خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- لەیادی پەنجا و پێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەر ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٥/٢/١٣ لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، ئەم یاددەی بەرزنرخاند،دەسپێک بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی نووسەران و ئەدیبانی کۆچکردوو دەستپێکرد، پاشان وتارێک لەلایەن عەبدولڕەحمان فەرهادی سەرۆکی لقی هەولێری نووسەران خوێنرایەوە کە تیایدا وێڕای پیرۆزبایی لەو یاددە چالاکییەکانی لقی هەولێری نووسەرانی باسکرد، دواتر وتارێک لەلایەن ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشکەشکرا.
پاشان هەریەک لە (مەغدید حاجی) و (د.محەممەد خدر مەولوود) خوێندنەوەیەکی تێر و تەسەلیان بۆ کارو چالاکییە بەردەوامەکانی لقی هەولێری نووسەران کرد و پاشان هونەرمەندی دەنگخۆش (ئاڤان عوسمان) بەهاوکاری تیپی مۆسیقای بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەر، چەند گۆرانییەکی پێشکەشکرد، لەکۆتاییدا سوپاسنامە و قەڵغانی ڕێزلێنانی لقی هەولێری نووسەران پێشکەش بە چەند نووسەرێکی خۆبەخش و کەسایەتی ڕۆشنبیری کرا، کە لە ناویاندا بەڕێزان مامۆستا (سەلام عەبدوڵڵا) سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات و (حەمە ئەحمەد جاف) نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی ناوبراو ڕێزیان لێنرا کە لە ماوەی ڕابردوودا، خۆبەخشانە هەوڵ و کۆششیان بۆ سەرخستنی کار و چالاکییەکانی لقی هەولێر داوە، دواتر کتێبێکی بەڵگەنامەیی و وێنەداری لقی هەولێری نووسەران بە دیاری پێشکەشی ئامادەبووان کرا کە لەسەر ئەرکی نووسینگەی بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاپکراوە، دواتر پارێزگاری هەولێر و چەند نووسەر و ڕێکخڕاو و حزب و لایەن و کەسایەتی ناسراو چەندین چەپکە گوڵی وەفایان پێشکەش بەلقی هەولێری یەکێتیی نووسەران کرد، شایانی باسە، کۆڕەکەش لەلایەن بەڕێز (مەسعوود پەرێشان) بەڕێوەبردرا.










