
خهبات ـ پهری محهمهد
پرۆفیسۆر د. ئازاد نەقشەبەندی له لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات ڕایدهگهیهنێت: بێگومان سهرۆك بارزانی ڕۆڵێکی ئەرێنی دەبینێت كه لە بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد دەبێت، ههروهها ڕۆڵێکی گرینگ دەبینێت لە پڕۆسەی ئاشتی و گرینگترین شت ئەوەیە پڕۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بێت، بە چەندین شێوە پڕۆسەی ئاشتی دەکرێت بە خۆ بەدەستدانیش دەکرێت، بەڵام بێگومان ئەمەی ئێستا سەرۆک بارزانی پێش کوردانی باکوور ڕەفزی دەکاتەوە بەپێی شارەزایی و لێهاتوویی خۆی لە سیاسەت، کوردیش دەتوانن لە هەموو هەرێمێک یان لە هەر شوێنێک بێت مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، بەڵام بە خۆبەدەستهوهدان نەبێت و بەردەوام بن لە داواکردنی مافەکانی دیکەیان لە داهاتوودا.
نەقشەبەندی ڕاشیگەیاند: سەرۆک بارزانی یەکەم شت بیکات لە ئێستادا ڕێکخستنی یەکڕیزیی کوردە لەم وڵاتانەدا، لە ڕاستیشدا بەکارهێنانی سەنگی خۆی و سەنگی هەرێمی کوردستانە، پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانەی کە کوردی لێیە وە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیادا بە دەرەجەی یەک و ئەم دەستپێشخەرییەی کە کوردانی باکوور دەستیان پێکردووە، لە ڕاستیدا من بە دەستپێشخەرییەکی گرینگی دەنرخێنم و دەستخۆشییان لێدەکەم.
پرۆفیسۆر ئازاد نەقشەبەندی دەشڵێت: دەبووایە ئێمە ههر لە زووەوە بەم کارە هەستابووینایە و چی لە بەرژەوەندیی هەمووانە پێکەوە بمانکردایە، ئێمە دوژمنەکانمان هەر لە میساقی سەعدئاباد و بەغدا و کۆبوونەوە دوو قۆڵی و سێ قۆڵییەکانیان پەیوەندییان بەیەکەوە کردووە بۆ چهوساندنەوەی ئێمە و تاكوو نەتوانین داوای مافهكانمان بکەین. ئەمڕۆ تورکیا بەرژەوەندیی زۆری هەیە لەگەڵ کورددا، بەرژەوەندی ئەوەی هەیە کەوا لەگەڵ سەرکردەکانی کورد و بەتایبەتیش لهگهڵ سەرۆک بارزانی، بێگوومان ئەمەش وادەکات کە قەناعەت بە سەرۆک بارزانی بکەن، ناتوانم بڵێم سەداسەد هەموو شتێک بەقسەی سەرۆک بارزانی دەکەن، بەڵام کاتێک دەزانن سەرۆک بارزانی لەسەر خەتە ئەوا بێگوومان نەرمی دەنوێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نەک ئەوان وا تەماشا بکەن کە ئەمە هەلێکە بۆ ئەوەی کورد لاواز بکەن و بۆ ئەوەی کورد خۆی بەدەستەوە بدات و واز لەداواکردنی مافەکانی بهێنێت.
نەقشەبەندی ئەوەشی خستە ڕوو: لهلایهكی دیكهشهوه دەستپێشخەرییەكهی سهرۆك بارزانی بۆ كوردانی ڕۆژئاواش، گرینگییهكی زۆری هەبوو، ئەویش ئەوەبوو كه مەزڵووم عەبدی دانیشتنی لهگهڵ نوێنهری سهرۆك کرد و ئەنجامی دانیشتنەکەش وابوو بەڕێز مەزڵووم عەبدی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و چاوی بە سەرۆک بارزانی کەوت، لە ڕاستیدا دەستپێشخەرییەكه یەک دوو داوای سەرەکی تێدا بوو، هیوادارم لێرەدا برا کوردەکانمان لە کوردستانی ڕۆژئاوا بزانن كه ئەم داوایانەی سەرۆک بارزانی بە سوودی خۆیان دەشکێتەوە، سهرۆك پێی گوتن پێش هەموو شتێک ئێوە یەکڕیز بن و داواکانیشتان یەک بخەن ئینجا لەم کاتەدا داخلی گفتوگۆ بن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریادا، ئەم گۆڕانکارییانەی کە ئێستا هاتۆتە کایەوە لەخۆڕا نەهاتۆتە کایەوە، بەڵکوو گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکە ڕوویداوە و چاوەڕێی گۆڕانکاریی زۆر لەوە گەورەتریش بەڕێوەیە و دەبێ چاوەڕێی بکەین، چونکە بەمەوە ناوەستێت، دەسەڵاتدارانیش هەستیان بەوەکردووە بۆیە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، ئەگەرنا ئێمە دەزانین پێشتر لە سووریادا پشتێنەی عەرەبی جێبەجێ و نیزامی عەرەبی جێبەجێ دەکرد و کوردەکانی دەردەکرد و کورد مافی وەرگرتنی ناسنامهشی نەبوو، مافی ئەوەشی نەبوو هاووڵاتییەکی سووری بێت.
لەکۆتاییدا ئەو سیاسەتمەداره دەشڵێت: هەروەها سەرۆک بارزانی پێش ئەوەی بە کوردەکان بڵێت بە دەسەڵاتدارانی سووریای گوت کەوا هیچ لایەنێک پەراوێز نەخەن لە دەسەڵاتی داهاتوودا بەتایبەت کوردانی ڕۆژئاوا، ئەمە بەتایبەت لەو نامەیەی کە بۆ ئهحمهد شەرعی نارد. کەواتە هەموو ئەوانەی کراوە لە بەرژەوەندیی کوردە لەم وڵاتانەی کە ئێستا تێیدا دەژین. لەراستیدا ئێمە نابێ وا پێشبینی بکەین کە کورد ئەم دەرفەتە لەدەست دەدات، لەڕاستیدا من وا بیردەکەمەوە کە ئەمە وەکو مانۆڕەکی سیاسی بەکاردێنن، کورد هەموو کات ڕێگهی ئاشتی گرتووهتهبەر و ههر ئەوانیش بەپرسن لەوهی کورد چهکی هەڵگرتبێت، دەبێت تێبگەن بێبەش کردنی کورد لە مافەکانی بە ئاسانی بۆیان ناچێته سەر. نەتەوەی كورد هەقی خۆی هەیە و چاوەڕێی شتی گەورهتر دەکەین.