
خەبات- ڕۆشنا عەلی
دوای بڕیارەكەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ خانەنشینكردنی لەدایكبووانی ساڵانی 1962،1963،1964 و ئەوانەشی تا ڕێكەوتی 31-12-2025 ماوەی تەمەنی یاساییان دەبێتە 60 ساڵ و لەبارەی ئەو كێشانەی لە دەرئەنجامی ئەم بڕیارەوه بۆ وەزارەتی پەروەردە دروست دەبێت، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات ڕایگهیاند: ئەو بڕیارە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، لایەنە نەرێنییەكەی ئەوەیە كۆمەڵێك فەرمانبەر و مامۆستای خاوەن ئەزموون دوور دەكەونەوە لە پرۆسەی خوێندن، بەتایبەتیش مامۆستایانی بابەتە زانستییەكان كە زۆر پێویستمان پێیانە، لە بەرانبەر ئەوەشدا دەبێت كار بۆ بەهەمیشەییكردنی ئەو مامۆستایانە بكرێت كە ئێستا گرێبەستن، بۆ ئەوەی بێنە شوێنی ئەوان و دەرفەتی دامەزراندنی زیاتر بۆ گەنجەكان بكرێتەوە، چونكە ژمارەیەكی زۆرن ئەوانەی خانەنشین دەبن، لەدایكبووانی سێ ساڵ و ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی ئەمساڵ تەمەنیان دەبێتە 60 ساڵ، لە هەرێمی كوردستان بە نزیكەیی 25 هەزار كەسن و ئەو ژمارەیەش زۆرە بۆ تەواوی وەزارەتەكان، بەڵام زۆرترین ژمارەی ئەوانەی خانەنشین دەبن، لە سێكتەری پەروەردەن.
لهبارەی ژمارەی ئەوانەی لە كەرتی پەروەردە خانەنشین دەبن، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتیشی: كاریگەرییەكەی لەسەر وەزارەتی پەروەردە زۆرترە، چونكە وەزارەتەكانی تر ڕەنگە وەك وەزارەتی پەروەردە هەستیار نەبن، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە نزیكەی 10 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر خانەنشین دەبن، بەڵام ئەوە ئامارێكی ورد نییە، بێگومان ئەوەش لەم كاتەدا كێشە بۆ میلاكاتی قوتابخانەكان بەگشتی و پسپۆڕییە زانستییەكان بەتایبەتی دروست دەكات، بەبۆچوونی ئێمەش دەبوو شتێك بكرایە، ئەو مامۆستایانە تا كۆتایی وەرزی دووەم بەردەوام بوونایە.
سەبارەت بەوەی لەناو خانەنشینانی وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەكی زۆری سەرپەرشتیارانیش خانەنشین دەبن و هاوكات یەدەگێكی زۆر هەن چاوەڕێی بڕیاڕێكن، ئایا پێویستیی سەرپەرشتیار بەو ڕادەیە دەبێت كە ژمارەیەكی زۆری یەدەگەكان دابنرێن؟ ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت: بێگومان ئەوە مژدەیەكی باش دەبێت بۆ یەدەگەكان، ئیشمان لەسەر ئەوە كردووە و كاتی خۆیشی بۆ وەڵامی ناڕەزایی یەدەگەكان لەگەڵیاندا دانیشتم و گوتم ئەگەر خانەنشینی گشتی بكرێتەوە، ئەوە سەدا سەد ئەوان دادەنرێن و خۆشبەختانەش كە ئێمە یەدەگمان هەیە، چونكە ئەوانەی خانەنشین دەبن بەشێكی زۆریشی سەرپەرشتیارانن لە سنووری هەموو پەروەردەكان، هەرچەندە یەدەگەكانیش قوتابخانە چۆڵ دەكەن، بەڵام ئەگەر ڕێكخستنەوەی میلاكات بە باشی بكرێت هیچ كێشەیەك دروست نابێت. لهبارەی ئەوەشی كە ئایا ئەو 38 هەزار وانەبێژەی كرانە گرێبەست، ناتوانێت قەرەبووی یەدەگەكان بكاتەوە؟ سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتی: ئەگەر ڕێكخستەوەیەكی باشی میلاكات بكرێت زۆر بە باشی دەتوانرێت هەم یەدەگەكان دابنرێن و هەم كێشەكی گەورە بۆ پەروەردە دروست نەبێت.