وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تایبەت بەو مامۆستایانەی بڕیاری خانەنشینبوون دەیانگرێتەوە، بۆ مانەوەیان بۆ ئەم چەند مانگەی وەرزی دووەم، بیر لە رێوشوێنێكی چارەسەر كراوەتەوە و رەزامەندیی سەرەتایی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی كانوونی دووەم، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بڕیاری خانەنشینكردنی مامۆستایان و سەرپەرشتیاران وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت، بەڵام داوامان كردووە جیاوازییەك هەبێت لە پای ئەو خزمەتەی ئەو چەند مانگەی ماوە لە وەرزی دووەم مامۆستایان دەیكەن، پێیان بدرێت.
زیاتر گوتی، دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی سەرەتایی لەسەر ئەو چارەسەرە داوە، بەڵام دەمانەوێ لە چوارچێوەی نووسراوی فەرمی پێمان بگات.
ئالان حەمەسەعید روونیشی كردەوە، لەبارەی خانەنشینكردنی فەرمانبەرانیش، بڕیارەكە بەپێی گشتاندنەكەی وەزارەتی دارایی جێبەجێ دەكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو مامۆستایانەی ئێستە لە پۆلەكان وانە دەڵێنەوە، یان سەرپەرشتیاران، بە هەمان شێوە بڕیاری خانەنشینی دەیانگرێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بۆشایی دروست نەبێ و بەردەوام بن تا كۆتایی وەرز، لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لە خەتین. بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی و ئەركە وەزیفییەكان، دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیران قسەی لەسەر دەكرێ.