خەبات- سەرهەنگ نەجمەدین
بەسەرپەرشتی یەکێتی ناوەندی پایسکلسواریی عێراق، لە شاری بەغدا پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی یانەکانی عێراق لە سەر ئاستی کوڕان بەڕێوەچوو، لە پاڵەوانێتییەکەدا (14) یانە بەشدارییان تێدا کربوو، کە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند.
لەسەر ئاستی پێشکەوتووان، لە پێشبڕکێی تاک دژی کات( 50کم)، یانەی کۆیە بە کۆکردنەوەی 250 خاڵ پلەی یەکەم و یانەی سناعە بە کۆکردنەوەی 230 خاڵ پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەکەیان بەدەستهێنا.
لەسەر ئاستی لاوانیش، لە پێشبڕکێی تاک دژی کات( 40کم)، یانەی سناعە بە کۆکردنەوەی 250 خاڵ پلەی یەکەم و یانەی دهۆک بە کۆکردنەوەی 230 خاڵ پلەی دووەم و یانەی حەدبا بەکۆکردنەوەی 210 خاڵ پلەی سێیەم و یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 200 خاڵ پلەی چوارەمیان بەدەستهێنا.
عەبدولقادر نورەدین ئەندامی یەکێتی پایسکلسواریی عێراق لە بارەی ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکە بۆ خەبات ڕایگەیاند: بەهۆی بەرژەوەندیی گشتی و ئاسانکاری لە بەرێوەبردن و ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکە، بە باشمان زانی شاری بەغدا دەستنیشان بکەین بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە، بەتایبەتی زۆربەی یانەکان لە شاری بەغداوە نزیک بوون، خۆشبەختانە پاڵەوانێتییەکە تا ڕادیەکی باش سەرکەوتوو بوو، هەر یەک لە یانەکانی کۆیە و دهۆک و هەولێر نوێنەرایەتی یانەکانی کوردستانیان لە پاڵەوانێتییەکەدا کرد، سوپاس بۆ خودا یانە کوردستانییەکان ئەنجامی بەرزو شایستەیان لەپاڵەوانێتیەکە بەدەستهێنا.
هەروەها گوتی: بەنیازین دوای مانگی پیرۆزی رەمەزان، پاڵەوانێتی یانەکانی عێراق لە سەر ئاستی کچان ئەنجام بدەین، بەڵام تا ئێستا کات و شوێنی پاڵەوانێتییەکە دیاری نەکراوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا بەنیازین لە یەکێتی پایسکلسواریی عێراق کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەین و بڕیار لەسەر ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە بدەین.