خهبات: مسلم دۆلەمەری:- قۆناغەكانی تەمەن یەك لە دوای یەك بەردەوام دەبن و كۆتا قۆناغ تەمەنی پیری و كەوتنە ساڵەوەیە كە مرۆڤ دووبارە وەك منداڵی دەكەوێتە بارودۆخێك كە پێویستی بە گرنگی ڕووحی و خزمەتی جەستەیی دەبێت. ئەمە لە حاڵێكدایە كە ئێستا لە زۆر وڵاتان بە وڵاتانی دراوسێشەوە لەو تەمەنە هەستیارەدا بەساڵاچووان لە خێزان دووردەخرێنەوە و دەسپێردرێنە خانەی بەساڵاچووان و ڕەنگە دەیان بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر بۆ ئەم كارە بهێننەوە. لەم ڕاپۆرتەدا دەمانەوێت بگەینە ئەو زانیارییەی كە پێگەی بەساڵاچووان لە نێو خێزانی كورددا چۆن و لە چ ئاستێكە.
بەفرین مەحمود، لەو بارەوە گوتی: كۆمەڵگەی كوردی خاوەنی داب و نەریتێكی جوانی لە مێژینەیە و میللەتی كوردیش هەموو كات بەوە ناسراوە كە بە گشتی گرنگییەكی زۆر بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان دەدات بەتایبەتی پەیوەندییەكانی خێزانی. پێموایە میللەتی كورد هەمیشە شانازی بەوە كردووە كە خاوەن داب و نەریتێكی ئەوەندە جوان و پڕ لە مرۆڤایەتییە كە بە خۆشەویستییەكی زۆرەوە ڕێز و خۆشەویشتی گەورەی پێشكەش بە بەساڵاچووان دەكات. هەرچەندە ئێستا بە هۆی سەختی ڕۆژگار و زیادبوونی تەكنۆلۆژیا زۆرێك لە گەنجانمان دابڕاون لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان بەگشتی و بەتایبەت لەگەڵ بەساڵاچووان كە پێموایە بەمەش تووشی زیان دەبن لە ڕووی وەرگرتنی ئەزموونی ژیان و بیركردنەوە لە ئایندەیەكی باش و سەركەوتوو و ئەزموونی بەرز بۆ داهاتووی ژیانیان. لە كۆتایبدا پێویستە لە سەر هەموومان ئەم قوتابخانە گەورە و پڕ لە ئەزموونەكانی ژیان بپارێزین و ڕێزیان لێبگرین بەر لەوەی خۆزگە بە وێنە و بیرەوەرییەكانیان بخوازین لە دوای نەمانیان.
مێهران شێرۆكی، بە دڵنیاییەوە باس لەوە دەكات كە: پشت بەستن بە توانا و ئەزموونی بەساڵاچووان هۆكارێكی باشە بۆ سەركەوتن لە ژیان، بەساڵاچووان توێژێكی پێگەیشتووی هەر كۆمەڵگەیەكن و جێگەی بایەخ پێدانن و سەرمایەیەكی گرنگ و بە سوودن بۆ وەرگرتنی ئەزموون لە قۆناغەكانی ژیانیان. بەساڵاچووان چرای هەر ڕێگەیەكی تاریكن لە پێش گوزەری كاروانی مرۆڤایەتی بۆ هەر كۆمەڵگەیەك و گەر بە شوێن پێی ئەواندا نەڕۆین پێویستە دووبارە ئەو ڕەنج و ئازارانە دووبارە بكەینەوە تا بگەینەوە هەمان شوێن كە دەمانتوانی لە ئەزموونی بەساڵاچوویەك پێی بگەین. پشت بەستن بە توانا و ئەزموونی بەساڵاچووان هۆكارێكی ڕوونە بۆ سەركەوتن لە ژیان. بەساڵاچووان گەیشتوونەتە قۆناغێكی سەختی ژیان كە توانای جەستەیی و فیزیكیان لاواز بووە و هەمیشە چاویان لەوەیە كە بایەخیان پێبدرێت و یارمەتیان بدرێت.

