کۆبوونەوەکەی نێوان سه‌رۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی لێكه‌وته‌وه‌ و چاودێران و سیاسه‌تووانانی كورد و بیانیش به‌ بایه‌خه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانن و پاڵپشتیی ده‌كه‌ن له‌پێناو یه‌كخستنه‌وه‌ و یه‌كڕیزی كورد له‌ ڕۆژئاوای كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و ئاشته‌واییه‌وه‌.
نیعمەت داود، سکرتێری حزبی یەکسانی دیموکراتی لە سووریا، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاندووه‌: کۆبوونەوەکەی نێوان کاک مەسعود بارزانی و کاک مەزڵووم عەبدی، لەسەر دەستپێشخەری کاک مەسعود بارزانی بوو، هەنگاوێکی باش و یەکەم بوو بۆ هەوڵدان بۆ یەکخستن و یەکڕیزی کورد. گوتیشی: ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین، مافی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا بچەسپێنین، باشترین ئیدارەش بۆ سووریا لە داهاتوودا لامەرکەزییەتە، بۆ ئەوەی سووریایەک هەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان تێیدا بچەسپێت. تورکیا وڵاتێکی گرنگیی دراوسێیە و سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا هەیە، بۆیە دوژمنایەتیکردنی تورکیا خزمەت بە دۆسیەی ئێمەی کورد ناکات. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێمە وەک ئەنەکەسە لەگەڵ پەیەدە و هەسەدە ئەوەیە کە ئەوان دوژمنایەتی تورکیا دەکەن و بە دوژمنی دەزانن، کێشەی سەرەکیی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بوونی پەکەکەیە، تورکیا بەهۆی بوونی پەکەکەوە هێرش دەکاتە سەر هەسەدە و ناوچەکانی ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی ئەو بیانووە بۆ تورکیا نەمێنێت ئێمە داوامان لە هەسەدە و پەیەدە کردووە ڕاگەیەنراوێکی فەرمی دەربکەن خۆیان بێبەری بکەن لە پەکەکە، داوا بکەن ڕۆژئاوای کوردستان بەجێبهێڵن، ئەوکات ئەو بیانووە بۆ تورکیا نامێنێتەوە هێرش بکەنە سەرمان، دەبێت کورد لە ڕۆژئاوا وەک سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرێت کە سیاسەتێکی عاقڵانەی گرتەبەر کە ئێران و تورکیای نەکردە دوژمنی خۆی تەنانەت لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پەیوەندی باشە.
عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێر، پسپۆڕی پەیوەندییەکانی دەرەوه‌ بۆ هه‌مان سه‌رچاوه‌ ڕایگه‌یاندووه‌: کۆبوونەوەکەی کاک مەسعود بارزانی و کاک مەزڵووم عه‌بدی لەسەر دەستپێشخەریی هەرلایەک بووبێت، گرنگ بوو و دەبوو زوتریش ئەنجامبدرایە، باشترە کورد لە ڕۆژئاوا سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بە تایبەت لە بابەتی نووسینەوەی دەستووردا، من دەبینم هەمان ئەزموونی ساڵی 1979 ی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا، ئێستا هەمان شت بۆ ڕۆژئاوا ڕوو دەدات، ئێستا گرووپێکی ئیسلامی لە سووریا هاتوونەتە سەر حوکم کە زۆریش بەهێزن لە سووریا، بۆیه‌ کورد لە سووریا نابێت داواکاریی خۆی بە شێوازێک بخاتەڕوو کە دژی ئەو بۆچوونەی ئێستا لە دیمەشق هەیە. گوتیشی: ئێمە نابێت بڵێین، تورک دوژمنمانە، بەو عەقڵیەتە بیر بکەینەوە، دوژمنێکی زۆر گەورە بۆ خۆمان دروست دەکەین، دەبێت واقیعبین بین، تورکیا وڵاتێکی بەهێزە، دەبێت چۆن باشووری کوردستان خۆی لەگەڵ تورکیا گونجاندووە، ڕۆژئاوای کوردستانیش دەتوانن دڵنیایی بدەنە تورکیا لەبارەی ئەوەی نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا کە ئەوەش لە ڕێگه‌ی ئەمەریکییەکان و کاک مەسعودەوە ئەوان دەتوانن ئەوە بکەن، من کوردم بە ڕاستی دەڵێم بەدیلی ئەردۆغان هەر ئەردۆغانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد، پێویستە کوردیش بە عەقڵیەتێکی تر مامەڵە لەگەڵ ئەم حکوومەتەدا بکەن. کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان دەتوانن ڕۆڵێکی باش ببینن.
