ساڵیادی ڕاپەڕین و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی

258
چیا محه‌مه‌د هەرکی
ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر یادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی بەهاری ١٩٩١دا تێدەپەڕێت، ئەم یادە ئەوە دەهێنێت تیایدا چەندین دەسکەوت و شانازی وەبیر خۆمان بهێنینەوە، بەتایبەتی دەسکەوتی ئازادی و ڕزگاربوون لە جەور و ستەمی داگیركە ران و کۆتاییهێنان بە سەردەمی تاریکی داپڵۆسین و تۆقاندن، هەروەها شانازیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێم و جاڕدانی فیدراڵیزم و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و گەشەسەندنی ئابووری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.
دیارە هەموو ئەو دەسکەوت و سەرکەوتن و شانازییانەش، بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی گەلی کوردستان، بەرهەمی ڕووباری خوێنی شەهیدان و کیمیاباران و ئەنفال و جینۆسایدکردن، لەسەرووشیانەوە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگوتاری و یەکدەستی و یەکدەنگیی گەلی کوردستان بوو بە ڕابەرایەتیی بەرەی کوردستانی.
ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەناو ئەو مێژووەی دەسکەوت و سەرکەوتن و شانازییەدا، ڕۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە بوو، بەتایبەتی کە یەکەم سەرۆکی حیزب و سەرکردەی سیاسیی ناو بەرەی کوردستانی بوو، کە دەستپێشخەریی بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراسییانە و پێکهێنانی حکوومەتی یاسا و بەدامەزراوەییکردنی وڵات کرد، هەڵبژاردنێک کە بەرهەمی دەنگ و ئیرادەی ئازادی گەلی کوردستان بێت و حکوومەتێک کە ببێتە نموونەی دیموکراسی لە ناوچەکە.
سەرۆک بارزانی کە بە چەند ڕۆژێک لە دوای ڕاپەڕین لە وتارێکیدا لە شاری کۆیە گوتی: “هەرچی پێویستە بەرەی کوردستانی تاکوو کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی قانوون و ئینتیخاباتێکی ئازاد کە لە سەرتاسەری کوردستان بکرێت، بە هەموو هێز و توانایەکییەوە هەوڵ دەدات کە لە پشتی ئەو دامودەزگایانە بێت کە ئیدارەی وڵاتەکەمان دەکەن، بە هیچ شێوەیەک نامانەوێ صیغەیەکی موعەییەن بەسەر جەماوەری گەلی کوردستان فەڕز بکەین، بەڵکوو دەبێ کوردستان ببێتە نموونەی دیموکراتی و ئازادی.”، بەم هەڵوێستە نیشمانی و ئازادیخوازییەی، بە هەمووانی گوت کە دەبێ لەپێناو بەڕێوەبردنی وڵات بەشێوەیەکی دامەزراوەیی و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی باش و دامەزرانی حکوومەتی یاسا، دەبێ شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێبهێڵین و سندووقەکانی هەڵبژاردن و دەنگ و ئیرادەی ئازادی گەلی کوردستان بکەینە سەنگی مەحەک.
ئەمڕۆ کە یادی ٣٤ ساڵەی ڕاپەڕین دەکەینەوە، گرنگە دووبارە ئەو پەیامە نیشتمانسازییەی سەرۆک بارزانی وەبیر خۆمان بهێنینەوە، کە هەوێنی ئەم گەشەکردن و پێشکەوتنە سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان کە دەیبینین. پەیامێک کە دواجار هەرێمی کوردستانی لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهاندا، کردە نموونەیەکی گەشی ئازادی و دیموکراسی.