خۆشبەختانە كولتوور و داب و نەریتی كۆمەڵگای كورد هەمیشە ڕێز و بەهای تایبەتی خۆی هەبووە بۆ بەساڵاچووان و هەمیشە بەساڵاچووانی وەك سەروەت و سامانێكی گرنگ بۆ نەوەكانی دواڕۆژ باسكردووە كە وەك قوتابخانەیەكی گرنگ وانەی ژیانیان لێوەربگرن، نازەنین عەزیز موراد، ڕای خۆی بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: بەساڵاچووان سەرچاوەی حیكمەت و باشترین قوتابخانەی پڕ ئەزموونی وانەكانی ژیانن. كورد میللەتێكە بە بەراورد لەگەڵ میللەتانی تری جیهان باشترینە بۆ پاراستنی داب و نەریتە جوانەكان كە لە باب و باپیرانییەوە بۆی ماوەتەوە كە گرنگترینیان مانەوە و ڕێزگرتنی شیرازەی خێزانە، هەمیشە لە نێو خێزانی كورددا ڕێزگرتنێكی گەورە و جوان هەبووە لە نێوان گەورە و بچووكەكاندا، بەساڵاچوو لەو كولتوورە ئەندامی دانەبڕاوی خێزانە و گەورەی خێزان هەمووكات جێگەی ڕێز بووە و پرس و ڕای پێكراوە و كێشەی چارەكردووە، هەربۆیە ئێستا ئێمەی گەنج بە نەریتی باب و باپیرانمان بە ڕێزێكی تایبەتەوە بەپیر بەساڵاچووەكانەوە دەچین و دەستیان ماچ دەكەین و لە هەر خۆشی و ناخۆشییەكدا سەرەتا خزمەتی بەساڵاچووەكانمان دەكەین پاشان ئەوانیتر. هەر لە كۆنەوە لە ئەدەبیاتی كوردیدا شاعیرانمان گرنگییەكی زۆریان بە بەساڵاچووەكان داوە، نمونەش بۆ ئەم ڕاستییە شاعیری گەورەی نەتەوەكەمان مەلای جزیرییە كە لە شیعرەكانیدا زۆر جار بەساڵاچووەكانی وەك سەرچاوەی ڕووحی و هزری ناو هێناوە، ئەمەش وا دەكات و دەیسەلمێنێت كە نەتەوەی كورد لە كۆنەوە خاوەن ئەم داب و نەریتە جوانەی ڕێزگرتن بووە لە تەواوی بەساڵاچووەكان.
لە كۆتاییدا مەیسوم شەعبان مەحمود، دەڵێت: بوونی بەساڵاچوو لە هەر ماڵێكدا بوونی قوتابخانەیەكی گەورەی ڕێگە ڕاستەكانی ژیانە بۆ گەنجان. سوپاس بۆ خودا كۆمەڵگای ئێمە خاوەن سەدان گەنجی تێگەیشتووە كە هەمیشە لە سەر داب و نەریت و ئامۆژگارییەكانی باب و باپیرانیانەوە ڕێگەكانی ژیان دەبڕن. ڕێزگرتن لە بەساڵاچووەكان یەكێكە لەو داب و نەریت و ڕێزگرتنە جوانانەی كە لە باب و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، هەر بۆیە ئێستا دەبینین گەنجەكانمان و بگرە منداڵانیشمان ڕێزگرتنی تایبەتیان هەیە بۆ گەورەكانیان بەبێ جیاوازی. من پێموایە بوونی بەساڵاچوو لە هەر ماڵێكدا واتا بەرەكەت و گەورەییەك كە بە قیسمەت ئەو ماڵە بووە، هەمووكات ئەو منداڵەی دایك و باوكی لایە وەك ماڵە گەورە سەیر دەكرێت و دەبێتە پەناگەی خوشك و براكانی تر. لەنێو كولتووری كورد خزمەتی بەتەمەنەكان وەك ئەرك سەیر كراوە نەك كارێك كە هەروا بە ئاسانی خوێندنەوەی بۆ بكرێت. گەورەكان گوێزەرەوەی كولتوور و داب و پەندە جوانەكان كە لە هیچ پەرتووكێك نەنووسراوە و بەدڵ بۆ نەوەكانی دوای خۆیان دەگوازنەوە، بۆیە پێویستە لە سەر هەموومان هەمیشە ڕێز لە گەورەكانمان بگرین و خزمەتیان بكەین، چونكە ئەوان گەنجینەی گەورە و پڕ لە ئەزموونی جۆراوجۆری ژیانن و بە ڕێزگرتن و گوێگرتن لەوان دەتوانین بە سەر تەواوی كۆسپەكانی ژیاندا سەركەوین.