سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا كۆ بووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/1/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆ بووەوە، لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا.
وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستە ڕوو.
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوە دا کە کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان، “دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.”
وەزیری دەرەوەی سووریا، هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی: “هیوادارین کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین.”
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە: “پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بە لای ئێمەوە زۆر گرنگە، لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا.”
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.











