خەبات: پەیام حازم:- پێداگۆجی ڕێبازێکی نوێی فێرکردنە لە سیستەمی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان پرۆفیسۆری یاریدەدەردكتۆر نەبەز نەوزاد ڕاهێنەرو بەڕێوەبەری سەنتەری پێداگۆجی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی و ڕاگری کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی، دەربارەی پێداگۆجی ولایەنە باشەكانی و سودی بۆ پرۆسەی فێركردن و خوێندن لە دیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ ڕۆژنامەی خەبات لەسەر ئەم سیستەمە دووا:
*سەرەتا د.نەبەزدەربارەی ناساندنی پێداگوجی گوتی:ئەگەر بمانەوێت پێداگۆجی بناسێنین دەتوانێن بڵێن پێداگۆجی بریتییە لە هونەر وزانست وپیشەی فێرکردن، کە ڕێبازو شێوازی وانەوتنەوە لە خۆ دەگرێت بەمەبەستی گەیاندنی زانیاریەکان و دروستکردنی شارەزایی و کارامەیی لە چوارچێوەی پرۆسەی فێربووندا کە لایەنی تیۆری ولایەنی کرداریش لە خۆ دەگرێت.
لە وڵاتان ئەم پرۆسەیە لە خوێندنی سەرەتایی جێبەجێدەکرێت ودواتر دەگوازرێتەوە ناو زانکۆکان، لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار وەزارەتی خوێندنی باڵا لەڕێگەی تیمێکی ٣٣ کەسییەوە، لە وڵاتی فینلاند ڕاهێنانیان پێکرا لەلایەن زانکۆ هامک بۆ زانست و تەکنەلۆژیا دەست بە پرۆسەکە کرا، پرۆسەی ڕاهێنانی پێداگۆجی لە شەش بابەت پێکدێت کە پێکهاتوون لە بابەتەکانی تەکنەلۆژیا و زانیاری، فێرخواز سەنتەری، پێداگۆجی داهێنەرانە و هەڵسەنگاندن، فێربوون لەسەر بنەمای لێهاتوویی، دەستپێشخەری پەروەردەیی، پەیوەندی نێوان ژینگەی کار و زانکۆو توێژینەوە و پەرەپێدان.
پ.ی.د. نەبەز نەوزاد، دەربارەی ئەوەی مامۆستایانی پێداگۆجی چۆن ئامادەکراون بۆ گەیاندی پەیامی پێداگۆجی گوتی:ئێمە لە ساڵی ٢٠١٩ تەنها بە ٣٣ ستافی ڕاهێنراوەوە دەستمان پێکرد، دیارە لەو ٣٣ ئەندامەش کەمتر لە ٢٠ ئەندامیان چالاکانە بەشداربوون لە پرسەکەدا لە ١٤ زانکۆ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان پرۆسەکەمان دەستپێکرد، ئێستا زیاتر لە ٦شەش هەزار دەرچوومان هەیە، جگە لەمەش لەڕێگەی چەندین سیمینار و ۆرکشۆپ، دەیان خولی ڕاهێنانی پارالێڵ لەگەڵ پێداگۆجی پرۆسەکەمان هێنایە ناو خوێندنی باڵا و زانکۆکان و بەخۆشحاڵییەوە ئێستا وەزارەتی دیکەش خەریکی هەمان پرۆسەن و دەستپێدەکەن. پاشان ژمارەی بەشداربووان دوای تەواوبوونی ڕاوندی دووەم زیادی کرد، مامۆستایانی بەشداربوو ماندوونەناسانە توانیویانە کار لەسەر چەسپاندن و جێبەجێکردنی سەرجەم مۆدێڵەکان بکەن، لە پرۆسەی خوێندنی زانکۆیی. هەروەها پاڵپشتیکارێکی سەرسەخت و گرنگی بۆڵۆنیا پرۆسێس بووین، کە بەبێ پێداگۆجی هیچ کات لە زانکۆکان جێبەجێ نەدەکرا، چونکە تەواوکەری یەکترن.
