
خەبات- ئارام شێرکۆ- کەرکووک
هێرشکردنە سەر جووتیاران و ڕێگری لێکردنیان، لە کێلانی زەوییەکانیان، کارێکی نایاسایی و نادهستوورییە. سەبارەت بە ڕێگرییەکانی سوپای عێراق، له جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان و گوندی شناغە،
هێمن حەسیب؛ نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید، دەڵێت: ئەوەی بە جەنگ لە دەست بدرێت، هەر دەبێت بە جەنگ بە دەست بهێنرێتەوە. ئەمە یاسای ئەم ناوچەیە، کە قەدەر ئێمەی تێیدا خوڵقاندووە.
هاوکات وتیشی: کەمتر لە مانگێکە یاسای زەویوزار بۆ گەڕانەوەی زەویی جووتیارانی کورد پەسەندکراوە، کەچی سوپا هێرش دەکاتە سەر جووتیاران.
هاوکات هێمن حەسیب، ڕاشیگەیاند: مێژوو هەڵوێستی جووتیاران و ڕۆژنامەنووسانی کەرکوک لە یاد ناکات، کە چۆن لە سهنگهری بەرگریکردنن لە ناسنامەی كهركووك.
کاروان عادل بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوهی ئیدارەی هەرێم بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: بەپێی دهستوو پێویستە دادگا و پۆلیسی خۆجێیی ئهركی خۆی جێبهجێ بكات.
کاروان عادل گوتیشی: بەداخەوە هەروەک پیشەی هەمیشەییان، سوپای عێراق جارێکی تر هەڵیکوتایە سەر جووتیارانی کوردی غهدرلێكراو، ئەمە لە کاتێکدایە بە دوو بڕیاڕ سەرجەم ئەو بڕیارانەی کە لە ماوەی ڕابردوو کاریان پێدەکرا، بۆ داگیرکاری و بەعەرهبکردنی زەویوزاری کورد لە سنووری ناوچە کوردستانییەکان و پارێزگای کەرکووک بە تایبەتی، هەڵوەشێندرانەوه.
بڕیارەکانی (مكتب شؤون الشمال) کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە (٢٩) ی ساڵی ٢٠١٢، دووەمیان بڕیارەکانی (مجلس قیادە الثورە) كە لە ۲۱ی۱ ی ۲۰۲٥ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پڕۆژە یاسایەک دەنگی لەسەردراو پەسەندکرا، کە هەموولایەک چاوەڕوان بوون بەزووترین کات بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەداخەوە ڕۆژی 17ی 2ی 2025، سوپای عێراق جارێکی تر و بە هەمان نەفەسی بەعسەوە، هەڵیکوتایە سەر جووتیارانی گوندی شەناغە و ئەوەی نەدەبوو ڕووبدات لە پێشێلکردن و هەڵکوتانهسەر جووتیاران و سوکایەتی پێکردنیان کردیان، بۆیە ئێمە لە نووسینگەی کەرکووک/ دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دهرهوهی ههرێم، بە توندی ئیدانەی ڕەفتارەکانی سوپای عێراق، بەرامبەر جووتیارانی ستەمدیدەی گوندی شەناغە ئەنجامیان دا دهكهین، کە پێچەوانەی سەرجەم پرەنسیپ و بنەماکانی مافی مرۆڤ و دهستووری عێراقی فیدراڵە، ئومێد دەکەین هەرچی زووە حکوومەتی فیدراڵ بێتە سەر هێڵ و یاسای پەسەندکراوی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (مجلس قیادە الثورە) جێبەجێ بکات و کۆتایی بەو ستەم و داگیرکارییە بهێنێت.
د.هاورێ کەمال ڕاوێژکاری یاسایی لە لێدوانێکدا بە خەبات ی گوت: بەرەی سڕینەوەی گەلی کورد زۆر فراوانتر و زۆرترن لە بەعس، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە هەلومەرج بۆ رژێمی بەعس لوابوو، کە بگەنە بەرزترین ئاست لە جینۆساید و چەوسانەوەی گەلی کورد. لە عەقڵیەتی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ نانبڕین و سەربڕین و زمان بڕین (قەدەغەکردنی زمانی کوردی) و خاک بڕینشمان بینی!
بەڵام، دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت، ئەگەر گەلی کورد گەلێکی جوامێر و خۆڕاگر نەبێت، ببوو بە مێژوو، بەڵام کورد جگە لەوەی مێژوو و ئێستا و ئایندەیە، ئیلهامیشە بۆ مانەوە و بەرخودانی گەلانی تر!