پەرویز ڕەحیم، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی و مامۆستای زانکۆ ده‌ڵێت: کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دوو کاره‌کتەری نادەوڵەتین، بەڵام زۆر گرنگە، چونکە لەڕووی دیپلۆماسییەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێک لە ئەرک بگرێتە ئەستۆ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان . گوتیشی: کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، جگە لەوەی پێویستی بە دانوستانی کوردی-کوردی، هەروەها کوردی-عەرەبی هەیە، لە هەمان کاتدا پێویستمان بە دانوستانی کوردی-تورکی هەیە، لێرەدایە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوان ببینێت، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژئاواش پێویستی بەوە هەیە، سەرۆک مەسعود بارزانی دەتوانێت بەم پێگە و ڕەوایەتییەی هەیەیەتی، ڕۆڵی ناوبژیوانی ببینێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هێنانەکایەی دانوستانی کوردی-کوردی، هەروەها کوردی-عەرەبی، بە تایبەت کە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی درێژ و زۆری هەیە لەو ڕووە.
د. په‌روێز ڕه‌حیم ده‌شڵێت: ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەشێکی هۆکاری دەستوەردانی دەرەکییە کە ئەمەش بۆ ئێمە وەک کەسانی ئەکادیمی هەتا ڕادەیەک بە واقیعبینی دەڵێم ئاساییە، چونکە ئەکتەری نادەوڵەتی بۆ مانەوەی خۆی لەم ژینگە شلۆقەی هەیە پێویستی بە پاڵپشتیی ئەکتەری هەرێمی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا هەیە، کە لە دیراساتی ئاسایشی دەوڵەتی بە هێشووییەکی ئەمنی دەناسرێت و لقی لێ دەبێتەوە لە شام، دەکرێت دڵەڕاوکێکانی تورکیا جا چ حەق یاخود ناحەق بێت لە ڕۆژئاوا دەبێت بڕەوێنرێتەوە، چونکە تورکیا لە هاوکێشەکانی سووریا و ناوچەکەدا ئەکتەرێکی بەهێزە. گوتیشی: ئەم قۆناغە بۆ کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هەم هەڵگری دەرفەتە و هەم مایەی مەترسییە، ئەگەر بیکەمە ڕێژە، ئەوا ئەگەری دەرفەتەکە لەبەردەم کورد زیاترە، چونکە ڕژێمی سیاسی لە سووریا ڕووخاوە، ڕووسیا و ئێران هەتا ڕادەیەک ڕۆڵیان نەماوە، جێگۆڕکێ بە ئەکتەرەکان کراوە لەو وڵاتە، بە تایبەتی ئێستا ئیسرائیل هاتووەتە ناو هاوکێشەکانەوە کە هەتا ڕادەیەکی زۆر دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەمەریکاش لە سووریا هەبێت، ئیسرائیل کە بە گوتەی خۆیان لە 80% توانا سەربازییەکانی سووریای لەناو بردووە، لانیکەم بۆ 10 ساڵ دەوڵەتێکی بەهێزی ناوەندی نامێنێت کە مەترسیی جددی بێت بۆ سەر کورد و دووبارە باڵانسی هێز لە نێوان تورکیا و ئێران ڕووبداتەوە کە ئەمەش لە قازانجی ئەکتەری نادەوڵەتییە، بۆیە لێرەدا دەڵێم دەرفەت بۆ کورد زیاترە لە هەڕەشەکان.