وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، وردبینیكردن لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و خانەنشینان بەردەوامە و هەموو ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەكاتەوە كە باس لەوە دەكەن وەزیری دارایی عێراق ئامادەی كۆبوونەوەكان نەبووبێت.

ئەمشەو 1ی2ی2025 وەزارەتی دارایی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن تەیف سامی، وەزیری دارایی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان جێهێشتبێت ڕاست نین، بەڵکوو لە هەموو کۆبوونەوەکان بەشدار بووە و داوای کردووە دیداری هاوبەش لە بارەگای وەزارەتی دارایی بکرێت.

ئەوەش خراوەتە ڕوو: “لە بەیانی ئەمڕۆ تا درەنگانی شەو هەردوو لیژنەی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم بەردەوام لە كۆبوونەوەدابوونە بۆ ئەوەی وردبینی لەو داتا و زانیارییانە بكەن لە لیستەكانی خانەنشینی مەدەنی وگرێبەستەكان و چاودێریی كۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی بتوانرێت تەمویل بكرێن بە شێوەیەكی دروست.”

جەختیش کراوەتەوە تەییف سامی داوای کردووە وردبینی لە لیستەکان بکرێ و زوو هەموار بکرێ و ڕێکبخرێن.