سهرهتا وتار یەکێتیی لاوان قوتابخانەی پێگەیاندنی نیشتمانپەروەران
محەممەد خۆشناو
لە یادی ١٨ی شوبات ٧٢ ساڵەی دامەزراندنیدا، یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە وەرچەرخانی مێژوویی دایە، شکۆمەندانە ڕابەرایەتی و پێشەنگایەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات و شان بە شانی لاوانی وڵاتانی پێشکەتووی جیهان کار بۆ بەدیهێنانی ڕۆشنبیری و شارستانییەت و مەدەنییەت دەکات.
یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە ١٨ی شوباتی ١٩٥٣ لەسەر ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر دامەزراوە، وەکوو ڕێکخراوێکی چالاک و کارا دەورێکی کاریگەری هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی لاوانی کورد لەو سەردەمەدا بۆ بەئاگابوون لەو جموجۆڵە سیاسییانەی لەوکاتەدا ڕوویان دەدا و چەسپاندنی هەستی نەتەوایەتی لە خەیاڵ و بیر و هزری هەموو کوردێکدا و داکۆکییان لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد کردووە. لە مێژووی کورددا یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان شوێن و پێگەی خۆی هەیە و لە هەموو قۆناغەکاندا ئامادەیی هەبووە، بەشێکە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد. لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکێتیی لاوان دەستی کرد بە چالاکی ڕۆشنبیری، سیاسی و وەرزشی، یەکێتیی لاوان بەو پێشینەیەی لە بزاڤی لاواندا هەیبوو توانی ببێتە پێشەنگ بۆ خزمەت و داکۆکیکردنی لاوان کار لەسەر کێشە و داواکارییەکانی لاوان بکات و بەرگری لە دەستکەوتەکانی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان بکات.
یەکێک لە بایەخ و سەروەرییەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ئێستا و ڕابردوودا وەکوو قوتابخانەیەکی نەتەوەیی نیشتمانیی کوردایەتی بووە لە پێگەیاندنی سەرکردە و شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار و کادیری پێشکەتوو سەرەڕای پێگەیاندنی ژمارەیەکی زۆر لە ڕاگەیاندنکار و وەرزشکار. دوای ئەو هەموو ساڵەش جێ پەنجەی ئەوانە دیارە، چ لەناو حزبەکان یاخود لەناو حکوومەت و دامەزراوەکانی دیکە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەناو ئەو ڕێکخراوەدا کاریان کردووە.
لە کۆتاییدا جوانترین گوڵی پیرۆزبایی پێشکەش بە ئەوانەی کە دوێنێ قوتابی ئەم ڕێکخراوە بوونە و ئەمڕۆش کارهەڵسوڕێنەر و کاراکتەری بەرێوەبردنی وڵاتن. هەر بەرز و پیرۆز بێت (١٨ی شوبات) لە تەواوی لاوانی کوردستان بەتایبەت ئەندامان و کادیرانی ئەو ڕێکخراوە نیشتمانییە.