ئاسایشی هەولێر لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەك رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان.

ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆی تێكدانی بەشێك لەو كێڵگە كشتوكاڵییانەی بڵاو كردووەتەوە كە دەكەونە سنووری هەولێر و بەرهەمەكانیان بە ئاوی پیس ئاو دەدرێت، ئاسایش نووسیوویەتی ئەمەیش یەكێكە لە هۆكارەكانی پیسبوونی خاك و كاریگەریی تەواوی هەیە لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان.

ئاسایش دڵنیایی داوە، هەوڵەكانیان بەردەوامی دەبێت و هاوكات دوێنێش پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە كە 800 دۆنم زەویی تر و زیاتر لە 100 خانووی پلاستیكی، كە بەشێوەی زێدەڕۆ لەسەر ئاوی زێراب و ئاوەڕۆ و ئاوی قورس دروست كرابوون تێكدرا و پاك كرایەوە، كە تێیدا سەوزەی بە ئاوی پیس لێ بەرهەم دەهێنرا.