خەبات: هاوار مورتكەیی:- نیلوادی نیلکومهاینگ شەتڕنجزانێكی لاوی تایلاندە، ماوەی 10 ساڵە شەتڕەنج دەكات، چەند ساڵێك لە سەر ئاستی تەمەنە جیاوازەكان، پلەكانی یەكەم و دووەمی بەدەستهێناوە، ئەو بەشێویەك خولیای ئەو وەرزشە بووە، كە لەدوای خوێندنەوە هەموو كاتەكانی بۆ ئەو یارییە تەرخان دەكات و حەزدەكات بەشداری زۆرترین پاڵەوانێتییەكانی شەتڕەنج بكات.
نیلوادی نیلکومهاینگ كە لە ساڵی 2005 لە تایلاند لەدایك بووە، سەبارەت بە سەرەتای ئاشنابوونی بەشەتڕەنج دەڵێت: تەمەنم 10 ساڵ بوو كاتێك فێری ئەو یارییە بووم، ئەویش لە ڕێی چەند هاوڕێیەكمەوە كە بەردەوام شەتڕەنجیان دەكرد، دواتر ئەو یارییە بووە ئارەزوویەك و بەشێوەیەك تێكەڵ بە ژیانم بوو، كە نەتوانم بەبێ شەتڕەنج هەڵكەم.
هەروەها ئەو خانمە شەتڕەنجزانە لەبارەی ئەو دەەسكەوتانەی بەدەستی هێناون گوتی: لەتەمەنەكانی دوازدە و سیانزە ساڵی توانیمە لەسەر ئاستی كچانی تایلاند پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، هەورەها لە چواردە ساڵی پلەی دووەم، دواتر بەهۆی خویندنەوە، وەك پێویست نەمتوانی ڕاهێنان بكەم و ئاستم دابەزی، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەردەوامم لە ڕاهێنان و ئێستا خۆم بۆ پاڵەوانێتی گەورەی تایلاند ئامادە دەكەم كە بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
لە كۆتاییدا نیلوادای شەتڕەنجزانە لاوەكەی نایلاند لە بارەی شەتڕەنجەوە گوتی: من حەزم لە شەترەنجە، چونكە شەتڕەنج خۆشبەختی هاوڕێیانت پێدەبەخشی و هەروەها شەترەنج یادگاری و ئەزموونی بەنرخم پێدەدات، دەتوانم بڵێم شەترەنج بۆ من بووەتە بژێوی ژیان و ئارەزووەکانم.