ڕاهێنەر و بەڕێوەبەری سەنتەری پێداگۆجی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی گوتیشی: ناتوانم بڵێم سەرجەم ئەو بەشداربووانەی کە دێنە خولی پێداگۆجی، باوەڕ بە فێرخوازو سەنتەری و بەستنەوەی زانکۆکان بە بازاری کارەوە دەکەن، بە داخەوە بەشداربوو هەیە کە خولەکەش تەواو دەکات هەر لەسەر باوەڕ وعەقڵیەتی کۆن و کلاسیک دەڕوات و ئامادەیی نییە هەوڵ و کۆشش بکات تاوەکو خۆی لەگەڵ گۆڕانکاریەکان بگونجێنێت،بەڵام بە گشتی دەتوانم بڵێم زۆربەی بەشداربووان خۆیان گونجاندووە بەجۆرێک کە بەر لەوەی دەست بە خولەکە بکەن، زیاتر مەیلی بڕوانامە و تەواوکردنیان هەیە، بەڵام کە دێنە ناو پرۆسەکە زیاتریان دەوێت و بۆچوونیان تەواو دەگۆرێت، ئەمە درووستە بۆ زۆرینەی بەشداربووان، دەربارەی مامۆستایان، دیسانەوە دەوەستێتە سەر مامۆستا، بەڵام لە ئاستێکی باشدا ئامادەی وەرگرتن و وتنەوەی پێداگۆجین. خالێکی دیکەش هەیە کە خۆمان گومانمان لە توانای هەندێک لە سەنتەرەکانی پێداگۆجی و ڕاهێنەرەکان هەیە و تێبینیمان لەسەریان هەیە، بۆیە کوالێتی هەمووان و سەرجەم سەنتەرەکان وەکو یەکتری نییە، بەڵام بەنیازین ئەم بابەتە لەو کۆنفراسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێکیدەخات، بخەینە بەر باس و گەنگەشەکردن و چارەسەکردنی. بە گشتی ئاستی پیداگۆجی جێگای شانازییە و پرۆژەیەکی ئێجگار سەرکەوتووە و یەکێکە لەو پرۆژە دەگمەنانەی لە ڕووی کاریگەری و گۆڕینی عەقلیەت جێگای خۆی بە زیادەوە گرتووە و بووە بە دەستکەوتێکی گرنگی وەزارەتی خوێندنی باڵا.
دکتۆر نەبەز نەوزاد دەڵێت: پێداگۆجی هاریکاری مامۆستایان دەکات کە لە مامۆستا سەنتەرییەوە بچنە قۆناغی فیرخواز سەنتەری، کە فێرخواز تێیدا چەقی فیربوونە و بەرپرسە لە فێربوونی. مامۆستا ڕۆڵی هاریکار دەبینێت و زیاتر گرنگی بە لایەنی کرداری دەدرێت کە فیرخواز کارەکان ئەنجام دەدات.هەروەها جەخت لەسەر کارامەییەکانی سەدەی ٢١ دەکاتەوە کە لە بازاڕی کاردا مەرجی کارکردنە و داواکراوە. واتە قوتابی بۆ بازاڕی کارو نێو کۆمەڵگە ئامادە دەکرێت و مامۆستایەک دروست دەبێت کە بتوانێت یارمەتی فێرخوازان بدات لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشکەوتنی سەردەم هەڵبکەن و بیرۆکەی داهێنەران جێبەجێ بکەن و ڕەخنەگرانە بیربکەنەوە و ببنە هاوڵاتیەکی چالاک، لە کۆمەڵگە بەپێچەوانەی سیستەمی کلاسیک کە جەخت لەسەر مامۆستا سەنتەری دەکاتەوە و قوتابی جگە لە مەعریفە لایەنی کرداری و بەهرە و لێهاتووییەکانی فەرامۆش دەکرێت. لە پێداگۆجی لێهاتووییەکان و ژینگەی فێربوون وهەڵسەنگاندنی فێرخوازن گۆرانکاری زۆری بەسەردادێت و مامۆستایان ئامادە دەکرێن کە بەشێوازێکی مۆدێرن ناوەڕۆکی بابەتەکانیان دابڕێژن، پەیوەندی ببەستن لەگەڵ بازار و کۆمەڵگەدا. وردتر لایەنی کرداری بایەخی پێدەدرێت و شارەزایی و لێهاتوویی درووست دەکرێت.
دەربارەی ماوەی خولی پێداگۆجی، کە بەشیکی بەشداربووان گلەیی دەکەن لە ماوەکەی دکتۆر نەبەز بۆ خەبات گوتی: بەداخەوە کە ماوەی ڕاهێنانەکە کەمکرایەوە بۆ شەش مانگ، بە بڕوای من پێویستە بکرێت بە نۆ مانگ، سێ مانگ پراکتیزەکردن زیاد بکرێت. هەروەکو لە سەرەتا لەگەڵ فینلەندیەکانیش لەسەری ڕێکەوتین تاوەکو مامۆستایان بەرلەوەی دەست بە وانەگوتنەوە بکەن بچنە نێو پۆلەکانیش و ئەوەی فێری بوون پراکتیزەی بکەن، بەداخەوە ئەمە لادرا.
بۆ کەسێک کە خواستی فێربوونی نەبیت و تەنها بیەوێ پارچە کاغەزێک بەدەستبهێنێت تاوەکو بتوانێت کاربکات لە زانکۆکان بەڵی کاتەکەی زۆرە،بەڵام لە ڕاستیدا بۆ کەسێک کە بیەوێت ببێت بە مامۆستایەکی داهێنەر و پێشەنگ وشوێن پەنجەی دیاربێت شەش مانگ کەمە. هیوادارم وەکو بابەتەکانی تر دەست بۆ پیداگۆجی نەبرێت و تێکی نەدەن، تەنها لەبەر ئەوەی کەسانێک حەز بە تەمبەڵی دەکەن. بابەتی خوێندنی باڵا جیاوازە لە بابەتەکانی ترو نابێت سازش لەسەر کوالێتی بکرێت، پەیوەندی بە داهاتووی نەوەکانمان هەیە. مامۆستای ناکاریگەرو ناچالاک و کلاسیک، جگە لە تێکدانی ژێرخان و بەفیرۆدانی کاتی فێرخوازان ناتوانن هیچ سودێکیان هەبێت.