وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا، ئاشكرای كرد كۆبوونەوەكە لە كەشێكی ئەرێنیدا بەڕێوە چووە و سبەی شەممەش بۆ چارەسەركردنی تێبینییە هونەرییەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە، كۆ دەبنەوە.
ئەمڕۆ هەینی 31/1/2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: لە شاری بەغدا بە سەرپەرشتیی دکتۆر فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتی خاتوو تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوە چوو.
وەزارەتی دارایی باسی لەوە كردووە: لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی هەردوو وەزارەت ئامادەی بوون، لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا، گفتوگۆ لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکیی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون، شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئەمساڵدا.
هەر لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە: لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) کرا و بە داتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکەدا خرایە ڕوو، هاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستە ڕوو، کە پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی 274 هەزار فەرمانبەر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە شیوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
ئاشكراش كراوە: بڕیارە سبەی شەممە کۆبوونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەرییانەی ماون، تا هەردوولا بگەنە ڕێكکەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025.