لە ڕاگەیاندراوێكدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی، وەڵامی “چەواشەكارییەكان”ی پەرلەمانتارێكی یەكێتی بە ناوی (غەریب ئەحمەد) دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێ لیستی مووچە پاك و بێكێشەیە.

دەقی ڕاگەیاندراوەكە:

چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ( knn ) پەرلەمانتارێکی عێراق لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ناوی (غەریب ئەحمەد) چەندان چەواشەکاری و ناڕاستی لەسەر لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕوو، لە پێناو چەواشەنەکردنی ڕای گشتی و خستنەڕووی ڕاستیەکان وەک خۆی بە پێویستمان زانی ئەم خاڵانە بخەینە ڕوو.

١- ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی مووچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بە شارستانی و سەربازی لە بەغدا و لە لیستی مووچە نزیکەی ٧٠٢ هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو ٧٥٠ هەزار ناوی دووبارە و مردووە لە کوێ جێ کراوەتەوە.

٢- تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە درێژایی ساڵی ڕابردوو هەرچی داواکاری و تێبینیی وەزارەتی دارایی عێراق هەبووە لەسەر لیستی مووچە چارەسەریان کردووە، ئەو داتا و زانییاریانەی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کورستانە، لە ١٩ وەزارەت و ٨ دەستە و سێ سەرۆکایەتی و یەکەکانی (٧٠) و (٨٠) دێت و دواتر لە وەزارەتمان وردبینی دەکرێت، واتە سەرجەم داتاکان دەبیت بە داتای حکوومەتی هەرێمی كوردستان نەک وەزارەتی دارایی، هیچ کەس و لایەنێکیان ئامادە نین بەبێ ئاگادارییان هیچ ناوێک زیاد و کەم بکرێت.

٣- بە درێژایی ساڵی ڕابردوو لە هیچ ڕاپۆرتێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و نووسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هیچ جۆرێک ئاماژە بەبوونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو بەناو پەرلەمانتارە باسی دەکات.

٤- بە پێویستی دەزانین لێرەوە ڕایبگەیەنین کە لیستی مووچەی هەرێمی كوردستان پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لە مانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە بیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەکچوو، کێشەی بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی داتا و زانیارییەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرانەوە.

٥- باشتر بوو ئەو پەرلەمانتارە پێش چاوپێکەوتنەکەی پرسیاری لە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکردایە کە لە ماوەی نزیکەی ١٠ ڕۆژدا دووجار لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر و بەغدا کۆ بووەتەوە، جەنابیان لە کوێ بووە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە پرسیار لە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکات بۆ وەرگرتنی داتا و زانیارییەکان، تا بزانێت ئەوە هەرێمی کوردستانە هەموو پابەندییەکانی خۆی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران جێبەجێ کردووە، نەک لە بێئاگاییەوە بێت ژمارەی ناڕاست و بێبنەما بخاتە ڕوو بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و فەرمانبەران.

٦- پرسی مووچە کێشەیەکی کۆن و گشتگیرە و تەنیا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکوو هەموو بابەتێکی تایبەت بە مووچە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت و هەموو لایەنە بەشداربووەکانی کابینەی نۆیەم بەپێی ڕێژەی خۆیان بەرپرسن لەو کێشەیە، نە وەزیری دارایی و نە وەزارەتەکەی هێزی سەربازی و پێشمەرگە و میلیشیای نییە، تەنانەت پارێزگاری وەزیر و وەزارەتیش لەلایەن هێزەکانی ناوخۆوە دەکرێت، بۆیە کاری بەناو زیادکردنی نەمردوو نەزیندوو نییە ، کێ خاوەنی ئەوانەن بەڕێزی ئەگەر دەوێرێت با بچێت پرسیاریان لێ بکات.

٧-جێی خۆیەتی بپرسین کاک غەریب نوێنەرایەتی کێ دەکات لە بەغدا!؟.

ئەگەر نوێنەری کوردە پێویستە پاساو بۆ مووچەو نان بڕینیان بهێنێتەوە و بەبێ بەڵگەش حکوومەتی هەرێمی كوردستان تاوانبار بکات، نازانین ئەم هەڵوێستانە دەبێت خزمەتی کێ بکات، ئایا بە ڕاستی جەنابیان نوێنەری کوردە لە بەغدا!؟.

بەڕێزیان دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات لە دادگە ئەم بوختان و ناهەقیانە بسەلمێنێت.

وەک وەزارەتی دارایی پێشتریش چەندین جار ڕامانگەیاندووە دەرگای وەزارەتمان بۆ پێدانی داتا و زانیاری کراوەیە، ئەگەر جەنابی دڵسۆز بوو، دەبوایە خۆی بەدواداچوونی بکردایە، نەک قسەی سەر تەلەڤزیۆن کە لە هەموو شتێک ئاسانترە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری

28/1/2025