ئامینا زکری
سەردانی مەزڵووم عەبدی و دواتر هاتنی شاندی ئیمراڵی بۆ بارەگای بارزانی و گەیاندنی پەیامی بەڕێز ئۆجەلان بە جەنابی سەرۆک بارزانی لەسەر داوای بەڕێز ئۆجەلان، بیرخستنەوەیەکی باشە کە جەنابی سەرۆک بارزانی فاکتەری سەرەکی و کاریگەری سەقامگیریی ناوچەکەیە، لە پاڵ ئەو هێزە مێژووییەی لەناوچەکەدا هەیەتی و هەیبووە، یەکەم کارت و دوا کارت لەلای سەرۆک بارزانی ئاشتی و گەڕانەوەیە بۆ یەکترقبووڵکردن.
سەردانی دوو شاندەکە لەکاتێکدان، هەم لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەمیش لە باکووری کوردستان دوو پرسی گرنگ هەن، یەکه‌م، ئایندەی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد. دووه‌م، ئەوی دیکەیش پرسی ئاشتییە لە باکووری کوردستان، لای هەموومان شاراوە نییە کە پرسی کورد لە ئێستادا لەبەردەم مەترسی و هەمیش لەبەردەم گۆڕانکاریی ڕیشەیی و گرنگیدانه.
لە هەر شوێنێکی کوردستان کوردێک پێویستی بە هاوکاری بێت و بیەوێت لە کایەی سیاسی‌دا ڕۆڵی هەبێت، لە سەرەتای شۆڕشی کوردییەوە تا ئەمڕۆ، بارەگای بارزانی سەنتەرێکی گرنگی کۆبوونەوەی پرسە نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه، ناوەندێکە بۆ پرسە گرنگەکان و لێکتێگەیشتن لەبارەی پرسی گەل و پرسی ئاشتی لەگەڵ گەلانی دیكه‌ی ناوچەکە، ناوەندێکە بۆ قەزیەی کوردی؛ هەر بۆیەش بارەگای بارزانی گرنگیی گەورەی لە ناوچەکەدا هەیە، دوای یازدە ساڵ له‌ده‌ستپێشخه‌ریی جەنابی سه‌رۆك بارزانی، بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی لە باکووری کوردستان و هەردوو ڕێکكەوتنی (دهۆک-هەولێر) نێوانی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئه‌گه‌ر ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ده‌ستپێشخه‌رییەکانی سه‌رۆك بارزانی نه‌بووایه، پرسی کورد لە تورکیا و سووریادا لە قۆناغێکیتردا ده‌بوو، هیچ كاتێكیش سه‌رۆك بارزانی، له ده‌ستپێشخه‌ریی ئاشتی ماندوو نه‌بووه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه دونیابینیی نیشتمانییانەی سەرۆک بارزانی لە چارەسەری کێشەکاندا و دەستپێشخەرییەکانی بۆ پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی، وایکردووە سەرۆک وەک ڕێبەری قەزیە نەتەوەیی و نیشتیمانی و کەسایەتیی سیاسیی گەورە لە ناوچەکەدا، ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەی نێوماڵی کوردستانی بەتایبەتی و ناوچەکە بەگشتی.
بۆ دۆخی سووریا جەنابی سەرۆك هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆری هەبووە کە هەموو لایەنە کوردییەکان یەکبخات و بەیەکدەنگی ڕەوانەی دیمەشقییان بکات، ئه‌مه‌ش له‌پێناو به‌رجه‌سته‌كردنی مافەکانی کورد بووه، ئەگەریش ئەم یەکڕیزییە ڕوو بدات بە پلەی یەک کورد سوودمەند دەبێت و دواجار سووریا قازانج لە سەقامگیری دەکات. دەوڵەتانی ناوچەکە باش لەوە تێگەیشتوون و حاڵی‌بوون، سەرۆک بارزانی دەتوانێت هێزی کاریگەر بێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی نه‌ته‌وه‌ی کوردی‌یان تێدایە ڕۆڵی خێر‌و ئاشتی ببیبێت.
کاتێک بەڕێز ئۆجەلان خۆی داوا دەکات پەیامەکەی بە جەنابی سەرۆک بگات، ئەمە دووپاتکردنەوەیە کە هەمووان گومانییان نییە کە دێتە باسی قەزیەی کورد، سەرۆک بارزانی دەستە پارێزه‌ره‌كه‌یه، ئەگەر هەرجارێکیش بابەتێک بەرژەوەندیی کورد بووبێت، دیسان سەرۆک بارزانی ئینکار و ململانێ و دژایەتی ڕابردووی لایەنی بەرانبەر پشتگوێ دەخات و شەونخونی دەکات بۆ ئامانجە گەورەکە کە ئارامی و ئاشتییە بۆ هەموو کوردێک و گەلان و نەتەوە و پێکهاتەکانی ئەم جوگرافیایە، هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت سه‌ری بڵند، ئومێدبه‌خشه بۆ كۆتاییهێنان به توندوتیژیی نه‌ته‌وه‌كان لەم ناوچەیەدا، به‌تایبه‌ت كورد له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌دا.