نەوت لە عێراق نیعمەتە یان نەگبەتە؟!

196

ڕەمزی میرەكانی
دۆزینەوەی نەوت لە عێراق بۆ ساڵانی سییەكانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، كە لەسەر دوو دەستی كۆمپاینای بریتانی بوو، بەڵام ئەمە وای كرد، چاوەكان بكەوێتە سەر عێراق و بووە مایەی بایەخ پێدان و قۆرخكاریی جیهانیی، لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە بایەخیان بە نەوت و تەكنەلۆژیای تایبەت پێی دەدا، داهاتی ئەوكاتی نەوت نەدەگەڕایەوە نێو گەنجینەی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەڵكو داهاتەكە دەچووە دەستی ئەو دوو كۆمپانیا بریتانییەی كە لە سەرەوە باسمان كردن، ئەوانیش داهاتەكەیان بەم شێوەیە دابەش دەكرد، دوو لەسەر سێ بۆ خۆیان و یەك لەسەر سێش بۆ عێراق.

بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و زۆربوونی داهاتی نەوت، ئەو كۆمپانیایانەی تەكنەلۆژیای دەرهێنانی نەوتیان داهێنابوو، چەند مەرجێكیان لەسەر عێراق دانا، یەكێ لەوانەش، نەدەبوو عێراق بە خۆی بیر لێ بدات و نەوت دەربهێنێت، بەمەش عێراق بووە پاشكۆی ئەو كۆمپانیایانە، چونكە بۆی نەبوو لە خۆیەوە ئامێری لێدانی بیری نەوت هاوردە بكات، بەڵكو ئەو كۆمپانیایانە خۆیان ئامێری بیرلێدانیان بەو نرخە پێ دەدا، كە پێیان باشبوو، عێراق لە ڕووی داراییەوە سوودی لە داهاتی نەوت وەرگرت، ئەگەر بە كەمیش بووبێت، بەڵام توانی ژێرخانی چەندین كەرتی گرنگی وەك تەندروستی، پەروەردە و دروستكردنی بەنداوی پێ دابمەزرێنێت.

كە حزبی بەعس لە ساڵی 1968دا دەسەڵاتی گرتە دەست، لە ساڵی 1972دا نەوتی خۆماڵی كرد، بەمەش داهاتی نەوت بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد، بەڵام حزبی بەعس، داهاتی نەوتی بە شێوەیەكی خراپ بەكارهێنا، نەچوو پەرە بە كەرتی ئابووری بدات و سەرچاوەكانی هەمەچەشن بكات، زۆربەی كەرتەكانی دیكەی سەرچاوەی داهاتی پشتگوێ خست و تەنیا بایەخی بە كەرتی نەوت دا، بە لێشاو خەڵكی لە كەرتی گشتی دامەزراند، كە بۆ ئەودەم بە گوێرەی پێویست نەبوو، عێراق تووشی نەخۆشی هۆڵەندی بوو، چونكە هۆڵەندا لە ساڵانی پەنجاكاندا، تەنیا بە داهاتی نەوت و غاز دەژیا، بەمەش بێكارییەكی بەرچاو ڕووی لەو وڵاتە كرد، بەڵام حكوومەتی هۆڵەندا زوو بە خۆیدا چوویەوە و چارەسەرێكی گونجاوی دۆزییەوە، چونكە كاتێك وڵاتێك تەنیا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، دەبێتە وڵاتێكی بەركار نەوەك بەرهەمهێنەر، ئەوەش زیان لە ئابووری نیشتمانیی دەدات.

لە ماوەی 35 ساڵی دەسەڵاتی حزبی بەعسدا، واتە لە ساڵی 1968ـەوە تاكو ساڵی 2003، ژمارەی فەرمانبەر و كارمەندانی میری 800 هەزار كەس بوو، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەو ژمارەیە بۆ 4 ملیۆن كەس بەرز بوویەوە، ئەوەش لەبەر هۆكاری سیاسیی بوو، بەتایبەتی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیی، كە پارتە دەست ڕۆیشتووەكان بۆ هێنانی دەنگ و كورسی زیاتر لە پەرلەماندا، بە لێشاو و بە هەڕەمەكی خەڵكیان لە كەرتی گشتی دامەزراند، ئەو دیاردەیەش بە هۆی نەبوونی پلان بۆ دامەزراندنی كەسانی لێهاتوو و پێویست لە شوێنی گونجاو، بووەتە بارگرانی بەسەر ئابووری ئەو وڵاتەوە، بەو پێیەی ساڵانە بە سەدان تریلیۆن دینار وەك مووچە دەدرێتە كەسانی نەشیاو، كە بەشێكی هەرە زۆریان بندیوارن و هەر دەوامیش ناكەن، یان بەناو كارمەندی میلیشیا چەكدارەكانن، كە بێجگە لە زیان، هیچ سوودێكیان بۆ ئەو وڵاتە نییە.

عێراق دەبوو سوودی لە داهاتی نەوت وەربگرتایە و چاوی لەو وڵاتانە كردبایە، كە وەك ئەو نەوتیان هەیە، بەڵام كەرتەكانی دیكەشیان فەرامۆش نەكردووە و بایەخیان پێی داوە، ئەگەر وڵاتێكی وەك ئیمارات بە نموونە وەربگرین، كە ئەویش لە سەرەتاوە نەوت تاكە سەرچاوەی داهاتی بوو، ئێستا بە شێوەیەكی زۆر پشت بە سەرچاوەكانی دیكەی داهات دەبەستێت و پشت بەستنی بە داهاتی نەوت زۆر كەم كردووەتەوە، وەك كەرتی گەشتیاریی، كە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر لە هەموو دونیاوە سەردانی ئیمارات دەكەن، ئەوەش بۆ ئەو شوێنە جوان و ناوازانە دەگەڕێتەوە كە دروستی كردوون، عێراقیش دەتوانێت سەرچاوەكانی داهاتی هەمەچەشن بكات، ئەگەر بایەخ بە كەرتە گرنگەكانی دیكەی وەك كشتوكاڵ، گەشتوگوزار و پیشەسازی بدات و پلانێكی تۆكمەیان بۆ دابنێت، بەڵام تاكو تەنیا بە پشتی داهاتی نەوت ببەستێت، دۆخی ئابووری خراپتر دەبێت باشتر نابێت.