ئا- حه‌مه‌ جاف
شاعیرو نووسەرو وەرگێڕ و لێكۆڵەرو فەرهەنگسازی ناوداری كورد (مامۆستا هەژار موكریانی) ناوی تەواوی (عەبدولڕەحمان شەرەفكەندی كوڕی مەلا مەحموود) (لە 13/ 4/ 1921) لە شاری مەهابادی قازی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە و دواتر ماڵیان چۆتە گوندی ( تەرەغە) لەوێ ژیاوە. لە ساڵانی سەرەتای تەمەنیدا لە لای مەلا مەحموودی باوكی و دواتر لە حوجرەكاندا لە بەر لەسەردەستی چەند مامۆستا و مەلای ئایینی، دەرسی (گوڵستان و بووستانی) سەعدی شیرازی خوێندووە. بەڵام مام هەژار وەك خۆی لە (چێشتی مجێور) دا باسی دەكات، كە سوود ێكی وای لێ وەر نەگرتووە . باوكی هەژار كەسایەتییەكی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە كوردی بخوێنێت و بنووسێت، هەر ئەمەشە كەباوكی هانداوە، كە هەژاری كوڕی لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بكات و دواتریش بینێرێتە مەكتەب و حوجرە.
مامۆستا هەژار لە ساڵی ١٩٤٠ دەستی بە هۆنراوە گوتن كردووە و هۆنراوەكانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری كاریگەرییان لەسەر هەست و نەست و ئیلهام و بەهرەی شیعریی بووە.
مام هەژار هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان (كاژیك)، ئەندامی ئەو كۆمەڵەیە بووە و بەشداری كارای كارە حیزبییەكانی كردووە . ئەو بڕوایەكی زۆر بە تینی بە ئامانجەكانی ژ.ك. بووە چونكە لە دوای ئەو هیچ كات لە هیچ حیزب و ڕێكخراوێكی سیاسیدا بە فەرمی ئەندامیەتی نەكردووە .
(هەژار) هاوشانی (هێمن) لەگەڵ جاڕی كۆماری كوردستاندا رۆڵی كاریگەرو بەرچاویان هەبووە و بۆیە لەلایەن كۆمارەوە ئەو دوو شاعیرە بە (شاعیری نەتەوەیی كوردستان) دەناسرێن. مەخابن دوای رووخانی كۆماری مەهاباد لە ئازاری ١٩٤٧دا مام هەژارو هێمن بە ناچاری وڵات و زێدی خۆیان جێدەهێڵن و بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشووری كوردستان ژیان دەگوزەرێنن و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بوون . مامۆستا هەژار، لە مەودای ژیان و تەمەنیدا ئاوارەیی لە شارەكانی ئێران و عێراق و سوریا و لوبنان زۆر چەشتووە .
شایانی باسە مام هەژار لە پاییزی ١٩٤٧دا بۆ چارەسەر كردنی نەخۆشیی، دەچێتە لوبنان و دوای چاكبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق. لە ساڵی ١٩٥٣ لە ڤێستیفاڵی لاوانی جیهان لە شاری بوخارێستی ڕۆمانیا بەشدار یكردووە.
پاشان جارێكی تر لە حكوومەتی پێشووی عێراق قاچاخ دەبێ، بەرەو سووریا ڕادەكات، و ماوەی دوو سێ ساڵ لە ئاوایی توربەسپیسان لە سووریا لای حاجۆ ئاغای كورد ژیاوە.
لە ساڵی ١٩٥٧ گەڕاوەتەوە بەغدا. دوای كوودەتا سەربازییەكەی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ لە بەغدا دەرگای شادی بە ڕووی هەژاردا كرا یەوەو بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە سۆڤیەتەوە بۆ عێراق و باشووری كوردستان .
دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە سەركردایەتی مستەفا بارزانی، مام هەژاری موكریانی لە ساڵی ١٩٦٣ دا، دەچێتە ریزی شۆڕش . كاتێك ڕێككەوتتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ ش لە نێوان سەركردایەتی شۆڕشی كورد و حكوومەتی ئەوسای عێراق مۆركرا، ناردرا بۆ بەغدا بۆ ڕێكخستنی كاروباری یەكێتی نووسەرانی كورد كە لە ١٠ی شوباتی ١٩٧٠دا دامەزرا بوو، لە كۆنگرە ی یەكی ئەو یەكێتییە بە سەرۆكی دەستەی بەڕێوبەر هەڵبژێردرا و لە هەمانكاتیشدا كرا بە ئەندام لە كۆڕی زانیاری كورد و توانی لە ساڵی ١٩٧٢دا كتێبی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بكاتە كوردی و لە چاپخانەی كۆڕی زانیاری كورد چاپی بكات. لە ساڵی ١٩٧٥و دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ماڵەكەی لە بەغدا تاڵان كرا. و دوای ئەوە گەڕایەوە ئێران و لە شاری كەرەج نیشتە جێ بوو تاكۆتایی ژیانی لە ساڵی 1991، مامۆستا هەژاری نەمر لە دوای كوودەتاكەی شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران، خۆی تەرخانكرد بۆ دانانی (فەرهەنگی زمانی كوردی) و وەرگێڕان و لێكۆڵینەوە لە ئەدەبی كوردیدا. مام هەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی چەشتووە، مەخابن مام هەژار لە 21 شوباتی ساڵی 1991 كۆچی دوایی دەكات و بۆ دوایینجار جێماندەهێڵێت و تەرمەكەی بەرەو موكریان دەهێندرێتەوەو و لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی (بەهەشت) ی شاری مەهابادی زێدی بەخاكی دایك دەسپێردرێت. ( هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی)
***
مامۆستا هەژار لە كتێبی (چێشتی مجێور) دا دەڵێت:
– بۆ خۆم لە بیرم نییە كەنگێ بۆ یەكەم جار هاتوومە دنیاوە! بەڵام وەك بۆیان گێڕاومەتەوە و بابم لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا نووسیبووی، ڕۆژی شەشی شابان، ساڵی ١٣٣٩ی هیجریی مانگی، بەری بەیانی كە ڕۆژێكی زۆر تووش و بارانی بووە لە دایكبووم و بریا هەر نەبووبام… وەك دەڵێن زۆر منداڵێكی گرینۆك و گڕوزن بووم، زۆر بەزەحمەت ژیردەبوومەوە…
***
هەروەها مامۆستا هەژار سەبارەت بە مام هێمن دەڵێ:
– لە خوێندنی تەكیەو خانەقادا دەگەڵ هاوتەمەنیكی خۆمدا بوومە ئاشنا، ناوی (محەممەد ئەمینی شیخولئیسلام) و پوورزای منداڵە شێخەكان بوو. ئەویش دەبوایە بۆ بەرەكەت دەرس لای مامۆستا مەلا سەعید بخوێنی و لە ماڵی شێخ بژی. نازانم ئەو زیرەكتر بوو یا من! بەڵام ئەوەندە دەزانم لە دەبەنگی و هیچ فێر نەبووندا، درۆزنیش فەرقی نەدەكردین. هەر دووكمان وەك یەك داركاری دەكراین و بە قەد یەك بەر جنێوان دەدراین.
تەنیا فەرقێكمان كە هەبوو، ئەو بۆ نەگبەتی شیعری دەگوت و خۆی لە من بەشاعیرتر دەزانی. بەڵام شیعری چۆن؟ یا خوا بە نسیبی دوژمنانت بێ! من لە بەغێڵیان گاڵتەم بە شیعرەكانی (هێمن) دەكرد. ئاخری هەر وازی نەهێنا و لە دواڕۆژدا بوو بە شاعیرێكی هەرەبەرز و بە ناوی (هێمن) ناوبانگی كرد.
***
لێكدانەوەی چەند هۆنراوەیەكی مام هەژاری موكریانی
لەگەڵ ئەوەیدا كە مامۆستا هەژار ژیانێكی پڕلە هەوڵ و خەبات بۆ خرمەتگوزاری كوردو كوردستان ژیاوە و لەگەلێك بواری ئەدەب كولتووری نەتەوەی كورددا كاری كردووەو وەك شاعیرو وەرگێڕو زمانزان و مێژوونووس ناسراوە و مرۆڤێكی رۆشنبیرو هۆشیاری زمانزان بووە هاوكات زمانەكانی كوردی و عەرەبی و فارسی زانیوە، مام هەژار لە گەنجیدا كانیاوی شیعرنووسینی تەقیوەتەوەو سەرەتا بە وەسف و جوانی سرووشت و ئەوینداری دەستی بە شیعر نووسین كردووە، دواتر دەستی كردووە بە هۆندنەوەی هۆنراوەی نەتەوەیی و نیشتیمانی وایكردووە سەرنجی نووسەران و رەخنە گرانی زمان و ئەدەبی كوردی بۆ لای خۆی رابكێشێ مامۆستا هەژار لە دەسپێكی نووسیندا بە شیعری وەسف و عیشق و جوانی و ئەوینداری و كۆمەڵایەتی دەستیپێكرد دواتر دەستی كرد بە نووسینی شیعری سیاسی ، مامۆستا رۆژ لە دوای رۆژ هێزو بڕشتی نووسین بەسەر قەڵەم و هزرو بیری سیاسی و نەتەوەیی زاڵبوو
لەو رۆژەوە شیعری بەهێزی سیاسی و نەتەوەیی ( بە پێی خواستی سەردەمەكە) شیعری مقاوەمەت و بەرەنگاری لە دایكدەبوو : نموونەی ئەو شیعرەش یەكێكە لە شاكارە شیعرەكانی مام هەژاری موكریانی كە دەڵێت:
بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم
لە خاكی عەرەب، لە ئێران و ڕۆم
كۆك و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم
كۆشكم دە قات بێ، وێرانەماڵ بم
ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان
یان زنجیر لە مل لە سووچی زیندان
ساغ بم جحێڵ بم بگرم گوێسوانان
یان زار و نزار لە نەخۆشخانان
دانیشم لەسەر تەختی خونكاری
یان لە كۆڵانان بكەم هەژاری
كوردم و لەڕێی كورد و كوردستان
سەر لەپێناوم گیان لەسەر دەستان
بەكوردی دەژیم بەكوردی دەمرم
بەكوردی دەیدەم وەرامی قەبرم
بەكوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیاش بۆ كورد تێهەڵدەچمەوە
***
– مام هەژار لە شاری مەهاباد لە نێوان ساڵی ( ١٩٧٥ – ١٩٩١) لەم قۆناغەدا سەرجەم شیعرەكانی هەمووی لەسەر بارزانیی نووسیوە واتە لە هەموو ساڵێكیشدا شیعرێكی بۆ یادی كۆچی دوایی بارزانیی نەمر داناوە وەك لەو شیعرەدا كە بە بۆنەی كۆچی دوایی بارزانیی نەمرەوە وەك لاواندنەوەیەك بۆ مەرگی ناوەختی بارزانی هۆندۆتەوە كە دە ڵێت:
بارزانی پاڵەوانی كورد
هیوای پیرو جەوانی كورد
خەبەریان پێدام تۆ مردووی
بە دیمەن لەبەر چاو ون بووی
من دەزانم تۆ نامری
تۆ لە مردن بە هێزتری
***
مام هەژار جیا لە هەموو شاعیرێكی دیكەی كورد زیاتر گرنگی بە مەسەلەی نەتەوایەتی كورد داوە، تا ڕادەیەك ئەوپەڕی دڵسۆزی بۆ شۆڕشی ئەیلوول و بارزانیی نەمر سەركردەی كاریزمای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بە شیعرو بە هەڵوێستی خۆڕاگرانەی خۆی نیشانداوە، ئەو سەركردەیەی گەلی كوردمانی بە دنیا ناساند و هاواری كپكراوی میللەتی كوردستانی بە جیهانی دەرەوەو ناوەوە ناساند وەك لەو شیعرەدا پێمان دەڵێت:
بەر لە شۆڕشی بارزانی
كەس بە كوردی نەدەزانی
ئەو كوردی بە دنیا ناساند
هاواری بە دنیا گەیاند
***
مام هەژار لە شاكارە شیعرێكدا بۆ بارزانی باوك و سەركردە دەڵێت:
ئەگەر دوژمن پڕاوپڕی دنیا بێ چەكی دەستی لە ئێمەش زۆرتر بێ لە كوردستان تۆمان هەبی بەسمانی
واتە تۆ هەبیت لە هیچ دوژمنێكی وەحش و دڕندە و پیاو خۆر ناترسین و سڵی لێ ناكەینەوە وەك لە شیعرە شاكارەكەیدا كە لە27/ئازاری 1963 لە شاری كۆیە نووسراوە دەڵێت:
ئەگەر دنیا مژ و تەم و تاریكە
ئەگەر ڕێگا كەند و كڵۆ و باریكە
ئەگەر شەوە و گرمەی هەور و بارانە
ئەگەر بەفرە و شڵێوەیە و تۆفانە
ئەگەر گێژە و كڕێوەیە و بۆرانە
ئەگەر لە هەرجێدا چەتە و گۆرانە
تۆ شارەزا و ڕێ نیشاندەری لاوانی
بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی
***
ئەگەر هەوار نشێوە یان هەورازە
ئەگەر لەهی و لافاوی بێ پێ بازە
ئەگەر چەق و لوور و مڕەی دەعبایە
هەموو دەر و دۆڵێك پڕی حەزیایە
ئەگەر لە هەر بن بەردێ نەعرەی دێوە
هەر پنچكێك پڕی لە جند و خێوە
باكمان نییە هێز و گوڕی دڵمانی
بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی
***
ئەگەر دوژمن پڕا و پڕی دنیا بێ
شەپۆل بداتەوە، وەكوو دەریا بێ
چەكی دەستی لە ئێمە زۆر زۆرتر بێ
لە گش دڕندە، وەحش و پیاو خۆرتر بێ
خۆیان لە ناو زرێپۆشان وەشارن
بۆمبا لەبن فڕۆكەیان دابارن
لە كوردستان تۆمان هەبی بەسمانی
بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی
***
با كۆخ و لادێ و شارەكان خاپووركەن
با گوللە تۆپ لاشان لە خوێنا سووركەن
خوێنمان لەڕیی ئەم نیشتمانە بڕژێ
مێشكی ژن و كوڕ و كیژانمان بپژێ
***
لانك و مناڵ بە ئاگرێ بسووژن
با وێران كەن، ببڕن، ببەن، بكوژن
لە دواتەوەین باب و برا و كەسمانی
بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی
***
كوردین كوڕی چیا نەبەرد و شێرین
بە كوشتنی داگیركەرانمان فێرین
لە دوژمنان تۆڵە و هەقمان دەستێنین
سەدقات سەران دەبڕین، زگان دەدڕێنین
***
ئەو ڕۆژی كورد دەكرا بە دیل ئەو ڕۆیی
یان مردن و یان ژین بە سەربەخۆیی
دوژمن كوژی كوردپەروەری ڕێزانی
بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی
***
• سەرچاوەكان :
– پەیجی كوردیپێدیا / ویكیپیدیا (ئینسكلۆپیدیای ئازاد).
– هەژار موكریانی / بەرگی چوارەمی كتێبی خۆم و ئەستێرە گەشەكان /
نەجمەدین عەزیز سمایل/ 2023 هەولێر.
– مێژووی ئەدەبی كوردی / دكتۆر مارف خەزنەدار / بەرگی حەوتەم / دەزگای ئاراس / هەولێر / 2006
– رۆژنامەی خەبات / كلتوورو یادەوەری / لە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی
مامۆستا هەژاردا / كەریم شارەزا 21 / 2/ 2007 .
– كتێبی چێشتی مجێور / هەژار موكریانی.
– دیوانی هەژار بۆ كوردستان / 1965