پەرلەمانی كوردستان، ئەركی نووسینەوەی دەستوور و دەنگدان لەسەر یاسا هەڵپەسێردراوەكان

197
مەرد عەلی خاڵە*
بە دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان، قۆناغێكی گرنگ و هەستیار لە مێژووی سیاسیی و یاسایی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات. ئەم قۆناغە نوێیە، كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیارێتیی گەورە دەخاتە سەر شانی ئەندامانی پەرلەمان. بە تایبەت لە ڕووی چارەسەركردنی ئەو كێشە یاسایییانەی كە ساڵانێكە چارەسەر نەكراون و پێویستیان بە بڕیاری یەكلاكەرەوە هەیە. لەوانەش گرنگترینیان نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستانە.
دەستوور، وەك دایكی یاساكان و چەتری كۆكەرەوەی پێكهاتە سیاسیی، ئیتنیكی و كۆمەڵایەتییەكان، لە كۆمەڵگەدا. گرنگیی ژیانی و ژیاریی گەورەی هەیە. گرەنتیی پێكەوەژیان و دەستەبەركردنی مافە سروشتی و شارستانییەكانی تاك و كۆمەڵە. هۆكاری سەقامگیری و ژیانی ئاشتییانەیە.
سەرباری پێگە یاسایییەكەی; وەكو ڕێكخەری ژیانی كۆمەڵ و پێكهاتە جیاوازەكانی. گرنگیی سیاسیی، نەتەوەیی و نیشتمانیی هەیە. لایەنی گرنگیی پێگەی مەعنەویی هەرێمی كوردستانە. چ لە ناوخۆدا، چ لە چوارچێوەی حكومەتی فیدڕاڵی و هەروەها لەناو كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا. هێمای شارستانی، شكۆ و شانازییە.
هەرێمی كوردستان، وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی عێراقدا، لە دەستووری عێراق، لە مادەكانی 115 تا 121، مافی هەبوونی دەستووری تایبەت و دەركردنی یاسای نوێی پێ دراوە.
خۆگونجاندن لەگەڵ جیهانی نوێی پڕ لە گۆڕانكاریی خێرا، پێویستی بە یاسای سەردەمی و چوارچێوەی یاسایی هەیە. ئەمە ئەركی پەرلەمانتارانی خولی نوێ گرانتر دەكات. چ بە نووسینەوەی دەستوور، چ بە ڕێكخستنەوە و هەمواركردنەوەی یاساكان، بە جۆرێك لەگەڵ گۆڕانكارییە خێرا و نوێیەكاندا تەبا و گونجاو بن. پارێزەری مافەكانی هاوڵاتیان بن.
لە ماوەی ڕابردوودا، كۆمەڵێك پڕۆژەیاسا و بڕیاری گرنگ لە پەرلەمانی كوردستان هەڵپەسێردراون. كە هەریەكەیان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتیان و پێشكەوتنی كۆمەڵگەوە هەیە. ئەم دۆخە پێویستی بە بە هەنگاوی خێرا و كاریگەر هەیە، بۆ دەرچواندنی یاسای نوێ و هەمواركردنەوەی یاسا كۆنەكان، بە شێوەیەك لەگەڵ پێداویستییەكانی سەردەم و ئەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتوون بگونجێن.
نووسینەوەی دەستوور، پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پێكهاتە و هێزە سیاسییە جیاوازەكانی ناو كۆمەڵگای كوردستان هەیە. تا دەستوور چەتری كۆكردنەوەی هەمووان بێت، ڕەنگدانەوەی جیاوازییە ئایینی، كولتووری و ئیتنیكییە فرەڕەنگەكانی كۆمەڵگای كوردستان بێت. ماف و ئەركی هەمووان لە كۆمەڵێكی شارستانیدا بە شێوەیەكی دادپەروەرانە جێگیر بكات.
لە ساڵانی ڕابردوودا، گەلێك كێشە لە نێوان حكومەتی هەرێم و دامودەزگاكانی حكومەتی فیدڕاڵیدا هەبوون و هەن. كە بوون بە بەربەست لەبەردەم مافە سرووشتی و شارستانییەكانی هەرێم. نووسینەوەی دەستوور، دەبێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەكان و پڕكردنەوەی ئەو بۆشایییە یاسایییانەیش، كە كەسان و هیزی سیاسیی لە عێراقدا دژ بە كیانی هەرێم و خەڵكی كوردستان كەڵكیان لێ وەرگرتووە. هەروەها دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی دەستووری، یاسایی و سیاسیی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا. هاوكات پێگەی هەرێم لە دەوڵەتی فیدراڵدا قایمتر دەكات، بەو پێیەی دەستووری عێراق، هەرێمی پێگیر(ملزم) كردووە بەوەی دەستووری خۆی هەبێت. بەجێهێنانی ئەم بنەما دەستوورییە لە بەرژەوەندیی پێگەی سیاسیی و یاسایی هەرێمی كوردستانە.
سرووشتی كۆمەڵگەی كوردستان;بە بوونی ئایین و ئایینزای جۆراوجۆر، پەیوەست بە نەریتە دێرین و هەمەڕەنگەكان، فرەیی سیاسیی. هەروەها بوونی باوەڕ و دیدگای هاوچەرخ بۆ سیستەمی سیاسیی و كرانەوە بە ڕووی دنیای نوێدا، پەرلەمان ئەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورە و هەستیار; نووسینەوەی دەستوورێك كە ڕەنگدانەوەی خواست و مافی هەمووان بیت، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە. بە جۆرێك هەمووان هەست بە پارێزراویی مافەكانیان بكەن و، وێنە و پێگەی خۆیانی تێدا ببیننەوە.
ئەمە پێویستی بە بەشداریی هەمووان و، شارەزایی و لێزانیی لایەن و كەسانی پسپۆڕی بوارە جیاوازەكان هەیە. تا بەیەكەوە مافەكانی هەمووان ڕەنگڕێژ بكەن و، ئەركە شارستانییەكانی تاك و پێكهاتەكان لە چوارچێوەی یاسای نوێدا دیاری بكەن. هەروەك هێزە سیاسییەكان لە ڕێگەی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانەوە، هاوكار و یەكدەست بن بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە نیشتمانی و شارستانییە چارەنووسسازە.
* ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان