و ئان و ساتی جیاوازدا، بە هەمان شێوازی ئەم نموونەیەی ئاش کار دەکات. بەردی خوارەوە هەمان ئەو دۆخ و شتەیە کە لە کاتی ئێستادا هەمانە و پێشتر و لەژێر سێبەر و کاریگەریی فاکتەرەکانی بایۆلۆژی و ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژییەوە بنیاتنراوە و تا ڕادەیەکی زۆر جێگیر بووە و کەمتر گۆڕانی بەسەردا دێت. بەڵام بەردەکەی سەرەوە بریتییە لەو دۆخەی کە ئێمە چاوەڕوانی ڕوودانین لە کات و ساتی ئاییندە و دەمژمێر و ڕۆژ و ساڵەکانی داهاتووی ئەو دۆخ و ڕووداوەدا. بۆ نموونە لە گەشتێک یان بۆنەیەکی خۆشیدا کات زوو تێپەڕ دەبێ، چونکە باری مێشک یان باشتر وایە بڵێین بەردەکەی سەرەوەی ئاش سووکترە. بەڵام کاتێک کە لە هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەیەک چاوەڕوانی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆ کەسێکی نزیکمان، کە لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا تووشی پێکدادان هاتووە، دەبین، کات زۆر درەنگ تێپەڕ دەکات، چونکە لەو ئان و ساتەدا مێشکی خۆمان و کەسانی دەوروبەرمان سەرقاڵی بیرکردنەوەیە لە هەموو ئەو ڕووداو و سیناریۆیانەی دوای کاتژمێر و ڕۆژ و ساڵەکانی تری ئەو ڕووداوە، کە چی دەبێ یان نابێ و، ئەو هەموو بیرکردنەوەیەش کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر مێشکەوە دەبێ و بارەکەی زۆر قورس دەکەن، بە جۆرێک کە بارگرانییەکی یەکجار زۆری بەسەر مێشکەوە دەبێت، هەربۆیەش هەموومان هەست دەکەین کە کات وەستاوە و ناجووڵێ یان زۆر ئەستەم تێپەڕدەکات. شیکردنەوەشی بەو جۆرەیە کە هەموو ئەو ڕووداو و بیرکردنەوانە، کە دەگەنە مێشک دەکەونە خانەی پرۆسەی لێکدانەوە و شیکردنەوەیان بۆ دەکرێ و ئەوەش کاتی زیاتر دەخایەنێ و وزەیەکی زیاتری پێویستە.
هەمان ئەو دۆخە لە کاتی دەسەڵاتی بۆگەنی ڕژێمی بەعس و سەدامی گۆڕبەگۆڕ یەکێک لە ئاڵۆزترین و قورسترین دۆخەکانی ژیانی تاکی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان بوو. کۆمەڵگەی کوردستان بەدەست نەهامەتییەکانی ئەو سەردەمە دەیناڵاند و زۆرینەی ڕەهای تاک و خێزانەکان قۆچی قوربانیی زۆڵم و ستەم و نادادپەروەرییەکانی ئەو ڕژێمە بوون. ڕۆژانە گەنجان بە بیانووی جیاواز دەستگیر و قۆڵبەست دەکران و ڕاپێچی بەندیخانەکان دەکران و خێزانەکانیان شپرزە دەبوون. ڕۆژانە هەواڵی شەهید و برینداربوونی پێشمەرگە دەبیسترا و چەندەها ئافرەت بێوەژن دەبوون و منداڵەکانیان بێسەرپەرشت دەمانەوە. ڕۆژانە هەواڵی ئەنفالە بەدناوەکە لە دژی هەزاران منداڵ و پیر و جوان و ژنانی ئەو کۆمەڵگەیە لە یەکتری و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەبیستران و خەڵکی لەوپەڕی ناخۆشییەوە تووشی دڵەڕاوکێ و ترس و تۆقین دەبوون. ڕۆژانە دەزگا سیخۆڕییە ئەمنییەکان لە کۆڵان و گەڕەک و دەزگاکانی میری و خوێندنگە و زانکۆکان بەهاوکاریی خۆفرۆشان