ئامادەكردنی – حەمە ئەحمەد جاف
دوای ئەوەی مامۆستای نووسەر وەرگێڕو ڕەخنەگری ناوداری كورد ( دكتۆر كەمال غەمبار) لەبەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 2024/12/30 دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی ماڵاویی لێكردین و جێی هێشتین و لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا لەشاری (كۆیە) ی ماڵبات و زێدی شیرینی خۆی بە خاك سپێردرا.
مەرگی ناوادەی مامۆستا كەمال غەمبار كەلێنێكی گەورەی خستە ناو فەرهەنگ و ئەدەبیات و ڕۆشنبریی وڕەخنەی كوردیمانەوە بەمەرگی ئەو پیاوە مەزنە، قەڵەمی كوردی و كتێبخانەی كوردیمان بێنازو هەژار بوو .
شایانی باسە مامۆستا یەكێك بوو لەقەڵەمە جوانەكانی شیعرو نووسینی ڕەخنەو ئەدەبیات، هاوكات زانا و پسپۆڕو مامۆستایەكی ئازاو زیرەك و بەهەڵوێست و نیشتیمانپەروەرو تێكۆشەرو شۆڕشگێڕە ناودارەكانی كوردستان، تێكۆشەرو شۆڕشگێڕ لە بواری سیاسی و شارەزاو زانستخواز لەبواری پەروەردەیی، و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
ژیاننامەی
دكتۆر كەمال غەمبار
مامۆستای نووسەر وەرگێڕو ڕەخنەگری ناسراوی كورد ناوی تەواوی ( كەمال حوسێن ئەحمەد كۆیی) ناسراو بە (دكتۆر كەمال غەمبار) لە ساڵی 1937 لەشاری كۆیە ی سەربە پارێزگای هەولێر چاوی گەشی بۆ ژیان كردۆتەوە . لە ساڵی1945دا چۆتە بەرخوێندن لە قوتابخانەی كۆیسنجەقی دووەم لە شاری كۆیە
لە ساڵی1957 خوێندنی ئامادەیی لە هەولێر تەواوكردووە.
لە دوای تەواوكردنی خوێندنی ئامادەیی لە بەشی زمانی عەرەبی لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی بەغدا وەرگیراوەو ساڵی 1964 تەواوی كردووەو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی عەرەبی بەدەستهێناوە.
ــ بۆیەكەم جار لەشاری (عەمارە) ی باشووری عێراق بە مامۆستا دامەزراوە.
مامۆستا كەمال لە شەستەكانەوە تا نەوەتەكانی سەدەی ڕابڕدوو، لە چەندین قوتابخانەی دواناوەندی و ئامادەیی لە هەردوو شاری بەغداو هەولێر، ئەركی پەروەردەو فێركردنی گرتۆتە ئەستۆ،پاشان بەهۆی توانا وپسپۆڕیی و لێهاتوویی خۆی وەكو نووسەرو بەڕێوەبەری نووسین لە گۆڤاری وەزارەتی پەروەردە و ڕاوێژكاری پەروەردەیی خزمەتی زۆری پێشكەش بە بواری پەروەردەو فێركردن كردووە. هەروەها لە دانان و وەرگێڕانی بەدەیان كتێبی تایبەت بە پڕۆگرامەكانی خوێندن بەشداریكردووە .
مامۆستا كەمال یەكەم نووسینی ئەدەبی خۆی لە ساڵانی پەنجا بڵاوكردۆتەوەو خاوەنی دەیان كتێبی چاپكراوە. ماوەی چەند ساڵێك بۆتە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد، دوای شەهید بوونی ڕەوانشاد مەهدی خۆشناو سەرۆكی لقی هەولێر، مامۆستا كەمال بۆماوەی چەند مانگێك بۆتە سەرۆكی لقە (بەوەكالەت).
