خەبات – ساسان دەروێش
دیدگا نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پرسی کورد و چارەسەری ئاشتییانە و یەکلاکردنەوە، دیدگای گرنگ و مێژوویین لەهەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکدا هەمووان لە چاوەڕوانی بڕیار و هەڵوێستەکانی ئەون و هەر بڕیارێکیش بدات جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە بنەمای کارکردن، ئەوەی بینیومانە لەچەند ساڵی ڕابردوودا کردوویەتی بۆ کۆکردنەوەی لایەنه‌ کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ یەکدەنگی و بەهێزییان و بەردەوامی لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەدیش بە نەفەسێکی درێژ و هەڵوێستێکی نەتەوەییانە کردوویەتی درێژەی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی داوە بۆ ڕێماییکردنیان و یەکخستنیان، بۆ قسەکردن لە زۆر دیدگای جیاواز و پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان سعود مەلا حاجی ئەندام و بەرپرسی ڕێکخستنی هەرێمی بەنەلۆکس (بەلژیکا و هۆڵەندا و لۆکسمبورگ)ی پارتی دیموکراتی کوردستان -سووریا، لەدایکبووی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ خەبات قسه‌ی کرد.
سه‌ره‌تا سعود مەلا حاجی، سەبارەت بە ئازادکردنی سووریا و ڕەوشی دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد دەڵێت: لەدوای چاوەڕوانییه‌کی زۆر و خەباتێکی سەخت و خوێناوی، گەلی سووریا و کوردی ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی و ڕووخان و کۆتاییهاتن بە بنەماڵەیەکی دیکتاتۆر و خوێنڕێژی وەک ئەسەد لە سووریا، ڕەوشێكی نوێ پەیدا بووە لە سڕینەوەی ئاسەواری ئەو بنەماڵەیە، ئێمەی کورد دەمانەوێت ببینە هاوبەشی سووریا و ڕۆڵمان هەبێت و ناسنامە و پێگەی كورد دیاربێت لە نووسینەوەی دەستوور لەسووریا، كورد خاوەن بڕیار و قسە بێت، داهاتووی كورد دیار بێت و نەچەوسێنرێتەوە و چیتر پەراوێز نەخرێ و شووناسی ون نەکرێت، وەك هەر نەتەوەیەكی تر بوونی هەبێت و گرنگ بێت لەسەر خاکی زێدی خۆی و بەشدار بێت لە ئاوەدانی و بنیادنانه‌وه‌ی وڵاتەکەی و پارێزەری زمان و کولتوور و فەرهەنگی کوردی بێت کە دەمێک ساڵە زمان و خاک و فەرهەنگمان تەعریب دەکرێت، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە پەرە بە پەروەردە و زانست و خوێندنی کوردی بدەین و نەوەکانمان لەسەر وانەی کوردایەتی و خۆشەویستیی خاک و گەلەکەیان پەروەردە بکەین.
سعود مەلا حاجی ڕاشیگه‌یاند: بۆ گەیشتن بە کەشیکی ئارام و یەکگرتوو بۆ کورد پێش ڕووخانی بەشار ئەسەد و لە دوای ڕووخانی و هاتنە پێشەوەی ئەم هەلومەرجە بۆ سووریا و کورد، سەرۆك بارزانی دەیان جار گەورەیی نیشان داوە وەك خۆی، ئەو كارەی كردووە بۆ كۆكردنەوەی لایەنە كوردییه‌كانی ڕۆژئاوا و ڕێككەوتنیش كراوە، بەڵام دواتر دەستوەردان كراوە و كێشە دروست بووە، سەرۆك بارزانی هەموو كات دەیەوێ كورد یەك قسە و یەك گوتار بێت و مافەكانی بەدەست بێنێت، لەم كاتەدا كە سەرۆك بارزانی دەستپێشخەری نیشان داوە بۆ داهاتووی سووریا لەبارەی كوردی ڕۆژئاوا كارێكی گەورەیە و بەرز دەنرخێنرێت، هەروەها بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنه‌ کوردییەکان و ئامۆژگاری کردنیان بۆ یەک هێزی و چوونیان بۆ دیمەشق نوێنەری تایبەتی خۆی ناردە دیمەشق و پێشوازی گەرم لە داوکاریەکەی کرا و ئه‌و هه‌وڵه‌ش هاتنی مەزڵووم عەبدی لێکەوتەوە بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، خۆشبەختانە لە کۆبوونەوەکانی مەزلووم عەبدی و ئەنەکەسە هەردوولا جەختیان لە چوونی کورد بە شاندێکی هاوبەش و یەک دیدگا بۆ دیمەشق کردووەتەوە کە بەم نزیکانە ئەنجام دەدەرێت، تا زووتر ئەم یەکڕیزییە به‌دیبێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان باشترە و سەرۆک بارزانی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش ڕژدن لەسەر یەکڕیزیی لایەنه‌ کوردییەکانی ڕۆژئاوا، سوپاس بۆ سەرۆک بارزانی كه‌ هەوڵەکانی بەئەنجام گەیشتن و مێژوو شاهیدی لە دڵسۆزییان دەدات.
