ترامپ لە کۆشکی سپییەوە چی دەکاتە دیاری بۆ ئێران؟

160

د. سامان سۆرانی
ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی هاتنە سەر دەسەڵاتی چل و حەوتەمین سەرۆکی نوێی ئەمریکایە، تەواوی جیهان چاوی لەسەر بەڕێوەچوونی ئەم بۆنە گرینگەیە، کە دەتوانێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو کاریگەری هەبێت لەسەر زۆر گۆڕانکاری لە جیهان، هەر لە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بگرە، تا دەگاتە جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، بەڵام لە پاڵ ئەوانەوە ئەوەی گرینگە بۆ ناوچەکە، سەرۆکی نوێ چی بۆ ئێران هەیە:

ترامپ بەنیازە پاش دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی ڕێکەوتنێکی نوێ پێشکەش بە ئێران بکات، کە ئاراستە سیاسییەکەی بریتییە لە دوورکەوتنەوەی ئێران لە هەر تێکدانێکی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و دەستبەرداربوونە لە هەر پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنێکی میلیشیا چەکدارەکان و ڕاگرتنی چالاکی سەربازی و دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکانی ناوچەکە و پاراستنی هاوسەنگی ستراتیژ و بەرژەوەندی نێودەوڵەتیییە لە تەنگەی هورمز و دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و ڕێگریکردنە لە هەر چاکالی و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی، کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بازرگانی نێودەوڵەتی و ئابوری جیهانی.

ڕێکەوتنە سیاسییەکە بریتی دەبێ لە پابەندبوونی ئێران بە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرهەمهێنانی سانتریفیوژ، لە بەرامبەردا توندنەکردنی کارڕاییەکانی ئەمریکا و بڕیارەکانی پەیوەست بە ڕووبەڕووبوونەوەی تاران و سیاسەت و ڕەفتارەکانی، ئەم پێشنیارەی ئەمریکا دەرفەتێکی مێژوویی و گۆڕانکارییەکی سیاسی گەورەیە، کە دەبێت سەرکردایەتی ئێران بەجدی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، دوور لەسیاسەتی کەلەشەقی و نیشاندانی دەسەڵات، بەڵکو بەکارهێنانی ژیری و هەڵسوکەوتی باش و ئارام و دەستپێکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێتوانا نییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، بەڵام پێیوایە پاراستنی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکان، کە سەرۆک ترامپ هەوڵی بۆ دەدات.

کەمکردنەوەی ململانێ و قەیرانەکانی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە هەر ڕووبەڕووبونەوەیەکی داهاتوو بەهۆی سیاسەتی کاریگەری و فراوانبوونی ئێرانەوە، بە کرداری مانای پاراستنی ئامانج و دەستکەوتە سیاسییەکانی ئەمریکایە، لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و ڕێگریکردنی هەر حاڵەتێکی هەڕەشەیە، کە لەوانەیە بە هۆکاری کەمتەرخەمی ئێران ڕووبدات.

بەتایبەتی کە تاران هەستی بەوە کردووە کە دۆڕاندن و شکان لەباشووری لوبنان و دەرچوونی لەسوریا و قووڵایی ستراتیژی و ئەو پردەی کە درووستی کردبوو تا بۆ گەیشت بە لوتکەی پڕۆژە هەرێمییەکەی، کە هیلالی شیعە بوو، ئەگەر ئێران ئەم پێشنیارەی سەرۆکایەتی ئەمریکا جێبەجێ نەکات، ئەوا ڕووبەڕووی کارێکی سەخت و ململانێیەکی بەردەوام دەبێتەوە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی لەناوچوونی سیستەمی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئامرازانەی، کە بەدەستییەوە ماوە و وای لێ بکات جوڵەی هاوبەشەکانی ئیفلیج بێت و ئیرادە و هێزی لەمامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری ناوخۆیی خۆیدا لاوازبێت.

سەرۆک ترامپ کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەیران و مەترسییانەی، کە لەم ناوچەیە هەیە و کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی دەکات، ئینجا دواتر بەشێوەیەک هەنگاو دەنێت، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیدارەکەی بکات، ئەگەر بە ئەرێنی وەڵامی نەدرێتەوە.

ئێران ئاگاداری سروشت و نیازەکانی ئیدارەی ئەمریکایە بەرامبەری و دەزانێ چۆن کار بۆ سنووردارکردنی سیاسەتی دەرەوە و ڕەفتارەکانی دەکرێت، دەبێ ئێران ڕۆژانی داهاتوو لە وڵاتەکەی بە چ ساڵژمێرێ بخوێنێتەوە؟