
ڕۆژی دووشەممە، 24ی 2ی 2025 وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، 16 قەوارە و كەشتیی، بەهۆی تێوەگلانیان لە پیشەسازیی نەوت و پترۆكیمیایی ئێران سزا دا.
هاوكات وەزارەتی دەرەوە و نووسینگەی چاودیڕیی سامانی دەرەکیی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە یەک کاتدا سزایان بەسەر 22 کەسدا سەپاند و 13 کەشتیشیان وەک موڵکی بلۆککراو دەستنیشان کرد، بە هۆی تێوەگلانیان لە پیشەسازیی نەوتی ئێران.
بەهۆی ئەم تێوەگلانانە، سزاکان بەشێكی كەرتی نەوتی ئیمارات و هۆنگ کۆنگ و چینیشی گرتووەتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: “ئەم تۆڕە لە کەشتیوانیی نایاسایی کار دەكەن بۆ شوێنەونكردنی ڕۆڵی خۆیان لە بارکردن و گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ فرۆشتن بە کڕیاران لە ئاسیا. ئەوان دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار ناردووەتە دەرەوە.”
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: “ئەو کارەی ئەمڕۆ ئەنجاممان دا هەنگاوێکی سەرەتاییە لە هەڵمەتی سەرۆک ترەمپ بۆ فشارخستنە سەر ڕژێمی ئێران.”
ئاماژەی بەوەش داوە: “ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگرتن بەم كارە نایاساییانەی ئەم ڕژێمە تا ئەو کاتەی ئێران داهاتی وزەی خۆی بۆ دابینکردنی بودجە بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانمان و پشتیوانیکردن لە تیرۆر لە سەرانسەری جیهان و نانەوەی ناسەقامگیری بەكار ناهێنێت.”