سعود مەلا حاجی سەبارەت بە چاوپێکەوتنە تایبەتەکەی ڕۆژی هەینیی 24ی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی لەگەڵ کەناڵی شەمس ئەنجامی دا دەڵێت: سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕایگەیاند قسەی باش و جوان لە سووریا دەبیستین هیوادارین ئەو قسانە ببن بەکردار، ئێمە مافی خۆمانە وریابین، چونکە قسە بە تەنیا بە ئەنجاممان ناگەیەنێت، بەڵکو دەرگەی کردار دەکاتەوە، هەروەها سەرۆک بارزانی لەهەمان چاوپێکەوتندا باوەڕی وایە گرنگترین شت کە ئێمە لە سیستمی نوێی دیمەشق چاوەڕێی دەکەین ئەوەیە کۆتایی بەم نەهامەتییانەی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بهێنێت، تاوەکو بتوانن ئازادیی خۆیان بەدەستبهێنن و هەست بە شکۆمەندی، هاووڵاتیبوون و مرۆڤایەتیی خۆیان بکەن. هه‌روه‌ها ئەوەی کە پەیوەندی بە گەلی کورد لە سووریاوە هەیە، سەرۆک بارزانی دەڵێت داوایان لێ دەکەین ڕێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر و داوا لە دیمەشقیش دەکەین لە تایبەتمەندیی کورد لە ناوچەکە تێبگات.
لە درێژەی قسەکانیدا سعود مەلا حاجی دەربارەی ئه‌وه‌ی كه‌وا وەک ڕێکخستنەکانیان لە ئەورووپا بۆ هەر پێشهاتێک چۆن خۆیان ئامادەکردووە، گوتی: یەکڕیزی قسەکردنی کورد بەشێوازێکی دروست دوای دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی و گەڕان بەدوای چارەسەردا بۆ یەکخستنی یەکگوتاری کورد و گوتارێکی زێڕین بۆ دیمەشق لە شاندێکی هاوبەشدا بۆ تێکەڵکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێم، هەڵبەتە ئێمەش وەک پارتەکەمان و ڕێکخستنی هەرێمی بەنەلۆکس (بەلژیکاو هۆڵەندا ولۆکسمبورگ)ی پارتی دیموکراتی کوردستان سووریا پیاداچوونەوەیەکی خیرامان بە ڕێکخستنەکانی خۆماندا کردەوە و کۆنفرانسمان ئەنجام دا بۆ هەرسێ وڵات لەیەک هەرێمی ڕێکخستندا، بەمەش کار و چالاکییەکانمان کۆکراوە و بەردەست دەبن لە ڕێکخستنی ڕێکخراوەکان بۆ هەر پێشهاتێکی باش و نەخوازراو پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەموو لایەن و پارتە کوردستانییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە و هاوکار و پشتیوانی یەکترین لەگەڵ دام و دەزگا و ناوەندەکانی ئەورووپاش پەیوەندییەکی دبلۆماسی و سیاسیی بەهێزمان هەیە و هه‌روه‌ها لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانیش هاوبەش و هاوکارین لەکار و چالاکییەکان.