هەوڵى خنکاندنى کورد لە کەرکووک شکستیخوارد

597

ڕێبوار حەمەلاو شوانى
مێژوو و کردەوە و ڕەفتارى ستەمکارانە و دوژمنکارانەى ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق بەرانبەر بە کوردستان و بەتایبەتى شارى کەرکووک بابەتێکى نوێ نییە، دەیان جار لە ماوەى 100 ساڵ داگیرکردنى ئەو شارە و هەوڵى سڕینەوە و قڕکردن و لەناوبردنى شوناسى ئەو شارە و گۆڕینى دیموگرافیا و نکۆڵیکردنى کوردستانیبوونى ئەو شارە دێرینەیەى کوردستان دراوە، هەزاران کەس شوێنبزر و ئەنفال و تیرۆر و لە نێو زیندانەکانى شۆڤێنییەکانى دوێنێ و ئەمڕۆ شەهید کران، دەیان پیلانگێرى و خیانەت و گەلەکۆمەکى بەرانبەر بە کەرکووک و کەرکووکییە ڕەسەنەکان و هەوڵى بەعەرەبکردن درا، بەڵام داگیرکەران و دوژمنانى کەرکووک پووکانەوە و نەمان، بەڵام کەرکووک و شوناسە کوردستانییەکەى و کوردە ڕەسەنەکانى هەرمانەوە.

ئەوەى چەند ساڵێکە، دەسەڵاتدارانی شۆڤێنی نێو حکوومەتەکانى عێراق بەرانبەر بە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە کێشە لە سەرەکان پەیڕەوى دەکەن، درێژەپێدەرى هەمان زێهنییەتى فاشیزمى و شۆڤێنییەکانى بەغدای بەعسە بەرنمبەر بە کورد و کوردستان و، هەرجارەو بە پاساو و شانۆگەرى و سیناریۆیەک هەوڵى ئازاردان و گەمارۆدانى گەلى کورد دەدەن، بەتایبەتى شارى کەرکووک کە زۆر هەوڵدرا شوناس و ناسناوەکەى شوێنبزر بکرێت، هەڵبەتە ئەوەى کە زیاتر لە نەیاران و دوژمنانى کوردستان زیانى بە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان داوە، خیانەت و ساویلکەیى هەندێک کۆلکە سیاسی بوو کە فڕیوی حەز و خواستە بێبەهاکانى خۆیان خوارد و کەرکووکیان ڕادەستى دوژمنانى کەرکووک کرد.

ئەو ستەمکاری و ئازاردانەى کە دوێنێ و ئەمڕۆ بەرانبەر بە خەڵکى کەرکووک و جووتیاران و خاوەن زەوییەکان کراوە و درێژەى هەیە، بەهۆى ئەو ناپاکی و ساویلکەییە بوو کە لە ڕۆژى 16ى ئۆکتۆبەر بەرانبەر ئەو ناوچە کوردستانییانە کرا، ئەگینا ئەستەم بوو ئەمڕۆ هەوڵى خنکاندنى جووتیاران و ستەمکارى لەلایەن سوپا فشۆڵ و شکستخواردوو و فاشیزمەکەى عێراقەوە بکرێت.

بەتایبەتى ئەمڕۆ کەرکووک خاوەن پارێزگارێکە، کە تەنیا دەسەڵاتێکى کارتۆنی هەیە و نەیتوانیوە و ناتوانێت بەرگرى لە کورد و جووتیاران و زەویوزارەکانیان بەرانبەر ئەو هێرش و پەلاماردانەى سوپای شۆڤێنەکانى عێراق بکات. پارێزگایەک کە جگە لە ڕۆمانسى بوون و ناسکبوون هیچ هێز و ئیرادەیەکى کوردبوونى تێدا نابینرێت.

ئەمرۆ لە سایەى خیانەتى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 و ڕێککەوتنى 10ى ئابى 2024ى ئۆتێڵ ڕەشید، کە بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەماکانى سازان و بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلى کورد و کەرکووک، تەنیا لەپێناو پۆستێک، سازشى لە سەر هەموو بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و کەرکووک کرد، ئەوەیش بە ڕێگەى سازش کردن و ڕێککەوتن لەگەڵ شۆڤێنییەکان پێدەچێت بەڵێنى ئەوەیان پێدرابێت کە چیتر ئاڵاى کوردستان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان ناگەڕێنەوە ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان و بەتایبەتى کەرکووک، هەر ئەوەشە کە هەموو ڕۆژێک ستەمکار بەرانبەر بە خەڵکى ئەو ناوچانە ئەنجام دەدرێت و هەوڵى دەرکردنیان لە سەر زێدى ڕەسەنى باب و باپیرانیان دەدرێت.

بۆیە، ئەو هەڵوێستە مەردانە و کوردانەیەى جووتیارانی کەرکووک و نەهاتنەخوارەوەیان لەسەر تراکتۆرەکانیان و ئەگەرچی هەوڵى خنکاندیان درا؛ نموونەی نیشتمانپەروەری و کوردایەتییانە و بە هەموو شۆڤێنییەکانى عێراقیان گوت کە، ئێمە بە خوێن و گیانمان بەرگریی لە خاکى نیشتمان و زێدى باب و باپیرانمان دەکەین، ئەو جووتیارانە سەلماندیان کە تا کوردێک مابێت ڕێگە نادرێت بستێک خاکى کوردستان لەژێر پۆستاڵى داگیرکەر و فاشیزمەکانى عێراق بمێنێتەوە. ئەو کردەوەیەی سوپاى شۆڤێنیى عێراق و بەرگریی قارەمانانەى جووتیارانى کورد لە سەرگەڕانى کەرکووک، جارێکى تر بەرگریی لە شوناس و کوردستانیبوونى کەرکووکى دڵى کوردستان کرد و بە داگیرکەرانى گووت ئەگەر هەوڵى خنکاندنیشمان بدەن، خۆمان ناچەمێنین و دەستبەرداری بستێک خاکى کەرکووک و کوردستان نابین.