پرۆژه‌ی به‌نداوی گۆمه‌سپان

بەڕێوەبەری پڕۆژەكە: چوار بۆ پێنج ساڵمان پێویستە بۆ ئەوەی بەنداوەكە پڕ ئاو بێت

خەبات: عەلی بانیشاری:- كاركردن لە بەنداوی گۆمەسپان بەردەوامە و لە ئێستادا 87%ـی پڕۆژەكە تەواو بووە. بەوتەی بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان، بەنداوەكە زیاتر لە 80 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ماوە پڕ ببێت. كەمی بارانبارین لە ماوەی ئەمساڵدا بووەتە هۆی ئەوەی وەكو ساڵی ڕابردوو نەتوانرێت ئاو لە بەنداوەكە گل بدرێتەوە. زمناكۆ سامی دەڵێت: ئەگەر ساڵانە بڕی پێویست باران ببارێت، لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵدا بەنداوی گۆمەسپان پڕ ئاو دەبێت.

زمناكۆ سامی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان كە لەلایەن كۆمپانیای سێنك گروپ جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو سەرپەرشتی دەكرێت 87%ـی كارەكانی تەواو بووە كە بریتییە لە لاشەی بەنداوەكە كە بەشی سەرەكی پڕۆژەكەیە. گوتیشی: كاری گراوتینك و دەرچەی ژێرەوەی بەنداوەكە كە خۆی دەبینێتەوە لە بۆری و قوفڵەكان و هەروەها كۆنكترێتی سەرژێر و هەندێك كاری دیكەی وەكو ئۆفیس ئەمانە ماون تەواو بكرێن. ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە ساڵێكە بەنداوەكە ئاوی تێدا گل دەدرێتەوە.

زمناكۆ سامی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان

زمناكۆ سامی زیاتر گوتی: بەرزی بەنداوەكە لە ئێستادا 70 مەترە و لەوە زیاتر بەرز ناكرێتەوە. بەنداوی گۆمەسپان توانای گلدانەوەی نزیكەی 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام لە ئێستادا بەوتەی بەڕێوەبەری پڕۆژەكە ((نزیكەی 10 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەكەدا هەیە و زیاتر لە 80 ملیۆن مەتر سێجای بەتاڵە)). زمناكۆ سامی ئەوەشی گوت: ئەگەر ساڵانە باران بە ڕێژەیەكی پێویست ببارێت، لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵدا بەنداوی گۆمەسپان پڕ دەبێت.

بەهۆی كەمی بڕی بارانبارین لە ماوەی ئەمساڵدا نەتوانراوە بەپێی پێویست ئاو لە بەنداوی گۆمەسپان گل بدرێتەوە. تێچووی دروستكردنی بەنداوی گۆمەسپان 95 ملیار و 28 ملیۆن و 782 هەزار دیناری عێراقییە، ئەندازیار زمناكۆ سامی باسیلەوەشكرد، بەنداوەكە لە ڕووی وەبەرهێنانی گەشتیاریی و كشتوكاڵ و ئاودێری و بوژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی سوودی هەیە. هێمای بۆ ئەوەشكرد، لە ئێستادا خەریكی ماستەر پلانێكن بۆ بەگەشتیاریكردنی ناوچەی دەوروبەری بەنداوەكە كە دەبێتە هۆی ڕاكێشانی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە.

بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان ڕاشیگەیاند: ئاوی بەنداوی گۆمەسپان بەڕێژەیەكی دیاریكراو سوودی بۆ شار و شاروشارۆچكەكانی دەوروبەری هەولێر یاخود بەشێكی شاری هەولێر دەبێت، ئەویش لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژە بە درێژكردنەوەی بۆ ئەو شوێنانە، بەنداوی گۆمەسپان سێهەم گەورەترین بەنداوە لە هەرێمی كوردستان و كەوتووەتە باكووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر. ڕووبەری بەنداوەكە شەش ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجایە، بەرزییەكەی 70 مەتر و درێژییەكەی دەگاتە 512 مەتر، بەپێی ئامارێك لە هەرێمی كوردستان 21 بەنداوی گەورە و بچووك هەیە. پلانی درێژخایانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە لە كابینەی داهاتوودا ژمارەیەكی دیكە بەنداو لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دروست بكات.