سهرهتا وتار هەوڵەکانی جەنابی سەرۆک لە پێناو ئاشتی بەرهەمدارن
عومەر ئەرگوشی
گەلی کوردستان لە مێژووی خۆیدا قوربانی زۆری داوە لە شەڕە سەپێنراوەکانی سەر خەڵکی کوردستان، هەمیشەش پاش هەموو شەڕەکان و زیانە گەورەکان، پەنایان بۆ ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانە بردووە، جەنابی سەرۆک بارزانی وەک ڕۆڵەیەکی بە ئەمەکی گەلەکەمان لە هەموومان زیاتر کارەسات و مەینەتی بینیوە و زیاتر لە مانای شەڕ و کاولکاری تێدەگات، بۆیە هەمیشە ئامۆژگاریی یەکەم و کۆتاییەکەی ئەوەیە تا ناچار نەبن پەنا بۆ چەک مەبەن، تا تروسکەیەکی ئومێد بە ئاشتی هەبێت بە دوای بکەون و تا ڕێگایەکی تر هەبێت ڕێگای شەڕ نەگرنەبەر، ئەمە ئاموژگاریی جەنابی سەرۆک بارزانییە بۆ حزبەکان بەگشتی و بۆ پەکەکە و هەسەدە و تەنانەت هەڤاڵان لە ڕۆژهەڵاتیش.
شایانی باسە ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٣ پەکەکە بەپیێ ئامۆژگاری و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک هەڵسوکەوتی بکردبا و وەک ئێستا بەپەرۆش بان بۆ ئاشتی، نە گەلەکەمان تووشی ئەو مەینەتییانە دەبوو، نە پەکەکە بەو قۆناغە خراپە دەگەیشت کە دوژمنی زۆرن و دوستیشی کەمن، هەڵبەت لە ناو ئاشتی دەتوانی ئەڤین بەهێز کەی و وڵات ئاوەدان بکەیتەوە و دۆستایەتی و برایەتی جێگای دوژمنایەتی دەگرنەوە، بۆیە حزبەکان لە مێژووی خۆیاندا نەچوونەتەبەر دەرگای هیچ ماڵێک تا شەڕیان لەگەڵ بکەن، هەمیشە هەتا چەقۆ نەگەیشتبێتە سەر ئێسقان و شەڕ نەکەوتبێتە ناو کۆڵانەکان و بەر دەرگای ماڵەکان، پارتی بژاردەی شەڕی نەبووە، وەفدی ئیمرالی خۆزیا دە ساڵ زووتر بهاتبانە خزمەت جەنابی سەرۆک کە لەمێژ بوو ئاشتی چەسپابوو و برینەکان سارێژ بووبوون، خوزیا بەر لە دە ساڵ پەکەکە وەک ئەمڕۆ بە گوێی جەنابی سەرۆکیان بکردبا کە ئەمڕۆ حسابی پەکەکە لە شوێنێکی تر دەبوو، لەو باوەڕەدا بووم گەلی کوردستان لە باکوور و باشوور و هەموو پارچەکانی کوردستان سوودمەندی یەکەم دەبوون.
گەلانی ناوچە و جیهانیش زیاتر شانازییان بە کوردستانەوە دەکرد و ئەو دیموکراسییەی کە شانازی پێوە دەکەین، ئەمڕۆ لە قوناخێکی تری پەرەسەندن و پێشکەوتندا دەبوو، ئارامی و هێمنایەتیش باڵی بەسەر ئەو سنوورانەدا دەکێشا کە ڕۆژانە لە ئەنجامی شەڕ و بومبارانەکان دووکەڵی لێ هەڵدەستێ و هاووڵاتییە بێگوناحەکانمان دەبنە قوربانی و لە باکووری کوردستانیش کەمتر خەڵک لە زیندانەکان ڕۆژگاریان بەسەر دەبرد و شار و شارۆچکەکانی باکووریش لە جیاتی شەڕ خەریکی ئاوەدانی و خوشگوزەرانی دەبوون.