لە سەرەتای مانگی 1ی ئەمساڵ، لە شاری بەغدا دوو كەس هەڵسان بە كوشتنی دایك و كورێك، دوای كوشتنیان تەرمەكانیان سووتاندن و فڕێیاندایە ناو ڕووبارێكەوە و بڕی 200 هەزار دۆلاریشیان لێ بردبوون، دوای ڕووداوەكەش، یەكێك لە تۆمەتبارەكان هەڵێدێت و دێتە هەولێر، ئەمڕۆش ئەو تۆمەتبارە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر كرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی 2ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی لە لایەن بەشی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار کراینەوە، کە لە 7ی 1ی 2025، دوو تۆمەتبار لە شاری (بەغدا) هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی (دایک و کوڕێک)، بەناوەکانی (عەلی سەعدی عەلوش) و (ساميه عەبدوڵا جەعفەر)، تەرمەکانیشیان سووتاندووە و فرەیانداوەتە ڕووبارێکەوە و بڕی 200 هەزار دۆلاریشیان بردووە.”
ئاماژەی بەوەش داوە، كە دوای ڕووداوی ئەو كوشتنە، دواتر “لە لایەن دادگای (کەرخ لە بەغدا) فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەناوی (ع. ح. أ)،هەڵهاتووە بۆ شاری هەولێر، لە لایەن تیمەکانمانەوە شوێنی خۆ حەشاردانی لە شاری هەولێر دەستنیشان کرا و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرمان کرد.”
ئاسایشی هەولێر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە “تۆمەتباری دووەم، کە دەکاتە زاوای تۆمەتباری ناوهاتوو لە شاری (بەغدا) خۆی حەشار داوە.”