* مامۆستا كەمال لە دیدارێكی ڕۆژنامەنووسیدا دەڵێت:
ــ من لە رێگای گۆڤاری گەلاوێژەوە فێری خوێندنەوە‌و نووسین بووم. لە بیرمە لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووم دەفتەرێكی سەد پەڕەییم بۆ خوێندكارێكی دەوڵەمەند نووسییەوە بەرانبەر ژمارەیەك گۆڤاری گەلاوێژ. ئیتر چەند هەوڵێكی سەرەتاییم لە بواری شیعردا دەست پێكرد، بەڵام كە گەیشتمە قۆناغی دواناوەندی لەبیرمە لە پۆلی چوارەمدا یەكەمین شیعرم بە عەرەبی نووسی كە ئەمە دەقەكەیەتی:
حبیبتی انی الیك لمحتاج
ان سوق جمالك لها رواج
انت التی تنیرین مشاعری
ولتبدید ظلمە قلبی سراج
وانا كالفراش اگوف حولك
وأنت أمامی كالمصباح وهاج
لقد قیل ان الحب جریمە
وما عقابها الا الزواج
هەروەها دەڵێت : ئەمە سەرەتای دەست پێكردنم بوو بە شیعری عەرەبی. یەكەمین شیعری كوردیم ساڵی 1956 بڵاو كردۆتەوە لە گۆڤاری (ئێزاگه‌ی بەغداد) كە ئەمە نموونەیەتی:
گوڵ‌و گوڵزار، شنەی شەماڵ
زەردەخەنەی جوانی منداڵ
ئاسمانی ساو‌، دووچاوی كاڵ
هەموو جوانن وەكو بەهار
شادی دڵن، دڵی غەمبار
بەڵام سۆزی دایكی نازدار
زیاتر دڵ ئەكا، بەختیار
هەرلەو دیدارەشدا مامۆستا سەبارەت بە نووسینی ڕەخنەو ڕەخنەسازی دەڵێت:
– یەكەم نووسینی ڕەخنەی ئەدەبیشم بە زمانی عەرەبی بوو، لە ساڵی 1973 لەبارەی (عەبدوڵڵا پەشێو) .
مامۆستا كەمال لە حەفتاساڵی تەمەنیدا، دوو بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرای بەدەستهێناوە. هەردوو نامە ئەكادیمییەكەشی بە زمانی عەرەبی نووسیوەو وەكو كتێبیش چاپكراون، یەكەمیان، ماستەرنامەكەیەتی بە ناونیشانی: (عبدالله گوران رائدا و موسسا لحركة تجدید الشعر الكوردی ــ عەبدوڵلا گۆران پێشەنگ ودامەزرێنەری بزاڤی نوێكردنەوەی شیعری كوردی)
دكتۆرانامەكەشی لەژێر ناونیشانی (احمد سالار رائدا و موسسا للمسرح الاحتفالی الكوردی المعاصرــ ئەحمەد سالار پێشەنگ و دامەزرێنەری شانۆی ئاهەنگسازی هاوچەرخی كورد)
مامۆستا لە ساڵی2006دا وەكو ڕاوێژكاری پەروەردەیی لە ئەنجومەنی وەزیران خانەنشینكراوە.
لە ساڵی1967 ژیانی هاوسەری پێكهێناوە،خاوەنی پێنج كوڕو كچە بەناوەكانی( هێمن، مەزن، سیاكۆ، ساز، ڕاز)
مامۆستای نەمر ساڵانێكی دوورودرێژ، تەمەنی خۆی لە بواری رۆشنبیری و پەروەردە پێشكەش بە رۆڵەكانی گەلەكەی كردووەو لەونێوانەشدا خەرمانەیەك لە كتێبی ڕەخنەو ڕەخنەسازی و لێكۆڵینەوە و نووسین و وەرگێڕانی ئەدەبیشی پێشكەش بە كتێبخانەی كوردی كردووە.
* سەرچاوەكان:
* ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان /مەغدید حاجی / ژیان و بەرهەمی مامۆستا كەمال غەمبار.
* خۆم و ئەستێرە گەشەكان /بەرگی دووەم / دكتۆر كەمال غەمبار / نەجمەدین عەزیز سمایل /2022 .
* پەیجی (دەنگەكان) /دیدارێك لەگەڵ دكتۆر كەمال غەمبار 2013