هاتوچۆی هەولێر لە بڵاوكراوەیەكیدا، ئاماژە بە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ كۆمپانیاكانی گەیاندنی خواردن – دیلیڤەری دەكات و ئاگاداریان دەكاتەوە، كە دەبێت پابەندیی ئەو پێنج خاڵە بن، كە وەك مەرج و ڕێنوێنیی بۆیان دەرچووە، بەپێچەوانەوە تووشی سزای پێبژاردن دەبنەوە.
پێنجشەممە 13ی 2ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بڵاوی كردەوە، “ئاماژە بە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە 10ی 2ی 2025، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرێوەبەری هاتوچۆی هەولێر لەگەڵ پارێزەری کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن – دیلیڤەری و تاوتوێکردنی یاسا و ڕێساکانی هاتوچۆ و سەلامەتی لە لایەن ماتۆڕسوارانی گەیاندنی خواردن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، دوای تاوتۆێکردنی خاڵەکان لەگەڵ جەنابی وەزیری ناوخۆ، کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن ئاگادار دەکرێنەوە بەجێبەجیکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە.”
یەکەم: پابەندکردنی ماتۆرسوارانی گەیاندنی خواردن بە تۆمارکردنی ماتۆڕەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ، گشت ماتۆرسواران دەبێت مۆڵەتی لێخورینی ماتۆڕیان هەبێت، لەماوەی شەش مانگ دوای دەرچوونی ئەم نوسراوە، هەر ماتۆرێک مەرجەکانی تۆمارکردن و سەلامەتی تێدانەبێت نابێت دەرفەتی کارکردنی پێ بدرێت لەلایەن کۆمانیاکانی گەیاندنی خواردن بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکە سزا دەدرێت.
دووەم: ئەو ماتۆڕسوارانەی گەیاندنی خواردن، کە لە ڕابردوو بێ تابلۆ و تۆمارکردن لەلاتان کاریان کردووە سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆیان کردووە و سزای داراییان هاتۆتەسەر، بە ناسینەوەی لۆگۆی تایبەت بە کۆمپانیاکانتان ئەوا بەرپرسیارێتیی کەمتەرخەمی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکانتان، ڕەزامەندین لەماوەیەک، کە درێژتر نەبێت لە 31ی 12ی 2025 پێبژاردنەکە بەشێوازی پشک (قسط) بدرێت لەگەڵ سوود وەرگرتن لە ڕێژەی داشکاندن بەپێی ڕێنوێنیی سزا داراییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی تایبەتمەند یەکلا بکەنەوە تا 31ی 12ی 2025 لەدوای ئەم ڕێکەوتە بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکان ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و ڕاگرتنی کارەکانی دەکرێت.
سێیەم: کۆمپانیاکان پێویستە پابەندبن بە ڕەخساندنی دەرفەتی کارکردن بۆهاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پێشینەیی بدرێت بە هاووڵاتییان بەگوێرەی بڕیاری (172)ی ئەنجوومەنی وەزیران و هەر بیانییەک لە کۆمپانیاکانتان کاری گەیاندنی خواردن دەکات پێویستە نیشینگەی (بەسەرنەچوو) هەرێمی كوردستانی هەبێت و بەسەرنەچووبێت و مۆڵەتی لێخورینی ماتۆڕی هەبێت، ئەوانەی خواردن دەگوازنەوە بۆماڵان لەلایەنی ئەمنی و پاشخانی تاوان بەڵگەنامەی بێ تاوانی پێشکەشتان بکەن و لەناو دۆسیەکانیان پارێزراو بێت، بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکە بەرپرسیارێتیی یاسایی هەڵدەگرێت.
چوارەم: بۆ ڕەچاوکردنی میزاجی گشتیی هاووڵاتییان پارێزگاریکردن لە پیسنەبوونی ژینگە، پێویستە بۆ گەیاندنی خواردن بۆ گەڕەکەکانی ناوشار لەڕێگەی ماتوڕی کارەبایی و بێدەنگەوە بێت و بە گشتی سەرجەم ماتۆڕەکان دەبێت لەڕووی دەنگەوە بێزارکەر نەبن.
پێنجەم: بۆ سەلامەتی گیانی ماتۆڕسوارەکان، پێویستە ماتۆرسوارەکان پابەندبن بە لەسەرکردنی کڵاوی سەر و جلوبەرگی تایبەت، لەبەر بارودۆخی ئەمنی پێویستە هەرکۆمپانیاییەک جلوبەرگی تایبەت بەخۆی هەبێت لۆگۆی تایبەت بە کۆمپانیاکەی لەسەر بێت، پێویستە ماتۆرسوارەکان پابەندی یاسا و ڕینوێنییەکانی هاتوچۆ تایبەت بە لێخورینی سەلامەتی بن و ژیانی خۆیان و بەکارهێنەرانی شەقام نەخەنە مەترسییەوە.