خەبات: ساسان دەروێش:- سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی حزب و لایەنە کوردییەکان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و نووسینەوەی دەستوور و شەراکەت لەگەڵ عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لە 2003، کوردی باشووری لە کەناری نائارامییەوە گەیاندە سەقامگیری و کیانێکی سیاسی له‌ هەرێمی کوردستان، دیارە کۆپی ئەم ئەزموونەش بۆ سووریا و داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەم 2024 بۆ ئه‌وه‌ی ببێتە بنەمایەک بۆ سەقامگیری هەموو پێکهاتەکانی سووریا، ده‌ستكه‌وتێكی گرنگه‌، لەم بارەیەشەوە ئیبراهیم برۆ، ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە له‌ دیدارێكدا بۆ خەبات دوا.

ئیبراهیم برۆ، سەبارەت بەچوونیان وەک نوێنەرایەتی ئەنەکەسە بۆ دیمەشق به‌ خەباتی ڕاگه‌یاند: ئێمە بەناوی نوێنەرایەتیی ئەنەکەسەوە وەک شاندێک لە دیمەشقین، پێشتر عەبدولحەکیم بەشار لەوێ بوو، بڕیاری ئەنجوومەنەکە ئەوە بوو کە ئەو دابڕانە لە شام نەهێڵین، زیاتر لەگەڵ خەڵک و کونسوڵ، ئۆپۆزسیۆن و نوێنەرایەتییەکان و خەڵکی سووریا لە پێکهاتەکان گفتوگۆ بکەین و دیدار و سەردان ساز بکەین و کاری خۆمان بەردەوام دەکەین و سەرکەوتووین، ئەوانەی پێشتر لە دەرەوەی سووریا گفتوگۆمان لەگەڵیاندا دەکرد، ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ سووریا و پێویستە ئێمەش بەردەوام بین لەگەڵیان و بێگومان لەئێستادا بیانوویەک بۆ نەبوونی ئەنجوومەن نییە و نووسینگەمان هەیە و هەڤاڵان لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە دیمەشق بەردەوام کاریان کردووە و ئەحمەد شەرع خۆی لە بینینی حزبە سیاسییەکان دەپارێزێت تاوەکو ئێستا هیچ کیانێکی سیاسی نەبینیوە.

ئیبراهیم برۆ دەشڵێت: لە ڕۆژی 16ی شوباتی 2025، د.عەبدولحەکیم بەشار، ئیبراهیم برو بە ئامادەبوونی مهابات نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد – سووریا لە دیمەشق، دیدارێکمان لەگەل حەسەن دغێم سەرۆکی لیژنەی دیالۆگی نیشتمانی کرد، لەو کۆبوونەوەیەدا بە تێروتەسەلی باسمان لە پێداچوونەوە بە ڕۆڵی ئەنجوومەن و قوربانیدانی ئەو ئەنجوومەنە کرد لە خەبات و تێكۆشانی بەردەوامی لە شۆڕش دژ بە ڕژێمی ئەسەد، چونكه‌ ئەنجوومەن لە پێناوی ئازادی کورد و سووریا قوربانی و شەهیدی زۆری بەخشیوە و ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەنجوومەن نوێنەرایەتیی زۆرینەی گەلی کوردستان دەکات و نەمانگوتووە ئەنجوومەن تەنیا نوێنەری هەموو گەلی کوردین، بەڵام ناشکرێ ئێمە شەریک نەبین لەگەڵ ئیدارەی ئێستا و پێویستە بەشداربین لە پرۆسەی سیاسیی داهاتووی سووریا.

ئیبراهیم برۆ ڕاشیگەیاند: ڕۆژی 20ی شوباتی 2025 کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکاریی دیالۆگی نشتیمانی لە پارێزگای حەسەکە لەدیمەشق کرا، بەداخەوە هیچ حزب و لایەنێکی کوردی بانگهێشت نەکردبوو، تەنیا چەند کەسایەتییەکی کورد وەکو تاک بانگهێشتکرا بوون، ئەمەش پەراوێزخستنی حزبە کوردستانییەکانە، بۆیە داوای بەشداریکردنی حزبی کوردی دەکەین، چونکە نابێ کورد لە داڕشتنەوەی داهاتووی سووریا پەراوێز بخرێت، دیالۆگی نیشتیمانیی سووریا دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ داڕشتنی داهاتووی وڵات، بەڵام پەڕاوێزخستنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە دانیشتنەکانی دیالۆگی نیشتیمانی، پێشێلکردنی بنەمای هاوبەشیی نیشتیمانییە.