لێپێچینەوەیان لەگەڵ کاسبکاران و کەسان و فەرمانبەران و قوتابیان و مامۆستایان دەکرد و بیانوویان پێدەگرتن و ئازاری دەدان یان سووکایەتییان پێدەکردن. هەواڵی کیمیاباران، جەنگ و کوشتن و تاڵانکردن و فەرهوود و ڕاگۆاستن و تیرۆر و قڕکردنی کورد، هەواڵە دەردناکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریی ئەو سەردەمە نگریسە بوون و، وەک دیارە تاک و کۆمەڵگەی کوردی هەردەم شڵەژاو و داماو بوو و دۆخێکی سەخت و کوشندە و پڕ لە کولەمەرگی بەڕێدەکرد و وەک دیاریشە ئەو هەموو ناخۆشییانە بارێکی گرانبوون لەسەر مێشک و سایکۆلۆژیای تاکی کورد و هەمیشە ئەو مێشکە ئاوێتەی نەخۆشی و دەردەکان بوو و هەمیشە سناریۆ تراژیدییەکان لە ڕابردوو و ئێستا و ئاییندەدا بەشێکی زۆری مێشک و یادگەی ماددیی مرۆڤی کوردی بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکرد و ئەوەش بۆ ئەو مێشکە بارگرانییەکی فیزیکی و سایکۆلۆژیی قورس بوو، کە هەموو کەس لە داهاتووی خۆی بێئۆمێد دەبوو و لە ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی بەردەوام هیچ ئارامیی نەبوو و ئۆقرەیی لێسەنرابوو و پەریشانی و دەرد و ناڵە سەرتاپای وجودی تەنیبوو. بۆیە هەستیاندەکرد کە کات وەستاوە و ناجووڵێ و ئاستی ئەو شپرزەییە ئەوەندە باڵا و بەرز بوو کە میللەتی کورد تێکڕا ئەو بڕوایە و وەهمەی لا دروست ببوو کە گوایە ڕژێمی بەعس تاهەتاییە و ڕووخانی نییە و ئەو دەرد و ناخۆشییانە کۆتاییان نییە و لەو بەینەشدا نۆکەرانی ئەڵقە لە گوێی ڕژێم و جاش و خۆفرۆشانیش لە لایەک بەهاوکاریکردنی ڕژێم باری سایکۆلۆژیی خەڵکیان قورستر کردبوو و ئەو میللەتە هەرگیز ئەو ساتانە لەبیر ناکەن کە چۆن جاشەکان و (مۆستەشارەکان) پێش جەلادان و سوپای بەعس دەکەوتن و بەشدارییان لە کوشتن و کیمیاباران و ئەنفالی خەڵکی کوردستان دەکرد و ئەو کارەیان وەک پەڵەیەکی ڕەش هەتاهەتایە بەنێو چاوانی ئەوانەوە دەبێ و لە مێژوودا باس دەکرێت.
ئەوە دۆخی کورد بووە لە دەیان ساڵی ڕابردوو لە هەموو پارچەکانی کوردستان و ئەو مەترسییانە هێشتا کۆتاییان پێنەهاتووە، هەربۆیەش ڕوانگەی کورد بۆ بابەتی کات و دەم بەو جۆرەیە و لەگەڵ بۆچوونی خەڵک و میللەتانی دیکە جیاوازە و، ئەوەمان لێدەخوازێ کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تراژیدیانە جارێکی دیکە بەخۆماندا بچینەوە و کار بۆ ئەوە بکەین لە ڕێگەی یەکگرتن و یەکدەنگی و یەکڕیزی و تەبایی و سازان لەگەڵ یەکتری، ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتییانە بگرین و ناوچەیەک دروست بکەین کە تیایدا ڕێزگرتن لەیەکتر و قبووڵکردنی هەبوونی جیاوازی بنەمایەکی سەرەکی بێت، بەتایبەت کە لە مانگێکداین کە خۆشی و ناخۆشییەکانی گەلەکەمان و بەتایبەت کیمیابارانکردنی شاری خۆشەویستی هەڵەبجە، لەخۆدەگرێ.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانکۆی زاخۆ